لالە ئەسكەندەری ئەكتەری ناسراوی ئێران: زۆر ئارەزوو دەكەم لە فیلمێكی كوردیدا بەشداری بكەم

لالە ئەسكەندەری ئەكتەری ناسراوی ئێران: زۆر ئارەزوو دەكەم لە فیلمێكی كوردیدا بەشداری بكەم
لالە ئەسكەندەر یەكێك بوو لە میوانە دیارەكانی یەكەم فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی هەولێر، لالە جگە لە نواندن لە بواری فۆتۆگرافی و مۆزایكیشدا رۆڵی هەبووە و بە یەكێك لە ئەكتەرە سەركەوتووەكانی ئێران دادەنرێت، لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.



• سەرنج و تێبینیت چییە دەربارەی فیلمە كوردییەكان ئەوانەی لە فیستیڤاڵەكە بینیت و چۆن هەڵیاندەسەنگێنی؟
- ئەمە یەكەم سەردانی منە بۆ كوردستان و هەولێر، ئەوەی سەرنجی راكێشام ئەوەیە كە ئەم وڵاتە خاوەن توانایەكی زۆرە و لەرووی تەكنەلۆژیا و بیناسازییەوە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەست دەكەم ئەو پێشكەوتنە لە رووی هونەر و فیلمەوە بە هەمان شێوەی پێشكەوتنی بوارەكانی دیكە نییە، بۆ نموونە كەسێكی وەكو بەهمەنی قوبادی هەیە كە ئەویش كوردە و زۆریش سەركەوتوو بووە لە كارەكانی و فیلمەكانی لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا نمایش دەكرێن و بەردەوام خەڵاتی جیهانی بە دەست دەهێنن، ئەمەش وایكردووە كە ئێران و كوردستانی ئێران و كوردستانی عێراقیش شانازیی بە كارەكانییەوە بكەن، ئەوەی لە كۆتایی ئەم فیستیڤاڵە تێبینیم كرد ئەوەیە كە رێگایەكی زۆر لەبەردەم سینەماكارانی كورد ماوە، بەڵام هەنگاوی یەكەم هاوێژراوە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ بەردەوام بوون و سەركەوتن.
• وەك سینەماكار و ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموونی ئێرانی، چ كەموكوڕییەكت لە فیلمە كوردییەكان بەدی كرد كە زیاتر سەرنجی راكێشابیت؟
- ئەوەی راستی بێت من لە نزیكەوە زانیارییەكی زۆرم دەربارەی سینەمای كوردی و وردەكارییەكانی نییە، بۆیە ناتوانم وەڵامێكی راستی ئەمەت بدەمەوە بە جۆرێك بتوانم لایەنە خراپەكان یاخود كەموكوڕییەكانی سینەمای كوردی دەستنیشان بكەم، بۆیە پێویستە زیاتر لە نزیكەوە ئاگادار بم بۆ ئەوەی ئاشنایەتی زیاترم هەبێت دەربارەی سینەمای كوردی، ئەگەرچی ئاگاداری ئەوەم كە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت لە كوردستان، بە هەر حاڵ وەك پێشتریش وتم من لەبەر ئەوەی زۆر فیلمی كوردیم نەبینیوە ناتوانم حوكم لەسەر لایەنە باش و كەموكوڕییەكانی سینەمای كوردی بدەم.
• وەك خۆت وتت زۆر فیلمی سینەمایی كوردیت نەبینیوە تا ئێستا، بەڵام لەو فیلمانەی كە بینیوتە تێبینی هیچ نزیك بوون و لێكچوونێكت كردووە لە نێوان سینەمای كوردی و سینەمای ئێرانی كە بۆ تۆ مایەی سەرنجڕاكێشان بێت؟
- من پێموایە سینەمای ئێرانی و كوردی لە زۆر رووەوە هاوشێوەی یەكترن بەتایبەتی لە بواری فەرهەنگ و كەلتوورەوە، چونكە ژیان و كۆمەڵگاكانمان زۆر لە یەكترییەوە نزیكن، هەروەها لە رووی ئەدەب و فەرهەنگیشەوە كوردستانی ئێران و عێراقیش زۆر لە یەك نزیكن و ئەم لێك نزیك بوونەش وا دەكات كە جیاوازییەكی زۆریان لەگەڵ فەرهەنگ و كەلتووری ئێرانیش نەبێت، من ئەو چەند رۆژەی لێرە بووم تێبینیم كردووە كە لە زۆر رووەوە ئێمە جیاوازیمان نییە، لە جلوبەرگ و گۆرانی و سەما و تەنانەت قسە كردن و رەفتار و هەڵسوكەوت و شێوەی ژیانی ئێوە زۆر زۆر لە هی ئێمە نزیكە و شتێكی نامۆ نییە بۆ كەسێكی ئێرانی، بە رای من ئەم نزیك بوونەوەیە وادەكات كە فیلم و دراما ئێرانییەكان لە كوردستان جەماوەرێكی زۆریان هەبێت، بە هەمان شێوە دڵنیام ئەگەر كارە هونەرییەكان و فیلمی كوردی بگاتە ئاستێك كە بنێردرێن بۆ ئێران و لەوێ نمایش بكرێن بێگومان جەماوەری ئێرانی پێشوازییەكی گەرمی لێدەكات، چونكە هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان ئەم دوو فەرهەنگە نابینێت و خاڵە لێكچووەكانیان زۆر زیاترن لە خاڵە جیاوازەكانیان، بۆیە من وای دەبینم لە ئاییندەیەكی نزیكدا تێكەڵی و پێوەندییەكانمان بەرەو پێشچوونێكی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت جا لە بواری سینەما و فیلم بێت یان لە بوارەكانی دیكەی ژیان بە گشتی.
• ئێمە باسەكەمان زیاتر دەربارەی نواندن و سینەمایە، ئەو نزیك بوونەی تۆ باسی دەكەی تا ئێستا لە فیلمە سینەماییەكان رەنگی داوەتەوە و سینەماكارانی هەردوولا سوودیان لەو خاڵە وەرگرتووە؟
- وەڵامی ئەم پرسیارە دیسان دەمگەڕێنێتەوە سەر پرسیارەكەی پێشووت، چونكە من لەبەر ئەوەی فیلمی كوردیم زۆر نەبینیوە ناتوانم حوكمێكی لەو شێوە بدەم، بەڵام ئێستا دەرفەتێكی باش لە ئارادایە بۆ ئەوەی سینەماكارانی هەردوولا ئاشنایەتیی زیاتریان دەربارەی كارەكانی یەكتری هەبێت، بۆ من بەداخەوە تا ئێستا ئاشنایەتییەكی زۆرم لەگەڵ سینەماكارانی كوردیش نییە، هیوادارم لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەم دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ كە فیلمی كوردی زیاتر ببینم و بتوانم لایەنە باش و كەموكوڕییەكانی دەستنیشان بكەم، لە هەمان كاتدا خاڵە نزیك و لێكچووەكانی نێوان سینەمای هەردوو وڵات بزانم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودیان لێ وەربگرین.
• ئێمەی كورد چۆن بە چ رێگایەك دەتوانین سوود لە سینەمای ئێرانی ببینین لە كارە سینەماییەكانی خۆماندا؟
- سینەمای ئێرانی لە ساڵانی رابردوو نەك لەسەر ئاستی ناوچەكە بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی هەنگاوی زۆری هاوێشتووە، ئەمەش بووەتە مایەی ئەوەی كە لەسەر ئاستی جیهان سوودی لێ ببینرێت، زۆر لە سینەماكارە ئێرانییە ناودارەكان ئامادەن لە دەرەوەی ئێران كار بكەن، ئێستا یەكێك لە گرفتەكانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی نەبوونی بودجەی پێویستە، پێموایە ئەگەر سینەماكارانی ئێران و كوردستان هەماهەنگی یەكتری بكەن لە چەند كارێكی هاوبەشدا دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنی سینەمای كوردی بە جیهان، لە هەمان كاتدا ئەم هەماهەنگییە سوودی بۆ سینەماكارانی ئێرانیش دەبێت.
• ئەو هەماهەنگییەی كە تۆ باسی دەكەی تەنیا لە بواری بودجە دەبێت یاخود لە بواری ئەكتەر و وێنەگرتن و سیناریۆ نووسین واتە لە لایەنە تەكنیكییەكانیش هەماهەنگی دەكەن؟
- ئەگەر فیلمەكان لەگەڵ مەرج و رێنماییە پەیڕەو كراوەكانی ئێران بگونجێن و سەرپێچیی نەكەن پێموایە دەتوانن كاری زۆر جوان و بەرز بەرهەم بهێنرێت لەنێوان هەردوو لادا، لە ئێستادا بە نزیكبوون و لێكچوونی فەرهەنگی هەردوو لادا دەتوانرێت سیناریۆی جوان بنووسرێتەوە بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران بكرێت دەتوانرێت ئەم كارە بكرێت، من خۆم حەزم دەكرد ئەو دەرفەتەم بۆ دروست بێت كە بتوانم بێم لەو وڵاتە لە كارێكی سینەماییدا بەشداری بكەم، بەڵام ناتوانم لە هەر كارێكدا بێت بەشداری بكەم، ئومێدەوارم لە داەاتوودا ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت لە فیلمێكی كوردی یان فیلمێكی هاوبەشدا بەشداری بكەم و رۆڵ ببینم.
• دوایین كارت چی بوو ؟
- دوایین كاری هونەریم كە بەشداریم تێداكرد زنجیرەیەكی تەلەفزیۆنی بوو بۆ تەلەفزیۆنی ئێران تۆمارمان كرد بەناوی( دولتی مخفی) كە باس لە سەردەمی جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەكات و 26 ئەڵقەیە ئەگەر بە هەڵە نەچووبم لە پاییزی ئەم ساڵ دراماكە نمایش دەكرێت.

پرۆفایل

لالە ئەسكەندەر ساڵی 1975 لە توربەت حەیدری لە دایكبووە لە زانكۆی ئازادی ئیسلامی لە تاران لە بواری گرافیكیی خوێندووە، هەروەها فۆتۆگراف بووە و چەندین پیشانگای فۆتۆگرافی كردووەتەوە و لە تاران كاری مۆزایكیشی كردووە بۆ ماوەی 8 ساڵ، نزیكەی 21 ساڵە لە بواری فیلمدا كار دەكات و تا ئێستا بەشداری لە 36 فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا كردووە بەم شێوەیە:
فیلمی سینەمایی: دولت مخفی، خشاب خالی، ێخرین نقش، مخمصە، ێفتاب بر ەمە یکسان میتابد، رانندە تاکسی، شوریدە، گرداب، این زن حرف نمیزند، شرارە، متولد ماە مهر
كارهكانی لە تەلەفزیۆن: خاک سرخ، مشق عشق، در چشم باد، همچون سرو، مادر، اولین انتخاب.




Top