"كۆگای ئازار" زۆرینەی خەڵاتەكانی ئۆسكاری بردەوە

فیلمی "the hurt locker" لەهەشتاو دووەمین ئاهەنگی پێشكەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار، شەش خەڵاتی بردەوە، كەلەنێوانیاندا خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین دەرهێنانە، و بەمەش هیواكانی فیلمی ئەڤاتاری خستە گۆڕەوە.
خەڵاتی ئۆسكار، ناوە راستییەكەی خەڵاتی ئەكادیمیایە "Academy Award" ئەم خەڵاتە ساڵانە لەلایەن "ئەكادیمیای هونەر و زانستی سینەما" دەبەخشرێت كەبە گەورەترین خەڵاتی سینەمایی لەئەمەریكا دەژمێردرێت، تەنانەت هەندێك لەپسۆڕانی سینەما پێیان وایە ئەم خەڵاتە لە هەموو جیهان پلە یەكە.
ئەكادیمیای هونەر و زانستی سینەما، ئەكادیمیایەكی تەشریفییە، نەوەك زانستی، لەساڵی 1927ز لەشاری كالیفۆڕنیا دامەزراوە، زیاتر لە 6000ئەندامی هەیە، كەپسپۆڕن لەهەموو بوارەكانی هونەری سینەما، ئەو لێژنەیەی هەڵسەنگاندنی فیلمەكان دەكات لە 5816 پسپۆڕ پێكهاتووە، كەبریتین لە ئەكتەری سینەمایی و دەرهێنەر و رەخنەگر.
"ئۆسكار" ناوی هەرە بڵاوی ئەو خەڵاتەیە، ئەم ناوەش لەوەوە هاتووە، كەوا گوایە خانم"مارگرێت گرێب" كە بەرپرسێكی ئەكادیمیای هونەر بووە كاتێك بۆ یەكەمجار پەیكەری خەڵاتەكەی بینیووە ساڵی 1928 پێی وابووە لە مامە ئۆسكاری دەچێت، ئیتر لەوە رۆژەوە ئەمە بووە ناوی ئەم خەڵاتە.
ئۆسكار، بریتییە لە پەیكەرێك كە بە مس دروستكراوە، و بە زێڕ بەرگ پۆش كراوە. درێژێكەی 34سم كێشەكەی 3،85كگم، و بریتییە لە سوارچاكێك بەپێوە لەسەر بەكرەیەكی فیلم راوەستاوە و شمشێرێكی بەدەستەوەیە.
ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكان، لەشاری سینەمایی "هۆلیۆد" بەڕێوەدەچێت، كە بەپایتەختی سینەما ناوزەد دەكرێت، زۆربەی جار لەمانگی مارس بەڕێوە دەچێت، راگەیاندنەكان بایەخێكی زۆری پێدەدەن و هەمو ساڵێك بەگرنگترین رووداوی مانگی سێ دەژمێردرێت، میوانان و هونەرمەندان و بەشداربووان بەنوێترین كاریزما و مۆدیلەوە سەرنجی جیهان رادەكێشن بۆ بەشداری كردن لە ئاهەنگەكە، تەنانەت لەلایەن هەندێك دەزگای راگەیاندنەوە، جوانترین بەشداربووی ئەو شەوە خەڵات دەكرێت.
خەڵاتەكانی ئۆسكار، سەرەتا خەڵاتەكانی ئۆسكار لەچەند خەڵاتێكی كەم دەستی پێكرد، تاوەكو وردە وردە فراوان بوو، ئێستا بریتین لە 25 خەڵات و گرنگترینیان خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەكتەر، باشترین خانمە ئەكتەر، باشترین ئەكتەری رۆڵی قارەمانی دووەم، باشترین خانمە ئەكتەری رۆڵی قارەمانی دووەم...
ئۆسكاری 2010 كە جاری هەشتاو دووەمینە پێشكەش دەكرێت، كێبڕكێیەكی زۆر لەنێوان فیلمی ئەڤاتار و كۆگای ئازاردا هەبوو، یەكەمیان لە دەرهێنانی دەرهێنەری بەناوبانگی كەنەدی "جێمس كامیرۆن" و ئەوی تر لە دەرهێنانی خێزانی پێشوی كامیرۆن خاتو"كاسرین بیگلۆ"یە، لەكۆتاییدا خاتو بێگلۆ ململانێكەی بردەوە و بوو بە یەكەم ئافرەت، خەڵاتی ئۆسكاری باشترین دەرهێنان وەربگرێت، و وەك خۆی لەئاهەنگەكەدا باسی كرد، ئەمە ساتێكی مێژووییە تۆماری رەنگە جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە، ئەم خەڵاتە پێشكەشە بەو هەزاران ئەمەریكیانەی كردووە كە ژیانی خۆیان كردووە بە قوربانی لە پێناوی ئازادی عێراق و ئەفغانستان.
كێبڕكێكەی كامیرۆن و بیگلۆ بەوەندە كۆتایی نەهات، بەڵكو ئەوەی جێی سەرنجە كە ئەڤاتار لەنۆ خەڵاتی بەشدار بوو بۆ كێبڕكێكە، سێ خەڵاتی بردەوە، فیلمی كۆگای ئازاریش شەش خەڵاتی بەدەستهێنا، لەهەموو خەڵاتەكان گرنگتر خەڵاتی باشترین فیلمە كە بەدەستی هێناو كامیرۆنی وەری نەگرت، هەروەك ئاماژە درا، ئەڤاتاری كامیرۆن تەنها سێ خەڵاتی پێبەخشرا، ئەویش خەڵاتی باشترین سەرنجڕاكێشی وێنەیی، خەڵاتی باشترین دەرهێنانی هونەری، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی سینەمایی.
فیلمەكەی بێگلۆ و كامیرۆن لەدوو ئاراستەی جیاوازدان، یەكەم باسی كۆمەڵێك سەرباز دەكات لەجەنگی عێراق كەزۆرینەی رووداوەكانی راستین، بەڵام ئەڤاتار رۆمانێكی خەیاڵییە و تەنانەت باس لەسەر زەویش ناكات، و بەرز دەفڕێت بۆ هەسارەیەك بەناوی باندۆرا.
جگە لەم نۆ خەڵاتەی باسمان كرد وەك چاوەڕوان دەكرا ئەكتەری بەناوبانگ "جیف بریدجز" لەپاڵەوانێتی فیلمی"دڵە شێتەكە" خەڵاتی ئۆسكاری باشترین ئەكتەری پێبەخشرا، و ئەمە جاری چوارەمە هەڵدەبژێردێت بۆ كێیڕكێی باشترین ئەكتەر و لەدواجاردا خەڵاتەكەی بەدەست هێنا.
"ساندرا بۆلۆك" وەك رووداوێكی سەیر لەمێژوودا، خەڵاتی ئۆسكاری باشترین خانمە ئەكتەری وەرگرت، لەپاڵەوانێتی فیلمی "لایەكی تاریكی" سەرسوڕهێنەری وەرگرتنی ساندرا بۆ ئەم خەڵاتە لەوەدایە كە پێش 24 كاتژمێر لەوەرگرتنی ئەم خەڵاتە، بەخراپترین خانمە ئەكتەر هەڵبژێردرا. جێی باسە ساندرا بەهەمان فیلم خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی وەرگرت و ناوی چووە ناو ئەستێرە دەگمەنەكانی جیهان.
ئەكتەری نەمساوی "كریستۆف ڤالدس" لەفیلمی "ئەنگلۆریوس باستردز" ئۆسكاری باشترین ئەكتەری رۆڵی دووەمی وەرگرت، لەخانمانیش ئەو خەڵاتە درا بە "مۆنیك" لە فیلمی "بریشوس" و بەمەش دەبێتە پێنجەم خانمە ئەكتەری رەشپێست كە ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
خەڵاتی ئۆسكاری باشترین فیلمی بیانی بەخشرایە فیلمی ئەرژەنتینی "نهێنی چاوان". دوای ئەوەی كێبڕكێیەكی بەهێز لەنێوان ئەو فیلمە و فیلمی "بەكرەی سپی" ئەڵەمانی هەبوو، فیلمی "شیری خەفەت"ی پیرۆیی. جێی ئاماژەیە ئەمە جاری دووەمە فیلمی ئەرژەنتینی ئەم خەڵاتە وەردەگرن.
Top