نازدار:ناكرێ ئەوەی دەربارەی هونەرمەندی تورك دەنووسرێت بۆ كوردێكیش بنووسرێت
نازدار جزیری دەربارەی سەردەمی منداڵیی خۆی دەڵێت: من تەمەنم چوار ساڵ بوو كاتێك شاری جزیرەمان جێەێشت، بۆیە من زۆر شتەكانم بە باشی بە بیر نایەتەوە، بەڵام وەك ئەوەی دایك و باوكم دەڵێن تۆ كچێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆ بووی و زۆر جار لە دیوەخانی گەوران دادەنیشتی و گوێت لە قسەكانیان دەگرت و زۆر حەزت لەوە نەبوو لەگەڵ منداڵان لە دەرێ بم یان یاری بكەم و زیاتر وابەستەی دایك و باوكم بووم، ەەر ئەو كاتیش زۆر حەزم لە گۆرانی بوو و زۆرجار گۆرانیم دەگوت ئەمەش باوكمی دڵخۆش دەكرد، لەبەر ئەوەی من منداڵی گەورەی ماڵ بووم هەستم دەكرد ئەركێكی قورسم لەسەر شانە و زۆریش ئاگاداری خوشك و براكانم بووم لە هەمان كات زۆر بە وریاییەوە هەنگاوم دەنا لە بواری هاتن و چوون و جوڵە و و پۆشینی جلوبەرگ، چونكە من چۆنم رەفتار كردبا خوشك و براكانیشم لاسایی منیان دەكردەوە، لە هەمان كاتدا باوكیشم زۆر ەاوكاری دەكردم بۆ ئەوەی زمانی كوردیم زۆر باش بێت، هەروەها زۆر باس و چیرۆكی كوردستانی بۆ دەكردم تاكو زیاتر پابەندی كەلتوور و مێژووی وڵاتی خۆم بم، بۆیە كە چووینە ئەڵمانیاش من زۆر پابەند نەبووم بە كەلتووری ئەڵمانییەوە و زۆر نەگونجاوم لەگەڵ كەلتووری ئەو وڵاتە تەنیا لە لایەنی زمان و خوێندنەوە نەبێت و زیاتر هەست و بیرم لە كوردستان بووە، چونكە خانەوادەكەم خەریكی كاری سیاسی بوون هەر لە منداڵییەوە ئەو هەستە لە دڵمدا هەبوو، هەروەها شتی ناخۆشیشم بینیوە بۆ نموونە لە پێش چاوی من لە باوك و دایك و مامیان دام و ماوەی سێ ساڵ لە سۆزی باوكم دوور بووم دوای ئەوەی زیندانی كرا، كوشتنم بینیوە، قەدەغە كردنی ەاتوچوونم بینیوە.
نازدار دەربارەی كەسایەتیی خۆی دەڵێ: پێویستە ئەم پرسیارە لە خەڵك بكرێت نەك لە من، بەڵام بەهۆی ئەوەی بۆم دەگەڕێتەوە و دەیبیستم من چۆنم و لە شوێنە گشتییەكان و ئاهەنگ و كۆنسێرتەكان چۆن دەردەكەوم خەڵكیش ئاوا دەمبینێ و هیچ شتێكی جیاوازتر لە كەسایەتیی خۆم لە خەڵكەوە نابیستم، ئەمەش مایەی خۆشحاڵیمە، لەبەر ئەوەی خەڵك بیروڕای تەواوی خۆی لەسەر من دەبێت.
سەبارەت بە دوایین ئەلبوومی خۆی كەیف و شادی كە پار ساڵ بڵاوكرایەوە، نازدار جزیری دەڵێ: وەك ئاوات و پەیامی من لەم بەرهەمە بە تەواوی هاتە دی، راستە لە بواری تەكنیكی و ئارانجمینتیدا هەندێك گرفتمان هەبوو و وەكو پێویست نەبوو، حەزم دەكرد ئەلبوومەكە زیاتر بەهێز و پڕتر بوایە لەرووی بەرهەمەكانەوە، بێگومان هیچ كارێكیش بێ كەموكوڕی نابێ، بەڵام سەبارەت بە چوونە نێو خەڵك و پێشوازی خەڵك لە بەرهەمەكە زۆر باش بوو، چونكە كاركردن لەسەر 72 گۆرانی لە یەك كاتدا كارێكی زۆر ئاسان نییە هەر لە كۆكردنەوە و نووسینەوەی یەكە بە یەكەی گۆرانییەكان و پێداچوونەوە و دڵنیابوون لە راستیان كات و ماندووبوونێكی زۆری دەوێ، مەبەستم ئەوە نەبوو خەڵك تەنیا لە سەیرانەكاندا گۆرانی بڵێ، بەڵكو ئەلبوومێكە بۆ هەموو كاتێك دەبێ و خەڵك دەتوانێ گوێی لێ بگرێ و بە هەموو زاراوەكانە وابزانم ئەلبوومێكە زۆر بە ئاسانی نامرێت.
دەربارەی ئەوەی كێ ەاوكاری كردووە لەم ئەلبوومە، نازدار دەڵێ: من گەیشتوومەتە تەمەنێك كە پشت بە خۆم ببەستم بۆیە من خۆم زۆر كارم لەسەری كرد، هەروەها باوكم و زانای براشم بە حوكمی ئەوەی خۆی موزیكژەنە زۆر هاوكارییان كردم، سەبارەت بە گۆرانیی سۆرانی كەسێك كە دانیشتووی ناحیەی خەباتە بە ناوی ئەردەوان برادۆستی زۆر زۆر هاوكاری كردم.
نازدار خاوەن جەماوەرێكی زۆرە لە هەولێر و سلێمانی و شارەكانی دیكەی كوردستان، سەبارەت بە سەركەوتنی لە وتنی گۆرانی بە شێوەزاری سۆرانی دەڵی: حەز دەكەم ئاماژە بە كارێك بكەم كە زۆر دڵخۆشی كردم بەتایبەتی لە ئەلبوومی كەیف و شایی ئەویش ئەوەیە كە جەماوەری من لە سۆرانی و بادینی و هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان بوون بە یەك واتە ئەو پێشوازییەی لە دەۆك و زاخۆ لە كارەكانم دەكرێت بە هەمان شێوە لە سلێمانی و هەولێر و شارەكانی دیكەش بە هەمان گەرم و گوڕی پێشوازی لە بەرهەمەكانم دەكرێت، پێموایە ئەمەش كارێكی ئاسان نییە بۆ كچە هونەرمەندێك كە خەڵكی باكوورە و لە ئەوروپا هاتۆتەوە و خۆی بە شێوەزاری كرمانجی گۆرانی بڵێ و بتوانێت بگاتە هەموو شێوەزارەكان، چونكە كە یەكەم جار هاتمە كوردستان زۆر بە زەحمەت دەمتوانی بە شێوەزاری سۆرانی قسە بكەم، بەڵام لەبەر ئەوەی حەزم دەكرد ببم بە گۆرانیبێژێكی كوردستانی بە پێویستم زانی كە بە هەموو شێوەزارەكان گۆرانی بڵێم و هیوادارم بتوانم سەركەوتوو بم و ئەوەی تا ئێستا بۆم دەگەڕێتەوە مایەی خۆشحاڵییە و بۆیە هەوڵ دەدەم لە هەموو بەرهەمەكانی داەاتووم گۆرانی سۆرانی تێدابێت، لە هەمان كاتدا لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانیش گۆرانییەكانم نیوەیان سۆرانی بن بە هەمان شێوە گۆرانیی زازاكیش دەڵێم.
خوێندنی دەروونناسی لەگەڵ خوێندن لە بواری هونەر تا رادەیەك لە یەك دوورن؛ سەبارەت بەمە نازدار دەڵێ: كاتێك مرۆڤ كاری هونەری دەكات لەگەڵ هەموو چین و توێژەكان نزیك و تێكەڵ دەبێت و هەموو ئەم چین و توێژانە چاویان لە هونەرمەندە، بۆیە پێویستە هونەرمەند مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەمانە بكات، ئەوەی ئێوە لەسەر ستەیج دەیبینن بۆ ماوەی كاتژمێرێك تەنیا ئەوە نییە كە لەبەرچاوە، بەڵام ئەوەی دواتر پێویستە و روودەدات وەك پرۆڤە و موزیك و شیعر ئەمانە هەموویان پێویستیان بە بوارێكی دەروونی تایبەت هەیە و تێكەڵە بە هەموو توێژەكانی كۆمەڵگا.
ئایا زۆر سەردانی كردنی كوردستان سوود یان زیانی هەیە بۆ هونەرمەند و ئایا بۆچی نازدار وەك پێویست دەرناكەوێت لە میدیاكان؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا نازدار دەڵێ: من زۆر سەردانی كوردستان دەكەم و تا ئێستا شتێكی وام بەرچاو نەكەوتووە كاردانەوەی خەڵك پێچەوانە بێت، بەڵكو زۆر بە گەرمی پێشوازیم لێدەكات، سەبارەت بە دەركەوتن لە میدیا ئەگەر پشت راست نەبم لە بڵاوكردنەوەی راستییەكان لە هەندێك میدیا یان بڵاو كردنەوە هەندێك شتی دوور لە راستی ئامادە نیم دیمانە ئەنجام بدەم و دەربكەوم، هەرچەندە تا ئێستا شتێكی ئەوتۆ دەربارەی من بڵاو نەكراوەتەوە كە زۆر ئازارم بدات، هەندێك لێرە و لەوێ شتی بچووك نووسراوە، بەڵام خەڵك بڕوای پێ نەبووە، نابێ ئەوەش لە بیر بكەین كە باس كردنی هونەرمەند نیشانەی سەركەوتنی هونەرمەندە، بەڵام ناكرێ ئەوەی لەسەر ەونەرمەندێكی عەرەب یان تورك و فارس دەنووسرێت هەمان شت لەسەر هونەرمەندی كورد بنووسرێت، و دەبێ رۆژنامەنووسانی خۆمان باش بزانین كە ئێمە كوردین و تایبەتمەندیی خۆمان هەیە.