شاجوانی كوردستان:زۆر له‌ ده‌رهێنه‌ر وسیناریسـته‌كان داوایان لێكردووم كاری نواندن بكه‌م

شاجوانی كوردستان:زۆر له‌ ده‌رهێنه‌ر وسیناریسـته‌كان داوایان لێكردووم كاری نواندن بكه‌م
دوو ساڵه‌ ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاری پارێزگای هه‌ولێر پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی شاجوانی كوردستان، ئه‌م ساڵیش ژماره‌یه‌كی زۆری كچان كه‌ ناویان پێشكه‌ش كردبوو و به‌شدارییان له‌ پێشبڕكێیه‌كه‌دا كرد، له‌ نێو هه‌موو كچه‌ به‌شداربووه‌كاندا فێنك محه‌مه‌د توانی نازناوه‌كه‌ به‌ ده‌ست بهێنێت و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ تاجی شاجوانی كوردستان له‌سه‌ر بنێت، فێنك ده‌رچووی به‌شی زمانه‌وانییه‌ له‌ زانكۆی جنێڤ و ئێستا له‌ كوردستان ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، گۆڤاری گوڵان چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌ی فێنك كرد كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌.

• چه‌ند مانگێكه‌ به‌ شاجوانی كوردستان هه‌ڵبژێردراوی، تا ئێستا چالاكییه‌كانت چی بوون و ئایا تۆ خۆت له‌ كاره‌كانت رازیی؟
- له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی كه‌ بووم به‌ شاجوانی كوردستان به‌پێی كات و ره‌خسانی ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌، كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ و چالاكیی جۆراوجۆرم ئه‌نجامداوه‌.هه‌ر له‌ یارمه‌تیدانی ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان و خانه‌ی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشتیار و به‌شداری كردن له‌ بواری پاراستنی مافی ئاژه‌ڵان و ژینگه‌پارێزی، تا ئێستا تا رادده‌یه‌كی زۆر له‌و پرۆژانه‌ی ئه‌نجاممداون رازیم، چونكه‌ توانیومه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت زه‌رده‌خه‌نه‌ بخه‌مه‌ سه‌ر لێوی ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوكاریم كردوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ ناتوانم به‌پێی ئه‌و پلان و به‌رنامانه‌ی كه‌ خۆم دامناون بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ جێبه‌جێیان بكه‌م به‌ هۆی كه‌می و نه‌بوونی سپۆنسه‌ر، چونكه‌ له‌ داهاتووشدا به‌رنامه‌ و پلان هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تری خێرخوازی.
• ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م كاره‌كانت چی بوون؟
- ئاسته‌نگه‌كان زۆرن له‌ دۆزینه‌وه‌ی سپۆنسه‌ر و دابینكردنی له‌لایه‌نی ماددیی بۆ كاره‌ خێرخوازییه‌كانم و پرۆژه‌كانی دیكه‌.
• ئه‌و كه‌سه‌ی نازناوی شاجوانی پێ ده‌درێت له‌ هونه‌رمه‌ندان نزیكه‌، په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان چۆنه‌؟
- ره‌نگه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ بۆ هه‌موو كه‌س راست نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێتە سه‌ر خودی كه‌سه‌كه‌ له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ كردن و په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان یان كه‌سانی تر، سه‌باره‌ت به‌ خۆم تا رادده‌یه‌ك په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتی باشه‌.
* له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا چالاكییه‌كانت چی بوون؟
-وه‌كو پێشتر باسم كرد چالاكییه‌كانم زیاتر چوونه‌ته‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هاوكاری كردنی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت و منداڵه‌ ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان و چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆر.
* تا ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و عێراق به‌ ناوی شاجوانی كوردستان بۆ هیچ بۆنه‌یه‌ك بانگهێشتكراوی ؟
- به‌ڵێ، له‌ كۆتایی مانگی شوبات له‌گه‌ڵ شاندێكی گه‌وره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شاری به‌غدامان كرد به‌بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی واده‌ی شاری به‌غدا وه‌ك پایته‌ختی رۆشنبیری عه‌ره‌بی، دواتر له‌وێوه‌ سه‌ردانی شاری به‌سرامان كرد بۆ به‌شداری كردن له‌ كۆنفرانسێك كه‌ له‌و شاره‌دا ئه‌نجامدرابوو، هه‌روه‌ها بانگهێشت كراوین بۆ وڵاتی مه‌كسیك بۆ به‌شداری كردن له‌ پێشبڕكێی (Miss United Continents of 2014) وه‌ك شاجوانی كوردستان له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كراوم.
* ئایا بۆ هیچ كارێكی هونه‌ری داوای به‌شداریكردنت لێكراوه‌؟
- بێگومان له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌رهێنه‌ر و سینارێستێكه‌وه‌ داوام لێكراوه‌ بۆ به‌شداری كردن له‌ فیلمی سینه‌مایی، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی كات نه‌متوانیوه‌ تا ئێستا به‌شداری بكه‌م.
* ئه‌م ساڵ تۆ شاجوانی كوردستانی، هه‌ولێریش پایته‌ختی گه‌شتیارییه‌، تائێستا چالاكییه‌كانت له‌و بواره‌وه‌ چی بوون ؟
- به‌ڵێ، به‌شداری چه‌ندین چالاكیم كردووه‌، هه‌روه‌ك پێشتر باسم كرد چوونم بۆ به‌غدا و به‌سرا له‌گه‌ڵ شاندی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار و پارێزگای هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و چالاكییانه‌ بوو، هه‌روه‌ها له‌م مانگه‌دا ژماره‌ی چالاكییه‌كان زۆر ده‌بن، منیش وه‌كو شاجوانی كوردستان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌شداریم ده‌بێت.
• چ به‌رنامه‌یه‌كت هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی داهاتوو له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی هه‌ولێر پایته‌ختی گه‌شتیاری؟
- ئه‌و چالا‌كییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێن وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاری، هه‌موو چالاكییه‌كانی من په‌یوه‌ست ده‌بن به‌ ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، بێگومان هه‌ر كاتێك ده‌سته‌ چالاكی ئه‌نجام بدات منیش تێیدا به‌شداری ده‌كه‌م، چونكه‌ وه‌ك شاجوان خۆیشم یه‌كێكم له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار.
• ناوبانگ واده‌كات مرۆڤ دووچاری پروپاگه‌نده‌ بێت، تۆش به‌ر ئه‌م هێرشانه‌ كه‌وتووی؟
- به‌داخه‌وه‌ منیش به‌ر ئه‌م ره‌خنه‌ و پروپاگه‌ندانه‌ كه‌وتووم كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌رده‌كه‌ون له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا رووبه‌ڕووی ئه‌م پروپاگه‌ندانه‌ ده‌بنه‌وه‌، لێره‌دا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ قسه‌ و ناتۆره‌ن به‌بێ بوونی به‌ڵگە رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌ و به‌شێكی خه‌ڵكیش باوه‌ڕیان پێده‌كات، زۆر جار كاری ئێمه‌ ده‌بێته‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ و ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م پروپاگه‌ندانه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌یكه‌ن كه‌ له‌ راستیدا ئه‌مه‌ كاری ئێمه‌ نییه‌.
* ژیانی رۆژانه‌ت چۆن به‌سه‌ر ده‌به‌یت؟
- منیش هه‌ر وه‌ك كچێكی ئاسایی كه‌ ئیشوكاره‌كانم ته‌واودەبێت، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خزم و كه‌سانی خۆم كاته‌كانم به‌سه‌ر ده‌به‌م وكاتی خۆم دابه‌ش كردووه‌ له‌ نێوان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و سه‌یر كردنی ته‌له‌فزیۆن و خوێندنه‌وه‌ و سه‌ردانی كردنی خزمان، واته‌ وه‌ك هه‌ر كچێك ژیانی خۆم زۆر به‌ ساده‌یی به‌سه‌ر ده‌به‌م.
* دوای ئه‌وه‌ی تاجی شاجوانی داده‌نێی به‌ نیازی له‌ چ بوارێك كار بكه‌ی؟
- له‌ راستیدا نازانم له‌ دوای شاجوانی خۆم به‌ چ كارێكه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسم له‌ زمانه‌وانی له‌ زانكۆی جنێڤ و زیاتر پێمخۆشه‌ له‌ بواره‌كه‌ی خۆمدا كار بكه‌م.



Top