ئۆباما و شاكیرا پشتیوانی له‌ كۆچبه‌ران ده‌كه‌ن

ئۆباما و شاكیرا پشتیوانی له‌ كۆچبه‌ران ده‌كه‌ن
ئه‌ستێره‌ی پۆپی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك كۆلۆمبی شاكیرا گه‌یشته‌ شارۆچكه‌ی فینیكس بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فیل گۆردون سه‌رۆكی شاره‌وانی شارۆچكه‌كه‌ بۆ یارمه‌تیدانی له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ده‌ستیپێكردووه‌ دژی یاسایه‌كی نوێی ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا بۆ رووبه‌روونه‌وه‌ی كۆچی نایاسایی، چونكه‌ گۆردنیش یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ توندی دژی ئه‌و یاسایه‌یه‌.

هه‌رچه‌نده‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی شاكیرا هیچ شتێكیان ده‌رباره‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ باس نه‌كرد، به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ رایانگه‌یاند كه‌ شاكیرا چاوی به‌و خێزانانه‌ كه‌وتووه‌ كه‌ زه‌ره‌رێكی زۆریان به‌ر كه‌وتووه‌ به‌هۆی ئه‌م یاسایه‌وه‌ بۆ ده‌ربرِینی پشتگیری خۆی بۆیان، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌یدا شاكیرا به‌شداری له‌ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ر بوروژێنێت و رای گشتی خه‌ڵكی بۆ ئێش و ئازاره‌كانی ئه‌و خانه‌وادانه‌ رابكێشێت كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پشتگوێ خراون، شاكیرا راشیگه‌یاند ئه‌م یاسایه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی جیاوازی ئیتنی له‌نێوان پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌ریزۆنا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئه‌مریكا ره‌خنه‌یه‌كی توندی له‌و برِیاره‌ گرت و گوتی: ده‌بێته‌ هۆی لاواز بوونی چه‌مكی سه‌ره‌كی یاسا كه‌ زۆر پیرۆزه‌ لای گه‌لی ئه‌مریكی، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی برِوا و متمانه‌ به‌ یه‌كتری له‌نێوان پۆلیس و ئه‌ جالیانه‌ی له‌ ئه‌مریكا ده‌ژین كه‌ ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه‌ بۆ پاراستن و مسۆگه‌ر كردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا.
Top