هونەرمەند تەها خەلیل بۆ گوڵان: لایەنی بەرپرس دەبێت ئەوە بزانن هەرچی سمێڵی سوور بوو هەمزە ئاغا نییە

هونەرمەند تەها خەلیل بۆ گوڵان: لایەنی بەرپرس دەبێت ئەوە بزانن هەرچی سمێڵی سوور بوو هەمزە ئاغا نییە
تەها خەلیل خاوەنی ئەزموونێكی دوور و درێژە لە بواری هونەری نواندنا و توانیویەتی خزمەتێكی دیار بە شانۆ و درامای كوردی بكات، هەرچەند باری تەندروستی ناو بەناو نالەبار دەبێت، بەڵام هەمیشە نەفەسی خزمەت گەیاندنی بە هونەری شانۆ و دراما درێژە، دوایین كاریشی بەشداریكردن بووە لە درامای (نامەكانی ئەشرەف) كە بە رۆڵی عومەرە فەندی لە دراماكەدا بەشدارە، ئێمەش بە پێویستمان زانی وەكو گۆڤاری گوڵان بەم دیدارە هونەرییە لە شاری سلێمانی ، هونەرمەند تەها خەلیل بەسەر بكەینەوە.
دیمانە : سۆران مارف كەریم
[email protected]
* بەشداریكردنتان لە درامای نامەكانی ئەشراف چۆن بوو. ئایا تا چەند لە رۆڵ و ئەدای نواندنی خۆت لە دراماكە رازیت؟
- سەرەتا كە باس لە ئەنجامدان و بەرهەمهێنانی درامای نامەكانی ئەشرەف كرا، دەستنیشان كرام بەوەی رۆڵی (ئەمیر بازرگان) ببینم، دواتر دەرهێنەری دراماكە (لوقمان غەریب) رازی نەبوو لە ئەدای كارەكتەری (عومەرە فەندی)، ئەوە بوو داوای لە من كرد كەوا ئەو رۆڵە ببینم، منیش داوام كرد كەوا سیناریۆكە بخوێنمەوە تا بزانم دەتوانم كەسایەتی (عومەرە فەندی) بەرجەستە بكەم، پاش خوێندنەوەی دەقەكە رازی بووم ئەو رۆڵە ببینم، دوای بەرجەستەكردنی رۆڵەكەش دەرهێنەری دراما زۆر خۆشحاڵ بوو لە ئەدای رۆڵی من لە دراماكە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كەوا هیچ تێبینیەكی لە بەرجةستەكردنی رۆڵی (عومەرە فەندی) نییە، منیش بە ئومێدم توانیبێتم لەو رۆڵەدا سەركەتوو بووبێتم و پێموایە بە رای بینەریش توانیومە تا ئاستێكی باش ئەو رۆڵە بەرجەستە بكەم، بۆ شایەتی ئەمەش هەموو ئەو دەستخۆشی و پیوەندییانەیە كە رۆژانە بینەری كارەكەم لە رێگەی تەلەفیزیۆنەوە بۆم دەنێرن.
* جیاوازی ئەم كارەو كارەكانی پێشووت لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟
- هەمیشە هەوڵ دەدەم جیاوازی هەبێت لەو كارەی كە پێشوتر كردوومە لەگەڵ ئەو كارە نوێیەی كە بەنیازم ئەنجامی بدەم، هەمیشە بەرنامەو پرۆگرامم بەو شێوەیە بووە ئەگەر بزانم كارێكی نوێ كە ئەنجامی دەدەم لە كارەكانی پێشووم سەكەوتووتر نییە، بێگومان ئەنجامی نادەم، جیاوازییەكانی ئەم كارەو كارەكانی پێشووم بێگومان بەراوردەكەی لای بینەرە.
* لایەنە باشەكانی درامای نامەكانی ئەشرەف لە چیدا دەبینیتەوە؟
- دیارە ئەنجامدان و بەرهەمهێنانی هەر درامایەك وەكو وانەیەك وایە بۆ پەروەردەو ئاراستەكردنی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی باش، دراما زۆر جار كاریگەری لەسەر وشیاركردنەوەی تاك هەیە. دەرهێنەر و سیناریۆنووس زۆرجار لە رێگەی دراماوە پەنجەیان خستۆتە سەر گیروگرفت و ئاستەنگەكان و وشیاری دەدەنە خەڵك كە ئەم جۆرە كەسانە لەناو كۆمەڵگەدا هەن، بۆیە دەبێت وریا بن و لەم زەمەنی تەكنەلۆژیاو پێشكەوتندا دەرفەت بۆ ئەم جۆرە كەسانە نەڕەخسێنرێت كە دەیانەوێت بازرگانی بە ژيانی خەڵكەوە بكەن و بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان میللەت و خەڵك بەكار بهێنن.
* ئەو كەموكوڕی و هەڵە تەكنیكیی و هونەرییانەی كە لە درامای نامەكانی ئەشرەف هەیە، هۆكارەكەی لە چیدا دەبینیتەوە؟
- وەكو ئەوەی ئەزموونێكی زۆرم لە بواری كاری نواندندا هەیە، لەم وڵاتەی ئێمەدا هیچ كارێك بەبێ كەموكوڕی نابێت. بەڵام گرنگ ئەمەیە هەوڵی بنەبڕكردنی كەموكوڕییەكان بدەیت و جار لەدوای جار هەنگاوی جددی بۆ خزمەتی هونەری كوردی بێنیتە ئاراوە. بۆ وەڵامی پرسیارەكەشت پێموایە بینەر دەتوانێ ئاماژە بە كەموكوڕی بدات ئەگەر هەبێت، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بینەر سەنگی مەحەكە.
* بۆ ئەم زەمەنە پێویستمان بە نامەكانی ئەشرەفە یاخود درامای گەردەلوول؟
- دەبێت پڕۆژە هونەرییەكانمان لە زۆر رووەوە خزمەتی كۆمەڵگە بكەن، پێموایە بۆ ئەمڕۆ هەم گەردەلوول و هەم نامەكانی ئەشرەف و هەم كاری تری هونەریشمان پێویستە، دەبێت هەوڵ بدەین لە هەموو روویەكەوە خزمەتی هونەری كوردی بكەین، دەبێت بە كاری نوێ و كاری مۆدێرن خزمەتی رەوتی هونەری نواندن بكەین.
* درامای گەردەلوول قسەو باس و رەخنەی زۆری لێگیرا، تۆ وەكو كەسێكی بە ئەزموون تێڕوانینتان لەسەر دراماكە چییە؟
-درامای گەردەلوول رووداوێكی مێژووییە ئەگەر سەد لەسەد رووداوەكانیش وەك خۆی نەبێت، بەڵام هەندێك رووداوی مێژوویی گرنگی تیایە كە دان بە خەبات و بەرخودانی بزافی رزگاریخوازی گەلەكەمان دەنێت، پێموایە لە هونەردا هەرگیز ناتوانی سەد لەسەد رووداوەكان وەك خۆی ئاماژە پێ بكەیت، دەبێت هەمیشە بەرگێكی نوێ بە بەری رووداوەكەدا بكەیت و بە شێوازێكی هونەری مۆدێرن بایەخ بە رووداوەكە بدەیت، بێگومان گەردەلوولیش گرنگی و بایەخی خۆی لەسەر شۆڕشی خەباتی گەلی كورد هەیە، ئەم هۆكارانە هەوڵێكن بۆ زیندووكردنەوەی مێژووی گەلی كورد.
* بە گشتی درامای كوردی لە چ قۆناغێكدایە، ئایا درامای كوردی توانیویەتی چاوی بینەری كوردی تێر بكات؟
- درامای كوردی لە گەشەكردندایەو پێموایە توانیویەتی هەنگاوی خۆی بنێت، بە مەرجی ئەوەی لەڕووی تەكنیكی هونەرییەوە ئەمڕۆ لە جاران زیاتر گەشەی سەندووە، درامای كوردی توانیویەتی بچێتە قۆناغێكی نوێوە، ئەوەی زیاتر دڵخۆشكەرە ئەوەیە كە ئەمڕۆ رۆڵی ئافرەت لە بواری دراما زیاترەو ئافرەتانیش توانیویانە لەو رووەوە زیاتر هەوڵی خۆیان بۆ خزمەتی هونەری نواندن بدەن، راموایە نەبوونی ئافرەت لە بواری شانۆ و دراما وەكو دەریایەكی بێ ماسی وایە.
* حكومەتی هەرێم هەواڵەكانی لە خزمەتی هونەری نواندن چڕكردۆتەوە، تا چەند پێتوایە ئەم هەوڵانە جێگەی خۆیان بۆ پێشكەوتنی هونەری نواندن گرتۆتەوە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان دەورێكی گرنگی بینیوە لە خزمەتی بواری هونەری نواندن، دەتوانم بڵێم هەوڵەكانی حكومەت بە ئاراستەیەكی باش شوێنی خۆی گرتووە. هەر میللەت و دەسەڵاتێك گرنگی بە بواری هونەر بدا، ئەوا بێگومان ئەو میللەتە زوو دەگاتە ئامانج و ئاواتی خۆی، هەرچەند گلەیی بچووكیش هەن كە هونەرمەندان ئاراستەی دەسەڵاتی دەكەنەوە، بۆ نموونە هەندێك هونەرمەند ژیانی خۆیان لە پێناوی خزمەتكردنی هونەر فیدا كردووە، دەبێت حكومەتیش بیر لە دابینكردنی ژیانی ئەو هونەرمەندانە بكاتەوەو بایەخی جددیان پێ بدات، دەبێت حكومەتی هەرێم زەمینەی زیاتر بۆ خزمەتی هونەرمەندان بڕەخسێنێت.
* ئەو فیستیڤاڵانەی لێرەو لەوێ بۆ فیلم و شانۆ و دراما ئەنجام دەدەرێت، تۆ تا چەند بە هەوڵی جددی دەزانیت بۆ خزمەتی هونەری نواندن؟
- بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو كارانە هەنگاوی جددین بۆ خزمەتی هونەری نواندن، تا فیستیڤاڵ و سیمینار و هەواڵەكانی تر بخرێنەگەڕ بۆ خزمەتی هونەری نواندن، بێگومان تێگەیشتن و پێشكەوتنی شارستانی كۆمەڵگەی كوردی دەخاتە روو، بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەمانە هەوڵی جددین بۆ خزمەتی هونەری نواندن.
* سەبارەت بەو بودجەیەی كەوا وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم خەرجی دەكات، هەندێك هونەرمەند گلەیی ئەوەیان هەیە كەوا زۆرێك دراماو كاری هونەری پارەیان بۆ خەرجكراوە كەچی لەبەر نەبوونی مەرجی هونەریی و گرفتی تەكنیكی كارەكان پەخش نەكراون، تۆ لەم رووەوە چی دەڵێیت؟
- دەبێت لایەنی بەرپرس ئەوە بزانن كەوا هەرچی سمێڵی سوور بوو هەمزە ئاغا نییە، ئەوەی وتی من كاری هونەری دەكەم هونەرمەندیش نییە، ئەوە زیاتر چ بە هونەر و چ بە سامانی دەوڵەت دەبێت ئەو كارانەی پێشكەش دەكرێت دوای هەڵسەنگاندنی لیژنەیەكی پسپۆر ئینجا بڕیار لە سەر بەرهەمهێنانی كارێك بدرێت، نەوەك بیر لە خزم خزمێنە و برادەرایەتی بكرێتەوە.
* دوای پڕۆژەی نامەكانی ئەشرەف بەرنامەو پڕۆژەی هونەریت چییە؟
- هەمیشە ئامادەم بۆ خزمەتكردنی هونەری نواندن، هەتا ئەو زەمەنەی ژیانم مابێت لە خزمەتی هونەری كوردیدا بەردەوامم، ئاواتم ئەوەیە ئەو خزمەتانەی كەماومانە لە خزمەتی هونەری كوردیدا بەسەری بەرم، هەرگیز نامەوێت لە خزمەتی هونەر داببڕێم.
* رات چیە سەبارەت بە رۆڵی ئەو گەنجانەی لە بوارەكەدا دەبینرێن؟
- خۆشحاڵم بە بیننی زۆرێك لەو گەنجانەی لە بواری هونەری نواندن كاردەكەن، بەڵام با زیاتر هەوڵی ئەكادیمی بوونی خۆیان و كارەكانیان بدەن و هەوڵ بدەن سوود لە ئەزموونی ئەوەی پێش خۆیان ببینن، ئێمەو نەوەی ئایندە هەردووكمان دەتوانین خزمەتی زۆر جوان بە هونەری كوردی بكەین.
* ئایا رەخنەگری جددیمان لە بواری هونەری نواندن دا هەیە؟
- ئەگەر ژیان رەخنەو پێشنیاری تیا نەبێت، بێگومان پێش ناكەوێت، رەخنە بنەمای دروستكردنی هەر پڕۆسەیەكە، مرۆڤ ئەوكاتە دەتوانێ بونیادی ژیانی خوێ بنێت كەوا گوێ لە رەخنە بگرێت، هەنگاویش هەیە بۆ دروستبوونی رەخنە لە بواری هونەریدا.
Top