نینا جه‌مال: ره‌خنه‌یه‌ك بۆ ناو زرِاندن بێت گوێی لێناگرم

نینا جه‌مال: ره‌خنه‌یه‌ك بۆ ناو زرِاندن بێت گوێی لێناگرم
نینا جه‌مال وه‌ك زۆر له‌ كچه‌ گۆرانیبێژه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستی به‌كاری هونه‌ری كردووه‌ و ئێستا له‌ سه‌ره‌تای كاروانی هونه‌ری دایه‌، هه‌ر له‌ ته‌مه‌نێكی زووه‌وه‌ حه‌ز و خولیای بۆ هونه‌ر و گۆرانی گوتن هه‌بووه‌، هاندان و پاڵپشتی خانه‌واده‌كه‌یان به‌تایبه‌تی باوكی زیاتر نینای هاندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌ كاری هونه‌ری و گۆرانی گوتن، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی دایه‌، به‌ڵام به‌ شایه‌دی زۆر له‌وانه‌ی شاره‌زای هونه‌ری گۆرانی گوتنن، پاشه‌رِۆژێكی هونه‌ری پرشنگدار چاوه‌رِێی ده‌كات. نینا كه‌ له‌ وڵاتی ئوسترالیا نیشته‌جێیه‌ ماوه‌یه‌كه‌ گه‌رِاوه‌ته‌وه‌ كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانی یه‌كه‌م ئه‌لبوومی خۆی و تۆمار كردنی چه‌ند كلیپێك، بۆیه‌ به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا ساز بكه‌ین.
* سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی كاری هونه‌ریت بۆ كه‌ی ده‌گه‌رِێته‌وه‌؟
- ته‌مه‌ن پانزده‌ ساڵانه‌ بوو، كه‌ گروپێكی میوزیكی كوردی له‌ ئوسترالیا دامه‌زرا، به‌ ناوی ئاڤێستا، باوكم سه‌رپه‌رشتی ئه‌و گروپه‌ی ده‌كرد، من ئه‌وه‌ به‌ ده‌سپێكی كاری هونه‌ریم ده‌زانم.
* بۆ كاری هونه‌ری جگه‌ له‌ خانه‌واده‌كه‌تان به‌تایبه‌تی باوكت كێی تر هاوكاری كردی و هانیدای ؟
- ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ گروپی ئاڤێستادا بوون هه‌وڵیان ده‌دا هاوكاریم بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گروپه‌كه‌ به‌ره‌و پێش بچێت، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش زیاتر وه‌ك هاوكاریه‌ك بێت بۆ گروپه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌روه‌ها به‌رِێز عه‌بدوڵڵا خۆشناو هه‌وڵی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووی ده‌نگه‌وه‌ پێش بكه‌وم.
* ماوه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێكی هونه‌ری و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌لبوومێك گه‌رِاویه‌ته‌وه‌ كوردستان، ئێستا كاره‌كانت به‌چی گه‌یشتن؟
- ئێستا ئه‌لبوومه‌كه‌م له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌, ماوه‌یه‌كی تر ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ده‌ستی گوێگرانی خۆشه‌ویست, ئێستاش له‌ خۆئاماده‌كردنم بۆ ئه‌نجامدانی كلیپی دووه‌م.
*دوای ئه‌وه‌ی هاتییه‌وه‌ بۆ كوردستان، تێروانینت بۆ كاری هونه‌ری له‌ كوردستان چۆنه‌ ؟
- له‌ كاری موزیك له‌ كوردستان زۆر رازیم, دڵخۆشیشم كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌م ئه‌م جۆره‌ توانایانه‌ هه‌یه‌.
* دوای ده‌ركه‌وتنی چه‌ند گۆرانیبێژێكی ئافره‌ت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێگیرا كه‌ هونه‌ری كوردی ده‌شێوێنن، ترسی ئه‌وه‌ت نییه‌ ئه‌م ره‌خنانه‌ ئاراسته‌ی تۆش بكرێن؟
-من ترسی ره‌خنه‌ی هونه‌رییم نییه‌، چونكه‌ به‌ ره‌خنه‌ هونه‌رمه‌ند پێش دكه‌وێت. هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك له‌ لایه‌نی هونه‌ریه‌وه‌ بێت ده‌یخه‌مه‌ سه‌ر سه‌ر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ ته‌نیا بۆ ناوزرِاندن بێت من گوێشی لی ناگرم.
* ئایا راسته‌ هه‌ندێك ئافره‌ت له‌ رێگای گۆرانییه‌كانیانه‌وه‌ ته‌نیا له‌ش و لاری خۆیان نمایش ده‌كه‌ن ؟
- من ناتوانم را و بۆچوون له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی هیچ كه‌سێك بده‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ به‌ كاری هونه‌ری جوان و پوخت سه‌رده‌كه‌وێت نه‌ك به‌ نمایش كردنی له‌ش و لار.
* تۆ له‌ سه‌ره‌تای كاری هونه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوو بی و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ره‌خنه‌ت لێ نه‌گیرێ پشت به‌چی ده‌به‌ستی ؟
- ره‌خنه‌ هه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م تا پێم بكرێت كاری جوان پێشكه‌ش بكه‌م و له‌ هونه‌ردا ویژدانم رازی بكه‌م.
* جاران زۆربه‌مان ده‌مانگوت ئافره‌تی هونه‌رمه‌ندمان كه‌ممه‌ ئێستا ژماره‌یان زۆره‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ له‌ هونه‌ره‌كه‌یان ده‌گیرێ، وه‌ك ئافره‌تێك پێت باشه‌ ژماره‌ی ئافره‌تان زۆر بێت یان ئه‌و هونه‌ره‌ی پێشكه‌شی ده‌كه‌ن له‌ ئاستی پێویست بێت؟
-چه‌ند زۆر بێت باشه‌, به‌ڵام كاری جوان و شیاو پێشكه‌ش به‌ هونه‌ری كوردی بكه‌ن.
* چۆن شیعری گۆرانییه‌كانت هه‌ڵده‌بژێری؟
- من ئه‌و شیعرانه‌ هه‌ڵده‌بژێرم كه‌ هه‌ستێكم پی ده‌به‌خشێت و ئاسایی بێت به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی پاراستنی دابونه‌ریتی میلله‌ت وڵاته‌كه‌شم.
* ره‌سه‌نایه‌تی هونه‌ری چۆن پێناسه‌ ده‌كه‌یت؟
- هونه‌ری ره‌سه‌ن رۆژگار ده‌یسه‌لمێنێت و قه‌ت نامرێت.
* پێت وایه‌ هونه‌ری كوردی ره‌سه‌نایه‌تی خۆی له‌ده‌ستداوه‌؟
- پێم وانییه‌, چونكه‌ ئه‌گه‌ر ره‌سه‌نایه‌تی هونه‌ری كوردی له‌ده‌ست درابوایه‌ ئێستا ناو و گۆرانییه‌كانی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ره‌سه‌نانه‌مان نه‌ده‌زانی بۆ نموونه‌ ( مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك و ماموستا تایه‌ر تۆفیق و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان).
*زۆر كه‌س ده‌ڵێن به‌ بازرگانی كردنی هونه‌ری ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی هونه‌ری، تۆ پشتگیری له‌و قسه‌ ده‌كه‌یت؟
- نه‌خێر, ئه‌وه‌ بازرگانی كردن نییه‌ به‌ هونه‌ر ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێك پاره‌ی فرۆشتنی ئه‌لبومه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌, ئه‌وه‌ ره‌نجی ماندووبوونی خۆیه‌تی و ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئه‌ی هونه‌رمه‌ندان به‌چی بژین و چۆن كاری هونه‌ری بكه‌؟
* له‌ ئوسترالیا ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م تۆ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ئافره‌ت چین؟
- وه‌ك ئافره‌ت هیچ ئاسته‌نگێك نییه‌، به‌ڵام وه‌ك هونه‌ر من كاركردنم له‌ كوردستان پێ پرۆفشناڵتره‌ نه‌ك له‌وێ بۆ كچه‌ گۆرانیبێژێكی كورد.
* رقت له‌ چییه‌؟
- زۆر رقم له‌ درۆ و بوختانه‌.
* حه‌زت له‌ چ ره‌نگ و وه‌رزش و خواردنێكه‌ ؟
- حه‌زم له‌ ره‌نگی شین و سه‌وزه‌. وه‌رزش ناكه‌م، به‌ڵام حه‌زم له‌ سه‌یركردنی فۆتبۆڵه‌ . حه‌زم له‌ خواردنی یاپراخ و شێخ مه‌حشیه‌.
* زانیاریت هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژه‌نینی ئامێره‌ مۆسیقییه‌كان؟
- زانیاریم هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژه‌نینی كیبۆرد به‌ڵام به‌كه‌می.
* به‌ نیازی كه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ت بڵاوبكه‌یته‌وه‌ و كێ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌؟
- تا ئێستا له‌گه‌ڵ هیچ كۆمپانیایه‌ك به‌ فه‌رمی رێك نه‌كه‌وتووین به‌ڵام له‌و نزیكانه‌ برِیار وایه‌ رێك بكه‌وین.
Top