رۆژین شه‌ریفی:بۆ به‌شداری كردن له‌هه‌ر كارێكدا مه‌رجــی تایبەتیی خۆم هه‌یه
* له كارێكدا ده‌ركه‌وتی دواتر ون بووی و له كاری تردا نه‌مانبینیی؟
- ڕاستە، به‌ڵام ون بوونی من تەنیا لەسەر شاشە بووە، چونكه من به‌رده‌وامم و دانەبڕاوم لە نواندن . هەر چەندە بە لای منەوە زۆر دەرکەوتن و زۆر بەشداری کردن له كاره‌كاندا گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە ئەو كارانەی وەریان دەگرم لە ئاستێکی باش‌دا بن به‌جۆرێك دواتر لێیان پەشیمان نەبمه‌وە .
* تا چه‌ند به رۆڵه‌كه‌ی خۆت رازی بووی له (دووپشك) و چ شتێك زیاتر سه‌رنجی راكێشایت؟
- دووپشک یەکەم ئەزموونی من بوو وەکو نواندن، بێگومان دەکرا باشتر بم، دوای بڵاو بوونەوەی دووپشک ره‌زامه‌ندی و پشتگیری خەڵک له من و كاره‌كه زۆر سەرنجی ڕاکێشام و هانی دام بۆ ئه‌وه‌ی بەردەوام بم له هه‌مان كاتدا هه‌وڵ بده‌م كاری باشتر پێشكه‌ش بكه‌م .
* له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌رهێنه‌ر تۆی بۆ ئه‌م رۆڵه هه‌ڵبژارد؟
- دیارە پێش ئەوەی کە بڕیاری بەشداری کردنم بدرێت بۆ بینینی رۆڵی (چاوان)، لەلایەن دەرهێنەرەوە تاقی کرامەوە و هۆکاری سەرەکی هەڵبژاردنم، گونجانم لەگەڵ کاراکتەری (چاوان) بوو.
* دووپشك یه‌كه‌م كارت بوو، ترسی ئه‌وه‌ت نه‌بوو له یه‌كه‌م كاردا رۆڵی سه‌ره‌كی ببینیت و سه‌ركه‌وتوو نه‌بیت؟
- پێم وابێت سترێسی باش نەبوونی ئەنجامی ئیش هەموو کات لەگەڵ ئەکتەردا هەیە و پەیوەندی بە ژمارەی ئیشەکان نەبێت. بۆ رۆڵی سەرەکیش دەبێ بڵێم ئەکتەر بەرپرسە لە نواندن بە باشترین شێوە کە لە تواناییدا هەیە بۆیە ڕوڵی لاوەکی و سەرەکی نابێت جیا بکرێتەوە لە ڕووی نواندن و گرنگی دانەوە هەردووکیان سترێس و قورسی خۆیان هەیە.
* دوای (دووپشك) و (غوربه‌ت) ئێستا چی دیكه‌ت هه‌یه؟
- به‌شداریم كردووه له فیلمی سینەمایی «کلاسیکۆ» كه له دەرهێنانی سینه‌ماكار هەڵکەوت مستەفا، ئێستا لە قۆناغی وێنەگرتندایە و بڕیار وایە لە سەر ئاستێکی نێودەوڵەتی پەخش و بڵاوبکرێتەوە .
* سینه‌ماكار هه‌ڵكه‌وت مسته‌فا چۆن تۆی بۆ فیلمه سینه‌ماییه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد؟
- بێجگە لەو مەرجانەی کە بۆ نواندن پێویستە، بە لای کاک هەڵکەوتەوە سروشتی بوونی ڕووخسارم زۆر گرنگ بوو، هەروەها زۆر گرنگ بوو کە لەگەڵ دوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی كلاسیکۆ پەیوەندییەکی باش دروست بکەم بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵه‌كانمان سه‌ركه‌وتووانه‌تر به‌رجه‌سته بكه‌ین.
* دراما و سینه‌ما نواندنه، به‌ڵام تۆ له كامیان زیاتر خۆت ده‌بینیه‌وه؟
- ڕاستە هەر نواندنە، بەڵام سینەما جیاوازتر و حەساسترە لە هەموو ڕوویەکەوە لە ئامادەکردنەوە بگرە تاوەکو نواندن، بە گشتی زیاتر خۆم لە سینەمادا دەبینمەوە، چونکە لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگی زۆرتری پێدەدرێت لە کاتی وێنە گرتن.
* له خانه‌واده‌كه‌ت پێشتر كه‌سیان كاری نواندنیان كردووه؟
- نەخێر بنەماڵەی من بنەماڵەیەکی سیاسییە، بۆیه هونەرمەندمان لە ئاستی دەرکەوتندا نەبووە و من یه‌كه‌م كه‌سم له خانه‌واده‌كه‌م كاری هونه‌ری نواندن ئه‌نجام بده‌م.
* تۆ ئێستا قوتابی كۆلێژی له هه‌مان كاتدا هونه‌رمه‌ندیشی، رۆژانه ژیانی خۆت چۆن رێكده‌خه‌ی له‌نێوان كۆلێژ و ماڵ و كاری هونه‌ری؟
- خوێندنم لە زانکۆ ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە ٨ کاتژمێر ده‌بێت بۆیه زۆربه‌ی کاتی رۆژانه‌م دەگرێت و دواتریش وەرزش ئه‌نجام ده‌ده‌م، ئەمەش بەشداری كردنی منی لە کاری هونەری قورس‌تر کردووە، بەڵام هەوڵم داوە لە کاتی پشووەکانمدا بەشدار بم لەو کاره هونه‌ریانەی کە پێشكه‌شم دەکرێن، دیارە تاوەکو ئێستا بۆ ڕێکخستنی کاتەکانم دەرهێنەران و ستافی ئەو ئیشانەی بەشدار بووم زۆر یارمەتیان داوم، چونكه ئه‌گه‌ر یارمه‌تیم نه‌ده‌ن ناتوانم كاته‌كانم به‌وشێوه‌یه رێك بخه‌م كه پێویسته .
* رۆڵی (چاوان) هه‌ست ناكه‌ی جورئه‌تی زۆری تێدا بوو؟
- بەلای منەوە تەنها دەرخستنی راستی ژیانی کچێکی عاشق بووە و عاشق بوونیش خۆی لە خۆیدا جورئەتی دەوێت، بۆیە پێویستە وا بێت.
* له داهاتوودا بۆ كاره هونه‌رییه‌كان هیچ مه‌رجێكت هه‌یه بۆ به‌شداری كردن؟
- بێگومان بەپێی سیناریۆ و ئاستی دەرهێنانی کارە هونەریەکان مەرجی خۆمم دەبێت، مه‌رج نییه له هه‌موو كاره‌كان هه‌مان مه‌رجم هه‌بێت، واته مه‌رجه‌كانم په‌یوه‌ستن به رۆڵه‌كه‌وه .
* زۆر له كچانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له نواندندا رۆڵی باش ده‌بینن و جورئه‌تێكی زۆریان هه‌یه له نواندن و بینینی رۆڵه‌كانیان، ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
- سەربەخۆیی و ڕچەشکێنییەک لە كچانی ڕۆژهەڵات هەیە هۆکاری سەرەکیی ئەو جورئەتەیە، هەروەها هونەر تا رادەیەک لە ژیانی هەموو تاکێک بە شێوازە جیاکان گرنگی زۆری پێ دەدرێت.
* به چ ئه‌كته‌رێكی كورد سه‌رسامیت؟
- مامۆستا جیهاد دڵ‌پاکی خوا لێ‌خۆش بوو.
* ئه‌ی له ئه‌كته‌ره جیهانییه‌كان كێ زیاتر سه‌رنجی راكێشاوی؟
- جۆنی دیپ و سکارلێت جوهانسۆن و له ئێرانییه‌كانیش گولشیفتە فەراهانی.