جنیڤه‌ر واز له‌ قژه‌ جوانه‌كه‌ی ده‌هێنێت

جنیڤه‌ر واز له‌ قژه‌ جوانه‌كه‌ی ده‌هێنێت
جنیڤه‌ر ئه‌نیستۆنی ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی ئه‌مریكی هه‌میشه‌ به‌ قژه‌ جوانه‌كه‌ی ناسراوه‌ و له‌ زۆر دیمانه‌ و چاوپێكه‌وتنه‌كانیش پرسیار ده‌رباره‌ی قژی ئاراسته‌ كراوه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی جوانی و سه‌رنجڕاكێشیی دانراوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت قژه‌ درێژه‌كه‌ی بڕی بێت. به‌م دواییه‌ جنێڤه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی بیڤرلی هێلز بینرا، به‌ڵام شێوازی قژی و داهێنانی زۆر گۆڕابوو و جیاواز بوو له‌و شێوه‌ی پێی ناسراوه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌تای كاری هونه‌ری ده‌ستی پێكرد، به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی»X17Online.com» ژماره‌یه‌ك وێنه‌گر توانییان چه‌ند وێنه‌یه‌كی بگرن به‌ لۆكه‌ نوێیه‌كه‌ی كه‌ بریتی بوو له‌ قژێكی زۆر كورت له‌ دواوه‌ و تا راده‌یه‌ك درێژ له‌ پێشه‌وه‌، ماڵپه‌ڕی ناوبراو زیاتر رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نیستۆن قژی خۆی له‌ پێشه‌وه‌ نزیكه‌ی 15 سانتیمه‌تر بڕی بوو له‌لایه‌ن دیزاینه‌ری به‌ناوبانگی قژ كریس ماكمیلان. ئه‌نیستۆن ده‌رباره‌ی دیزایینی نوێی قژی و بڕینی به‌ گۆڤاری (فۆگ)ی راگه‌یاند: خۆیشم نازانم ئه‌و بڕیاره‌م چۆن دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیڵێم كه‌ زۆر به‌ ساده‌یی ئه‌و بڕیاره‌م دا بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ كاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر چۆن ده‌بێت، به‌ ڕێكه‌وت رۆژێكیان سه‌یری ته‌له‌فزیۆنم ده‌كرد، كچێكم بینی یه‌كسه‌ر وێنه‌یه‌كیم گرت و بۆ كریسم نارد، ئه‌ویش وه‌ڵامی دامه‌وه‌ و وتی ئه‌مه‌ لۆرین هاولی رێكخه‌ری جلوبه‌رگه له‌ گۆڤاری (فۆگ) و هه‌ر ئه‌ویشه‌ به‌رده‌وام‌ قژم ئاماده‌ ده‌كات و زۆریش خۆشحاڵ بوو كه‌ من گرنگی پێده‌ده‌م و هه‌ر زوو ره‌زامه‌ندیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی من و له‌ كاتیشه‌وه‌ كریس بڕیاریدا هه‌مان شێوه‌ی قژی خۆی به‌ من ببه‌خشێت، ئه‌نیستۆن زیاتر ده‌ڵی: ئێستا هه‌ست ده‌كه‌م زیاتر له‌ جاران ساده‌ و ساكارم، چونكه‌ قژی درێــــــــــــــــژ پێویستی به‌ خزمه‌تی زیاتر هه‌یه‌ و زۆر جاریش دووچاری بێزاریت ده‌كات، شایه‌نی باسه‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ جنیڤه‌ر ئه‌نیستۆن قژی خۆی كورت ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌بووه‌.‌
Top