هونەرمەندی ناودار مونا واسف: شانازی بە كوردبوونی خۆمەوە دەكەم

هونەرمەندی ناودار مونا واسف: شانازی بە كوردبوونی خۆمەوە دەكەم
فیلمی (الرسالە) یەكێكە لەو فیلمانەی لە زهنی هەمووماندایە و ئەگەر چەند جارێكیش بە بەردەوام سەیری بكەین تووشی بێزاری نابین و زیاتر سەرنجمان رادەكێشێت وەك ئەوەی یەكەم جار بێت بیبینین، لەو كاراكتەرانەی زیاتر سەرنجی بینەر رادەكێشی (هندی كچی عوتبه)یە كە بە بكوژی ئیمام هەمزە رەزای خوای لەسەر بێت ناسراوە و خانمە ئەستێرەی ناوداری سوری بە رەچەڵەك كورد مونا واسف رۆڵەكەی دەبینی، مونا بەر لە چەند رۆژێك لە هەولێر بوو وەك ئەندامی لیژنەی دادوەری یەكەم فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی هەولێر، لەو رۆژانەی كە لێرە ماوە چەند جارێك لەگەڵی دانیشتین و زۆر بە راشكاوی باسی گرنگترین رووداوەكانی ژیانی خۆی دەكرد وەك بینینی رۆڵی هند و هاتنی بۆ كوردستان و رای دەربارەی فیلم و سینەمای كوردی.

لە یەكەم رۆژی گەیشتنی بە هەولێر لە راگەیاندنە عەرەبییەكانی پروپاگەندەی مردنی مونا واسف بڵاوكرایەوە، بەڵام ئەو هەواڵەی رەت كردەوە و زیاتریش وتی: ئەو رۆژەی كە من گەیشتمە هەولێر لە چەند شوێنێك ئەو هەواڵە بڵاوكرایەوە و زۆر لە خزم و كەسەكانم پێیان زانی بوو لە هەمان كات دەیانزانی من لە هەولێرم، تەنانەت كوڕەكەم كە لە ئەمریكا نیشتەجێیە پەیوەندی پێوەكردم و لە تەندروستی پرسیم، بەڵام هیچی تری پێ نەگوتم، دواتر لێرە ئەو هەواڵەیان پێ راگەیاندم گوایە من مردووم و بە پێكەنینەوە وتی ئێستا بگەڕێمەوە شام ئەوا دەبێ لە پرسەی خۆم ئامادە بم، بەڵام ئەم پروپاگەندە یەك شتی بۆ من دەرخست ئەویش ئەوەیە كە جەماوەرەكەم منیان خۆشدەوێت ئەمەش بۆ من باشترین سەرمایەیە.
چۆنیەتی هاتنی بۆ كوردستان و بوونی بە ئەندامی لیژنەی دادوەرانی یەكەم فیستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی هەولێر رێكەوت بوو لەم بارەیەوە وتی: لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو تەنیا سێ جار سوریام جێهێشتووە، جاری یەكەم و دووەمم بۆ تۆماركردنی دوو زنجیرە دراما بوو، ئەمەش جاری سێیەمە كە بە رێكەوت بوو، رۆژێكیان من لە تەلەفزیۆن ریكلامێكی بوونی هەولێرم وەك پایتەختی گەشتیاری عەرەبی 2014 بینی و زۆر دڵخۆشی كردم، ئەو كات زۆر حەزم كرد لە نزیكەوە ئەو پێشكەوتنەی هەولێر و كوردستان ببینم، چونكە منیش كوردم و لە خانەوادەی (چل میران)م و زۆریش شانازیی بە كوردبوونی خۆمەوە دەكەم، دوای چەند رۆژێك تەلەفۆنێكیان بۆ كردم لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێرەوە و داوایان لێكردم وەك ئەندامێكی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەكە بەشدار بم، ئەم هەواڵە زۆر دڵخۆش كردم و رازی بووم لەسەر داواكە و هەستم كرد كە خوا منی زۆر خۆشدەوێت، چونكە یەكێك لە خەونەكانم خەریكە دێتە دی و خەڵكی وڵاتی خۆم بە زمانی كوردی پێم دەڵێن ئەمە (مونا واصف چل میرانی)یە، بۆیە ئەوەی بینیم بۆ من سوپرایز نەبوو كاتێك خەڵك بە چەپڵەرێزان و رێز و تەقدیرێكی زۆرەوە پێشوازییان لێكردم بە جۆرێك هەرگیز ئەم پێشوازییە لە بیر ناكەم.
رۆڵی (هندی كچی عوتبە) لە فیلمی (الرسالە) یەكێكە لە دیارترین رۆڵە هونەرییەكانی، زۆر بەسەرهات و سەربوردەی جیاجیاشی هەبوو دەربارەی بەشداری كردنی لەم فیلمی و رازی بوونی بەمە رۆڵە مونا دەڵێ: كە سیناریۆكەم خوێندەوە زۆر بە دڵم بوو، چونكە هەستم دەكرد خۆم لە نێو سیناریۆكەدا دۆزییەوە و هەستم دەكرد كە دەتوانم زۆر بە باشی رۆڵی ئافرەتێكی بەهێزی تێدا ببینم كە نموونەی هێز و ئافرەتی ئەو سەردەمە بوو، ئەگەرچی بەهۆی شەهید كردنی ئیمام هەمزە رەنگە كار بكاتە سەر ئاستی جەماوەریتیم، چونكە ئەو وەحشییەی كە ئیمام ههمزەی شەهید كرد دەڵێم گوایە لەسەر كارەكەی دەركرا، ئێستاش زۆر جار كە لە بازاڕ یان شوێنە گشتییەكان دەمبینن بە هیند بانگم دهكەن، من شانازیی بەو رۆڵەوە دەكەم و وەرچەرخانێك بوو لە ژیانی هونەریم و هۆكارێك بوو بۆ ناسینی زیاتری من لەلای جەماوەرەوە.
بە حوكمی ئەوەی ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی هەولێر بوو بەشێك لە فیمە كوردییەكانی بینی و بەپێی ئەزموونی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ كردووە و خاڵە لاواز و بەهێزەكانی دیاریكردووە لەم بارەیەوە وتی: هیچ كارێك بەبێ كەموكوڕی نابێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی فیلمە كوردییەكان باش بوون، هەر فیلمێك كێشەیەكی دیاریكراو باس دەكات و پەیامێكی هەیە دەیەوێ بیگەیەنێت بۆ چارەسەر كردنی ئەمە كێشەیە، فیلمی كوردی زۆر بە قوڵی دەچێتە نێو ئەو كێشەیەی كە دەیەوێ بیگەیەنێت و زۆربەی لایەنەكانی كێشەكە دەخاتەڕوو، ئەوەی زۆر دڵخۆشی كردم ئەوە بوو كە فیلمی كوردی كێشەكە بە جوانی دەخاتەڕوو بە جۆرێك بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرا بێت لە هەمان كاتدا هەوڵی زۆر جددیش دەدات بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە كە بۆ جەماوەر روون بێت، ئەمەش خاڵێكی ئیجابییە.
سەبارەت بە ئاستی سینەمای كوردیش لە ئێستادا و ئایا گەیشتووەتە ئاستی هۆڵیۆد و بۆڵیۆد مونا وتی: ناتوانین بڵێین سینەمای كوردی گەیشتووەتە ئاستی سینەمای جیهانی وەك بۆڵیۆد یان هۆڵیۆد، چونكە ئەوان چەندین ساڵ لە پێش ئێوەوەن و سینەما و فیلم بۆ ئەوان ئێستا بووەتە پیشە و ساڵانە بە دەیان فیلم بەرهەم دەهێنن، بەڵام ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەكات ئەوەیە لە كوردستان هاریكاریی سینەماكاران دەكرێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم ئەمەش جێگای دڵخۆشییە و دڵنیام لە داهاتوودا ئەم هەنگاوانە زیاتر و باشتر دەبن و خزمەت بە سینەمای كوردی دەگەیەنێت و هۆكارێك دەبێت بۆ پێشكەوتن.
مونا سەرسامە بە پێشكەوتنی كوردستان بۆیە چەند جارێك وتی: زۆر خۆشحاڵم كە ئێستا لە شاری هەولێرم و لە نزیكەوە كاروانی ئاوەدان كردنی ئەم وڵاتە دەبینم، دیارە ئەو گەلانەی كە زوڵمیان لێدەكرێ و دەچەوسێنرێنەوە كاتێك ئازادی و مافەكانی خۆیان بە دەست دەهێنن بە خەبات و قوربانیدان، ئەم گەلانە بەهێزتر دەبن و بە بڕوا و توانایەكی زۆرەوە دێنەوە مەیدان ئاوەدان و پەرەپێدان و پێشخستنی وڵاتەكەیان، من ئەمەم لە كوردستان بە ئاشكرا بە دی كرد، بۆیە هیوادارم گەلی كورد لەم كاروانە بەردەوام بن و وڵات زیاتر پێش بكەوێت، ئەم پێشكەوتن و ئاوەدانییە مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموومان، هەروەها دەمەوێ لێرەوە ئەوە بڵێم كە زۆر شانازیی بە كوردبوونی خۆمەوە دەكەم، من دەمتوانی بڵێم من عێراقیم یان سوریم یان تورك، بەڵام هەمیشە وتومە : من مونا واصف (چل میرانی)م و ههمیشە ئەمە دووبارە دەكەمەوە.



Top