سومەیا لە جیاتی هەولێر چووە مەراكیش

سومەیا لە جیاتی هەولێر چووە مەراكیش
بڕیار وابوو لە كۆتایی مانگی رابردوودا ئەستێرەی سینەمایی و گۆرانیبێژی میسری سومەیا ئەلخەشاب بە یاوەریی ژمارەیەك لە هونەرمەندانی دیكەی میسر وەك ئیلەام شاهین و خالید یوسف و عەلی بەدرخان و چەندین هونەرمەندی دیكەی هیندی و بیانی سەردانی هەولێر بكەن بۆ بەشداری كردن لە یەكەم فیستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتیی هەولێر، هیندییهكان داوای پارەیەكی زۆریان كرد كە لە سەرووی توانای رێكخەرانی فیستیڤاڵ بوو بۆیە نەهاتن. میسرییەكان هەندێكیان هاتن لهوانە دەرهێنەری گەورە عەلی بەدرخان و ژمارەیەكی دیكەشیان، هەروەها بڕیار وابوو ئیلهام شاهین و سومەیاش بێن، بەڵام ئەوانیش بە بیانووی تەواو نەبوونی ڤیزا و چەند هۆكارێكی دیكەی تایبەتەوە نەهاتن، ئەگەرچی ڤیزەكانیان تەواو بوون، نەهاتنی ئیلهام و سومەیا مشتومڕێكی زۆر درووستكرد، چونكە ئەمانە بە دوو ئەستێرەی ناوداری سینەمای میسری دادەنرێن و خاوەن جەماوەرێكی زۆرن لە كوردستان و عێراق كە بە تامەزرۆی هاتن و بینینیان بوون، هەرچۆنێك بێت فیستیڤاڵەكە سازكرا و تەواو بوو و فیلمە براوەكان خەڵات كران، بەڵام بە چەند رۆژێكی كەم دوای تەواو بوونی ئەم فیستیڤاڵە لە وڵاتی مەغریب خولی یەكەمی فیستیڤاڵی (مەغریب شانشینی هونەرەكان) ساز كرا و سومەیا یەكێك بوو لە ئەستێرە درەوشاوەكانی فیستیڤاڵ شان بە شانی چەند ئەستێرەیەكی دیكەی سینەمایی وەك دالیا ئەلبحێری و ئەمیرە فەتحی و ئیمان ئەیوب و چەندانی دیكە و ژمارەیەك راگەیاندنكاری ناوداری میسری. سومەیا لە رۆژانی فیستیڤاڵ زۆرترین گرنگی پێدرا لەلایەن میدیاكارانی عەرەبی و مەغریبی، چونكە ئامادەی زۆربەی هەرەزۆری نمایشەكان بوو و چەندین دیمانەی رۆژنامەنووسی لەگەڵ كەناڵ و رۆژنامە و گۆڤارەكان ئەنجامدا سەرەڕای بەشداری كردنی لە سازدانی ژمارەیەك كۆڕو سیمیناری تایبەت بە سینەما لە ئێستا و چۆنییەتی پێشخستنی سینەما و بوونی بە هۆكارێك بۆ ناساندنی گەلان و لێك نزیك كردنەوەی نەتەوەكان.
شایەنی باسە بەر لە سازدانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر سومەیان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی میسری خۆشحاڵی خۆی نیشاندابوو بە بەشداری كردن لە فیستیڤاڵەكە و وتی: ئەگەرچی نازانم بە زمانی كوردیش قسە بكەم، بەڵام خۆشحاڵم كە بەشداری لەو فیستیڤاڵەدا دەكەم.
Top