یه‌كه‌م فیستیڤاڵی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد

یه‌كه‌م فیستیڤاڵی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد
دوێنێ هه‌ینی 30ی‌ ئایاری‌ 2014، یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی‌ سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی‌ فلیم به‌ڕێوه‌چوو به‌ ئاماده‌بوونی نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و تاهیر عه‌بدوڵا جێگری پارێزگار و 120 هونه‌رمه‌ندی‌ ناوداری‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سینه‌مای‌ هه‌ولێر و به‌شێكی‌ زۆر له‌ میوانان ئاماده‌ی بوون.
له‌ ده‌ستپێكی فیستیڤاڵه‌كه‌ نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر وته‌یه‌كی به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش و تێیدا سه‌ره‌تا به‌ خێرهاتنی میوانه‌ به‌ڕێزه‌كانی كرد به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاتوون و هیوای ئه‌وه‌ی خواست كه‌ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی میوانی هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانن، كاتێكی خۆش به‌سه‌ربه‌رن.
پارێزگاری هه‌ولێر هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بوونی هه‌ولێر به‌ پایته‌ختی گه‌شتیاری سازدانی ئه‌م جۆره‌ فیستیڤاڵانه‌ به‌ كارێكی گرنگ و پێویست ده‌زانرێت بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان و هه‌ولێر زیاتر به‌ ده‌ره‌وه‌ و جیهانی عه‌ره‌بی بناسرێت، هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا وتی: ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ده‌رفه‌تێكی باش ده‌بێت بۆ سینه‌ماكارانی ئێمه‌ تاكو بتوانن زیاتر سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ وه‌ربگیرێت له‌ بواری سینه‌ماداو ببێته‌ هۆكارێكی بۆ بره‌ودان به‌ كاره‌كانیان و پێشخستنی سینه‌مای كوردی، چونكه‌ له‌ رێگایئه‌م فیستیڤاڵانه‌ تێكه‌ڵاوییه‌كی زیاتر و له‌ نزیكه‌وه‌ درووست ده‌بێت له‌ نێوان سینه‌ماكارانی كورد و به‌شداربووانی فیستیڤاڵه‌كه‌ن، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ پاڵپشتی سینه‌ماكاران بووه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری كردوون ئه‌مه‌ش هۆكارێك بووه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی هونه‌ری سینه‌ما له‌ كوردستان و پێشخستنی سینه‌مای كوردی و به‌شداری كردنی ده‌یان فیلمی كوردی له‌ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی جیهانی باشترین به‌ڵگه‌ و ده‌ره‌نجامی ئه‌م هه‌وڵ و پشتگیرییه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ سینه‌ما.
شاخه‌وان مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌مای هه‌ولێر له‌ وته‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌گه‌رچی ئه‌وان وه‌كو وه‌زاره‌تی رۆشنبیری راسته‌وخۆ له‌م فیستیڤاڵه‌دا به‌شدار نین، به‌ڵام به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی ده‌كه‌ن بۆ سه‌رخستنی و به‌ ده‌رفه‌تێكی باشی زانی بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌ماكاران ئاڵۆگۆڕی بیروڕا و ئایدیاكان و دیاریكردنی هۆكاره‌كانی پێشخستنی سينه‌ما له‌ كوردستان و ئاشنابوونی میوانه‌كان به‌ سینه‌مای كوردی.
مامۆستا ناسر حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی‌ فێستیڤاڵی‌ سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی‌ فلیم، رایگه‌یاند: ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بوونی هه‌ولێر به‌ پایته‌ختی گه‌شتیاری عه‌ره‌بی كارێكی پێویسته‌ و ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین كه‌ ئێمه‌ش ده‌توانین فیستڤاڵی سینه‌مایی گه‌وره‌ن ئه‌گه‌رچی له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ ئێمه‌ دووچاری هه‌ندێك گرفت بووینه‌وه‌ كه‌ تا رادده‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بوو و ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ ئاستی ئاواته‌كانی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ هه‌وڵ و كۆششی هه‌موو لایه‌ك توانمان ئه‌نجامی بده‌ین و لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم سوپاسی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت یارمه‌تیان داوین به‌تایبه‌تی به‌ڕێزان پارێزگار و جێگری پارێزگاری هه‌ولێر كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار و پاڵپشتمان بوون بۆ سه‌رخستنی، ئێمه‌ زۆر خۆشحاڵبوون به‌ ئاماده‌بوونی‌ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ به‌شدار بوون له‌و فێستیڤاڵه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ پێنج رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.
وتیشی‌: "ئامانجمان له‌و فێستیڤاڵه‌ ئه‌وه‌یه‌ زیاتر كوردستان به‌ وڵاتی‌ جیهان بناسێنین به‌ تایبه‌تی‌ له‌ رووی‌ هونه‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی‌ خۆمانیش به‌ هونه‌رمه‌ندان بناسینین".











Top