كلیپێكی ریكی و لۆپێز ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كرد

كلیپێكی ریكی و لۆپێز ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تۆمار كرد
گۆرانیبێژی لاوی پۆرتۆریكی ویسین كلیپی گۆرانییه‌كی نوێی خۆی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ریكی مارتن و جنیڤر لۆپێز تێیدا به‌شدارن كه‌ سه‌ره‌تای گۆرانییه‌كه‌ به‌ كۆپله‌یه‌كی خۆی ده‌ستپێده‌كات، دواتر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ریكی و لۆپێز به‌شداریی ده‌كه‌ن به‌ چه‌ند ئیقاعێكی مۆسیقای دینامیكی لاتینی.
له‌ كلیپه‌كه‌دا لۆپێز خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ گه‌ڕه‌كی هه‌ژارنشینی (برۆنكس) ده‌رده‌بڕێت كه‌ تێیدا په‌روه‌رده‌ بووه‌، سواری میترۆیه‌ك ده‌بێت و له‌گه‌ڵ دراوسێكانی ده‌ست به‌ گۆرانیی وتن و سه‌ما ده‌كات.
ئه‌گه‌رچی به‌شداری كردنی لۆپێز و ریكی مارتن له‌ گۆرانییه‌كه‌دا به‌شدارییه‌كی شه‌ره‌فییه‌ و ته‌نیا له‌سه‌ر داوای گۆرانیبێژی سه‌ره‌كیی گۆرانییه‌كه‌ به‌شدارییان كردووه‌، به‌ڵام له‌ رێگای كه‌ناڵی (Wisin )ی فه‌رمی له‌ تویته‌ر له‌ ماوه‌یه‌كی زوودا كه‌ له‌ سێ رۆژ تێپه‌ڕی نه‌كرد، زیاتر له‌ 4 ملیۆن كه‌س گۆرانییه‌كه‌یان بینی ئه‌مه‌ش بۆ ویسین ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌، زۆر له‌ چاودێران هۆی زۆری بینه‌ری ئه‌و گۆرانییه‌ بۆ دیمه‌نه‌ وروژێنه‌ره‌كانی نێوانی ریكی و جنیڤه‌ری ده‌گه‌ڕێننه‌وه، ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س ره‌خنه‌شیان لێیان گرت به‌هۆی ئه‌م دیمه‌نانه‌وه‌ .‌
Top