هویام بیر لە سولتان دەكاتەوە

هویام بیر لە سولتان دەكاتەوە
دوای ئەوەی لە ئەڵقەی 132ی زنجیرەی توركی (حەریم ئەڵسولتان) هویامی هاوسەری سوڵتان مرد، ژمارەیەكی زۆر لە رەخنەگران و بینەرانی زنجیرەكە رەخنەیەكی زۆر توندیان ئاراستەی كۆمپانیای بەرهەمەێنەری زنجیرەكە كرد و تووشی جۆرێك لە شڵەژانی كردن، بۆیە بیریان لەوە كردەوە دووبارە مەریەم ئۆزەرلی كە رۆڵی سوڵتانە هویامی بینی، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێتەوە نێو رووداوەكانی زنجیرەكه بە مەبەستی مسۆگەر كردنی سەركەوتنی.
مەریەم كە بە رەچەڵەك ئەڵمانییە و ئێستا لە ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات بە هۆی منداڵبوون و ماندووبوونی زۆرەوە لە زنجیرەكە كشابۆوە، بەڵام ئێستا باری دەروونی و تەندروستیی زۆر باشترە، بۆیە بەڵێنی داوە بیر لە گەڕانەوە بكاتەوە، بەڵام بە مەرجێك گەڕانەوەكەی تەنیا بەشێوەی فلاش باك بێت یان بە گێڕانەوەی یادگارییەكانی بێت لەگەڵ سوڵتان سولێمانی قانونی بۆ ئەوەی هەڵەیەك لە رێڕەوی زنجیرەكە دروست نەبێت، هەروەها كاتی ئەوەشی نییە بە تەواوەتی بگەڕێتەوە، چونكە ئێستا زۆربەی كاتی خۆی بۆ پەروەردە كردنی كچەكەی تەرخان كردووە.
پێشتر كۆمپانیای بەرهەمهێنەر هەوڵی دابوو ئەكتەری توركی فاهیدی گۆردۆم شوێنی مەریەم بگرێتەوە لە رۆڵەكە، بەڵام رەتی كردەوە بۆیە نووسەرەكە ناچار بوو لە بەشی رابردوودا كۆتایی بە رۆڵی هویام بنێت، شایەنی وتنە دیمەنی مردنی هویام ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتیۆب لەتوركیا و ئیتاڵیا.
Top