"مرۆڤه‌کان" لە فێستیڤاڵێکی ئه‌ڵمانیا نمایش ده‌کرێت

بەرهەمی ئەنیمەیشێنی سینەماکاری کورد ماشەڵڵا محەمەدی، لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی LANDAU لە ئەڵمانیا نمایش دەکرێت.



لەم فێستیڤاڵه‌دا لە چه‌ندین به‌شدا چەندین کورته‌ فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشێن ده‌خاته‌ رکابه‌رییه‌وه‌ و له‌و خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌دا چوار کورته‌ فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشێنی به‌رهه‌می سینەماکارانی ئێرانی به‌شدارییان کردووه‌.



کورتە فیلمی ئەنیمەیشێنی "مرۆڤه‌کان" لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی ماشەڵڵا محەمەدی، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی سینەمای ئێران لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی LANDAU لە ئەڵمانیا بەشداریی دەکات.



"مرۆڤه‌کان" لە دەرهێنانی ماشەڵڵا محەمەدی، "دوو کاتژمێر زیاتر" لە دەرهێنانی عه‌لی عه‌سگه‌ری، "دیمۆکراسی"لە دەرهێنانی کامیار شه‌یسی و ئه‌فرووز کاشیفولحه‌ق، "زه‌بتی کاسێتی" لە دەرهێنانی سه‌یدموجته‌با مووسه‌وی لەو خولەی فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.



فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی LANDAU له‌ رۆژانی 5 تا 10 ئایار/ مایۆ 2014، به‌ به‌شداری به‌رهه‌مه‌کانی سینه‌ماکارانی جیهان لە وڵاتی ئەڵمانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.



ئەنیماتۆری کورد ماشەڵڵا محمەمەدی یەکێکە لە دەرهێنەرانی بواری ئەنیمەیشێن و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە گرینگترین و پڕبایەخترین فێستیڤاڵەکانی ئەنیمەیشێن لەسەر ئاستی جیهان بەشداریی کردووە و چەندین خەڵاتییش بەدەستهێناوە.
Top