"كورد هاتن" كارێكی هونەریی هاوبەشی حەسەن شەریف و ئەمین بۆتانییە

سروودی "كورد هاتن" لە تێكست و ئاوازی شاعیر ئەمین بۆتانی و لە وتنی هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەسەن شەریفە، كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان گوتراوە و بەم نزیكانە بڵاودەكرێتەوە.
حەسەن شەریف، بە دەزگاكانی راگەیاندنی راگەیاند، ئەم سروودە لە تێكستی ئەمین بۆتانییە كە ناوەرۆكێكی زۆر جددی هەیە و ئاوازێكی زۆر خۆش و جیاوازە و رۆح و ستایلێكی كوردیانەی هەیە، بۆ رەوشی ئێستای كوردستان گوتراوە و رووناكییەكە بۆ بەرەو دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی، گوتیشی "ئێمە ئەم بەرهەمە دەكەینە دیاری بۆ قۆناغی ئێستای كوردستان، كە قۆناغێكی رووناك و ئومێد بەخشە".
ئەم سروودە بەناوی "كورد هاتن"ـە، لە ئەستەنبۆل كاری تۆماركردنی بۆ كراوە، حەسەن شەریف گوتی "لە ئێستادا بەنیازە بچێتە وڵاتی توركیا بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بخاتە سەر موزیكەكە و لە كۆتایی ئەم مانگەدا بەرهەمەكە بۆ بڵاوكردنەوە ئامادە دەبێت".
شەریف، پێشتر سروود و گۆرانی دیكەی پێشكەش بە نیشتمان كردووە، لەبارەی جیاوازی ئەم بەرهەمەیەوە گوتی "هەموو كوردێك لەم بەرهەمەدا خۆی تێدا دەبینێت، مزگێنییەكە بۆ گەلی كورد، بۆ شەهید و بۆ سەركردایەتی كورد و بۆ بەرەو سەربەخۆیی كوردستان".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوان لە رووی داراییەوە توانای ئەوەیان نییە ڤیدیۆ كلیپێكی باش بۆ بەرهەمەكە بەرهەم بێنن، بەڵام لە رێگەی دەرهێنەر شینوار كەمال رێكەوتونە كە سوود لە ئەرشیف و وێنە وەربگرن وەك بەرهەمێك بۆ كەناڵە بینراوەكان.
حەسەن شەریف، سڵاوی خۆیشی ئاراستەی پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان كرد كە بەرگریكاری نیشتمانن بۆ ئەوەی هەموو لایەك بە ئازادی و خۆشی بژین.
Top