ئیبراهیم سەعیدی: پێویستە زیاتر بایەخ بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەكان بدەین

ئیبراهیم سەعیدی: پێویستە زیاتر بایەخ بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەكان بدەین
سینەماكاری ناسراو ئیبراهیم سەعیدی دوای سەركەوتنی فیلمی (دایكانی من) ئێستا كۆتایی بەكارەكانی فیلمێكی دیكە هێناوە بەناوی (شوێن پێی ماندوو) كە ئامادەیە بۆ نمایشكردن، ئەو كە لە فیلمی پێشوویدا سەركەوتنی بەدەست هێنا و سەرنجی بینەران و رەخنەگرانی هونەری بۆ لای خۆی راكێشا، دەیەوێت لە فیلمە نوێیەكەشیدا هەمان كار دووبارە بكاتەوە. پسپۆری و تایبەتمەندی لە سیما دیارەكانی ئیبراهیم سەعیدین، لەبەرئەوەی لەمنداڵییەوە حەزی لەبواری سینەمابووە و لەو رووەوە هەنگاوی زۆری ناوە. لەدەرفەتێكدا سینەماكار ئیبراهیم سەعیدیمان دواند.

* دوای فیلمی (دایكانی من) چی نوێت لەبەر دەستدایە؟
_ دوای دایكانی من فیلمێكی سینەماییم بەدەستەوەیە بە ناوی (شوێن پێی ماندوو) كە بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیریولاوان و بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرە، نزیكەی دووساڵە كاری لەسەر دەكەم، ئێستا تەواو بووە و ئامادەیە بۆ نمایشكردن. بابەتەكەشی سەبارەت بە بنەماڵەیەكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە نزیكەی سی ساڵ پێش ئێستا هاتوون بۆ باشووری كوردستان، بەڵام حكومەتی بەعس بەهۆی ئەو سیاسەتەی هەیبوو، نەیهێشت لە كوردستان بمێننەوە و رەوانەی ئۆردوگاكانی باشووری عێراقی كردبوون. ئەو بنەماڵەیە تاكو ساڵی 2003 لە ئۆردوگاكانی ژێر دەسەڵاتی بەعس دەژیان و دوای ئەو كاتە بەیارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە كوردستان. باوكی ئەو بنەماڵەیەی فیلمەكە باسی دەكات بەهۆی پیری و جەڵتە لێدانەوە تەندروستی باش نییە، كوڕەكەی دەیەوێت بیبابتەوە بۆ دێیەكەی خۆی لە رۆژهەڵاتی كوردستان. كە ئەوان دەگەڕێنەوە فیلمەكە لەسەر سنوور كۆتایی پێدێت.
* لەفیلمی (دایكانی من) چ دیمەنێك زیاتر سەرنجی راكێشای؟
_ راستیەكەی ئەو فیلمە بووە هۆی ئەوەی زیاتر مەسەلەكەم بناسم و لێی نزیك ببمەوە. ئەو ئازارە سەختەی نزیكەی بیست و چوار ساڵە چەشتوویانە و بەرگەیان گرتووە، لەنزیكەوە هەستی پێبكەم. هەر ئەوەش بوو وایكرد ئێمە ئەو فیلمە بەرهەم بهێنین كە سەرەتا پێمان وابوو بە نزیكەی شەش مانگ تەواوی بكەین، ئێمە ویستمان وەك هەستێكی نەتەوەیی خۆی دەربخاو وەك پڕۆژەیەكی نەتەوەیی كاری لەسەر بكرێت كە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند.
* ئایا توانیوتانە ئەو پەیامە بگەیەنن كە مەبەستتان بوو؟
_ تاڕادەیەكی زۆر توانیومانە پەیامەكە بگەیەنین، ئەگەرچی ئەنفال برینێكی ئەوەندە قووڵ و گەورەیە. ئەوان ساڵانێكی زۆر بەبێ ئەوەی ناڕەزایی دەرببڕن و گلەیی بكەن، بەرگەی ئەو ژیانە سەختەیان گرتووە، دووری لەخۆشەویستانیان،چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازیزانیان، ئێمە هەوڵمان داوە بە بینەری فیلم ئەو بوارە ئاشنا بكەین كە تاڕادەیەك شارەزایی نییە و بەجۆرێك كاری تێبكات كە قەت نەتوانێت لەبیری بكات و فەرامۆشی بكات.
* زۆر فیستیڤاڵ لێرە و لەوێ ساز دەكرێن بەڕای تۆ تاچەند خزمەتی سینەمای كوردییان كردووە؟
_ ئەو فیستیڤاڵانەی بەڕێوەدەچن تاكە هۆكارە بۆ ئەوەی دەرهێنەران فیلمەكانیان نمایش بكەن و بینەر بیانبینێت، ئەو فیستیڤاڵانە گرنگن بۆ ئەوەی دەرهێنەران كاردانەوەی بینەران بزانن بەرامبەر بەرهەمەكانیان. هەروەها رێخۆشكەرە بۆ ئەوەی دەرهێنەران یەكتر ببینن و گفتوگۆ بكەن و زیاتر ئاشنایەتیان لەگەڵ یەكتردا هەبێت. بەڵام خاڵێكی دیكەی گرنگ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو فیستیڤاڵانەیە، كاتێك سەركەوتووتر دەبن كە بەشێوەیەكی باشتر بەڕێوە بچن، بۆ ئەمەش بوونی لیژنەیەكی پسپۆر زۆر پێویستە كە شارەزاییان لەسینەمادا هەبێت و لە پەنای دەستەی سینەما بن كە بتوانن بە زانستی ئەوان فیستیڤاڵەكە دەوڵەمەندتر بكەن. فیستیڤاڵ بۆ ئەوە نییە فیلم نمایش بكرێت و دواتر هەر كەسێك بچێتەوە ماڵی خۆی، كاتێك سینەماكاران لەدەرەوە و ناوەوە كۆدەبنەوە بۆ چەند رۆژێك لەو فیستیڤاڵەدا گفتوگۆ دەكەن و سوود وەردەگرن، كاتێك كەسێك لەدەرەوە دێت بۆ ئێرە بە بینینی فیستیڤاڵێك دەزانێت سینەما لێرەدا چۆنە، سینەما ئاوێنەیەكە كە بۆ ئەو كەسانە دەردەخات كە چەند گرنگە بۆ خەڵك و حكومەتی كوردستان. بۆیە پێویستە زیاتر بایەخ بەچۆنیەتی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەكانمان بدەین.
* تۆ لەو دوو رۆژە لە فیستیڤاڵی كورتە فیلم ئامادەبووی، بەشێوەیەكی گشتی ئاستی بەرهەمەكانت چۆن بینی؟
_ ئەوە دوو رۆژە دەستی پێكردووە و ناتوانم دەربارەی هەموو فیلمەكان قسە بكەم، بەڵام ئەوەی لەو دوو رۆژە بینیومە بەدڵخۆشیەوە سەركەوتنێكی گەورەی تێدا دەبینم. لەو فیستیڤاڵانانەی ساڵانێك پێش ئێستا لێرە بەدەگمەن نەبووایە بەرهەمێكی باشت نەدەبینی لەهەموو بوارەكاندا، بەڵام ئەم یەك دوو رۆژە هەست دەكەی قسەیەكیان هەیە بۆ وتن، لەبارەی وێنەگرتن و مۆتاژ و دەنگ و دەرهێنان كە بەرەو پێشچوونێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەوانەی لەو بوارەدا كار دەكەن، خەریكە ئەزموونیان زیاتر و پوختەتر دەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەو بەهێزی و بەرەوپێشچوونە هەست ئەكەم زۆر كار لەسەر ناوەڕۆك نەكراوە، زۆر لەو فیلمانە لەباری تەكنیك، كاری باشی لەسەر كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بیرۆكەكەی باش نییە، بۆیە لەم كاتەدا هەرچەند هەوڵ بدەی ناتوانی فیلمێكی سەركەوتوو دروست بكەی.
* لە زۆربەی فیستیڤاڵەكان سینەماكارانی رۆژهەڵاتی كوردستان خەڵات بەدەست دەهێنن، هۆكاری ئەمە چییە؟
_ بەگشتی سینەماكارانی ئێران خاوەنی ئەزموونێكی دوورودرێژی مێژوویین، ئەمەش لەوەوە هاتووە كە یەكێك لەو وڵاتانە بووە كە لە سەرەتاوە سوودیان وەرگرتووە لەهونەر و بایەخیان بە سینەما داوە، ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی زیاتر لە سەد ساڵ مێژووی سینەمای هەیە، ئەو مێژووە بۆتە هۆی ئەوەی ئەزموون و زانستی زۆر بێت، بۆیە دەرهێنەر و سینەماكار و وێنەگری باشی هەیە. كوردەكانیش هاوشانی ئەوان هەوڵیان داوە سوودمەند بن و شارەزایی پەیدا بكەن و لەبواری سینەمادا بەرهەمی باش دروست بكەن و سەركەوتن بەدەست بێنن.
* سینەمای نەتەوەییمان تاچەند پێویستە و چۆن دێتە بوون؟
_ ئەگەر بمانەوێت باسی سینەمای نەتەوەیی بكەین، ئەوا كاتێكی زۆری دەوێت و زۆر دوورودرێژە. سینەما چەكێكە نە دەنگی هەیە و نە مرۆڤ دەكوژێت، بەڵام زۆر ئاساییە ئەوەی پێت خۆشە لەبارەی بیر و فكرەوە وا بیخەیتە مێشكی بینەر كە خۆشی هەستی پێنەكات. ئێستا لە رێگەی فیلم و سینەما و هونەرەوە خەریكە وڵات داگیر دەكەن، واتە بەبێ بەكارهێنانی چەك وڵاتەكەیان داگیر كردووە. بۆیە زمانی سینەما سنوور ناناسێت و پێویستی بە زمان و وشە و وەرگێڕان نییە. ئێستا خەڵك زۆر بایەخ بە زمانی سیاسەت نادات، زیاتر سینەما كاریگەری هەیە لە هەر شتێك بۆ لەیەك نزیكبوونەوەی گەلان.
* بەمنداڵی بیرت لەوە دەكردەوە فیلمی سینەمایی بەرهەم بێنیت و بەكام سینەماكار سەرسام بووی؟
_ راستییەكەی لەوەتەی لەیادمە و دەوروبەری خۆم ناسیوە لەناو شانۆ و فیلم و سینەمادا بووم، هەر بۆیە لەشوێنێك گەورە بووم كە زۆر بایەخ بە هونەر دراوە، خولی شانۆ كراوەتەوە، لەدوای شۆڕشی ئێران ئاشنا بووم بە ناوی یەڵماز گۆنای، ئەو كاتە تەمەنم زۆر نەبوو، كە ناوم بیست، بەڵام هەستم كرد كەسێك بوو توانیویەتی ئەو قسانەی دەبووایە كرابایە و نەتدەتوانی بە نووسینێك یان كتیبێك یان تابلۆیەك یان زمانێكی دیكە دەریببڕی، توانیویەتی ئەو قسەیە بكات لە رێگەی هونەر و سینەماوە كە من وەك سیمبول و رابەرێك لێم دەڕوانی.
Top