فیلمێكی كوردی- ئینگلیزی به‌ تیمێكی پرۆفیشناڵی به‌ریتانی له‌ كوردستان وێنه‌ی ده‌گیرێت

فیلمێكی كوردی- ئینگلیزی به‌ تیمێكی پرۆفیشناڵی به‌ریتانی له‌ كوردستان وێنه‌ی ده‌گیرێت
ماوه‌یه‌ك بوو ده‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی (من سامی-م) سه‌رقاڵی ئاماده‌كاریی بوون بۆ ده‌ستپێكردنی وێنه‌گرتنی له‌ كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین جار سه‌ردانی كوردستانیان كردو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سیاسی و هونه‌ری دانیشتنیان ئه‌نجامدا بۆ گه‌یشتن به‌ باشترین رێگا بۆ ده‌رهێنانی فیلمێك له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌سه‌ر عێراق و كوردستان تێپه‌ڕی. كورته‌ فیلمی (من سامی-م)، به‌رهه‌مێكی كوردی –به‌ر‌یتانییه‌، به‌زمانی ئینگلیزی ده‌بێت، ئه‌م فیلمه‌ش تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ پێناو زیاتر سه‌رخستنی فیلمی داهاتوو به‌ناوی (پێڵاوچاوبه‌ست) كه‌ بڕیاره‌ له‌ به‌هاری ساڵی 2014 له‌ كوردستان به‌رهه‌م بهێنرێت. چیرۆكی ئه‌م فیلمه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندی ناسراو (كه‌ی به‌هار) كاری ده‌رهێنانی بۆ ده‌كات، باس له‌ هاورێیه‌تی دوو كلتووری جیاواز له‌ دوو جیهانی جیاواز ده‌كات، كه‌ ده‌كرێت ئه‌و دووانه‌ له‌ شوێنێك بگه‌ن به‌ یه‌ك و ببنه‌ هاوڕێ، به‌ڵام ده‌كرێت به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌میان دروست نه‌بێت؟. ئه‌م چیرۆكه‌ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ جیهان، ئه‌ویش به‌ هاریكاریی وڵاته‌كان به‌ لابردنی ئه‌و سنوورانه‌ی له‌ نێوانیاندا بنیادنراوه‌ بۆ به‌یه‌كگه‌یشتنی گشت چینه‌ جیاوازه‌كان. (سامی) منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن (10) ساڵانه‌و (ئۆسكار) سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكییه‌و هاوڕێتی له‌ نێوانیان دروست ده‌بێت، ئایا ده‌وروپشته‌كه‌یان رێگه‌ ده‌دات بتوانن ئه‌و هاورێتییه‌ دروست بكه‌ن. له‌باره‌ی ئه‌كته‌ره‌كانه‌وه‌، كه‌ی به‌هاری ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێت: رۆڵی ئۆسكار ئه‌كته‌رێكی به‌ریتانی ناسراو به‌ناوی (نیك كۆرت) ده‌یبینێت، هه‌رچی رۆڵی سامی ئه‌كته‌رێكی كورد به‌ناوی (باوه‌ر نه‌سره‌ددین) ده‌بێت كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كاری ئه‌كته‌ری ده‌كات. باوه‌ڕ منداڵێكی كورده‌ ته‌مه‌ن 9 ساڵان توانی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌كته‌ران سه‌ركه‌وتوو بێت، كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا له‌ گشت شارۆچكه‌كانی كوردستان ئه‌نجامدرا، كه‌ی به‌هار زیاتر ده‌ڵێت: باوه‌ڕ له‌ نێو سه‌ده‌ها پێشكه‌شكار بۆ ئه‌م فیلمه‌ هه‌ڵبژێردرا، هه‌ر ئه‌ویش رۆڵی سه‌ره‌كی له‌م فیلمه‌دا‌ ده‌گێڕێت. شایه‌نی باسه‌، ئه‌كته‌ره‌كان له‌هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان بۆ ئه‌م فیلمه‌ هه‌ڵبژێردراون، به‌ وته‌ی ده‌رهێنه‌ریش ئه‌م كاره‌ به‌ ئه‌نقه‌ست نه‌بووه‌، به‌ڵكو رێكه‌وت بوو، ئه‌وه‌ش بۆته‌ مایه‌ی دڵخۆشی كارگێڕانی فیلمه‌كه‌. ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی كورته‌ فیلمه‌كه‌ دواو گوتی: ماوه‌ی فیلمه‌كه 13-14خوله‌ك ده‌بێت، نامانه‌وێت له‌ 15 خوله‌ك تێپه‌ڕ بكات، چونكه‌ ئه‌و فیستیڤاڵانه‌ی ده‌مانه‌وێت تێیدا فیلمه‌كه‌مان له‌ جیهاندا نمایش بكه‌ین پێیان باشه‌ فیلمه‌كه‌ له‌ 15 خوله‌ك كه‌متر بێت. (هه‌رچه‌نده‌ (من سامی-م) كورته‌ فیلمه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌كارێكی گه‌وره‌ سه‌یری ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش 16 فیلمكاری پرۆفیشناڵی به‌ریتانی شان به‌شانی 25 كادیری به‌توانای كورد له‌ پشته‌وه‌ی كامیرا كار ده‌كه‌ن) كه‌ی به‌هار وای گوت. ماوه‌ بڵێین، شارۆچكه‌ی مه‌خموور له‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه كه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ده‌ست به‌ وێنه‌گرتنی كراو له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی سیاسی و رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین رۆژنامه‌نووسی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن پرس و را ئالوگۆڕ كرا سه‌باره‌ت به‌ كارو چیرۆكی فیلمه‌كه‌. به‌رپرسانی شارۆچكه‌ی مه‌خمور زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازییان له‌ كادیرو ستافی فیلمه‌كه‌ كردووه‌و ته‌واوی ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ هاوكاریكردنیان له‌ پێناو سه‌رخستنی فیلمه‌كه‌و خۆشحاڵیی خۆیان پێگه‌یاندن به‌هۆی ده‌ستنیشانكردنی شارۆچكه‌كه‌یان به‌ سازدانی فیلمه‌كه‌. ماوه‌ بڵێین، به‌رپرسانی سیاسی و هونه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئه‌م كاره‌ ده‌ربڕیوه‌، كه‌ به‌وته‌ی پسپۆرانیش وێنه‌گرتنی ئه‌م فیلمه‌ له‌ شارو دێیه‌كانی كوردستان و به‌ ئه‌كته‌ری كورد به‌ره‌گه‌ز كورد، ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هاتنی گه‌وره‌ كۆمپانیاكانی بواری دروستكردنی فیلم بۆ هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی كێشه‌و ئازاری كورد له‌سه‌ده‌ی رابردوو بۆ به‌رچاوی وڵاتانی جیهان.
Top