مه‌ها ئه‌لخه‌لیل : به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر سه‌رنجم راده‌كێشن

مه‌ها ئه‌لخه‌لیل : به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر سه‌رنجم راده‌كێشن
مه‌ها ئه‌لخه‌لیل هه‌ڵگری نازناوی (ملیحه‌ ئه‌لعه‌ره‌ب) بۆ ساڵی 2004 ، هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند كه‌ناڵێكیش كاری راگه‌یاندنی كردووه‌، مه‌ها زۆر سه‌رنجرِاكێشه‌ به‌تایبه‌تی له‌ پۆشینی جلوبه‌رگدا. بۆیه‌ له‌كاتی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و نازناوه‌، زۆر شت ده‌رباره‌ی گوترا. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س به‌ ئاشكرا ده‌یانگوت شایه‌نی ئه‌و نازناوه‌ نییه‌. مه‌ها له‌ ساڵی 2008 دا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی عێراقی (ماجد ئه‌لموهه‌ندس) به‌شداری له‌ كلیپی (گوم درجنی) دا كرد، له‌ كلیپه‌كه‌دا رۆڵی سه‌ره‌كی بینی. مه‌ها ده‌ڵێ به‌ هیچ لایه‌نێك یان كه‌ناڵێكه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریان له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام هه‌ر كارێك له‌ بواری راگه‌یاندن هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ حه‌ز وئاره‌زووه‌كانی بگونجێت، به‌تایبه‌تی له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وا دوای دیراسه‌ت كردنی ئه‌نجامی ده‌دات.
مه‌ها له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه‌.
* به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نازناوی (ملیحه‌ ئه‌لعه‌ره‌ب) چ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر ژیانته‌وه‌ هه‌بووه‌ ؟
- بێگومان هه‌ر مرۆڤێك كه‌ نازناوێك به‌ده‌ست ده‌هێنێت، جا له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ ده‌بێت له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، له‌ هه‌موویشی گرنگتر ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ زیاتر بناسرێت، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌ش له‌ بیر كه‌ین كه‌ ره‌نگه‌ زۆر جار نازناو و ناوبانگ زیانیشت پێ بگه‌یه‌نن یان ببنه‌ مایه‌ی ئازار بۆ كه‌سه‌كه‌.
* وه‌ك كچێك به‌تایبه‌تی له‌بواری خۆاركه‌وه‌ چۆن گرنگی به‌ جوانی خۆت ده‌ده‌یت ؟
- بێگومان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك گرنگه‌، كه‌ گرنگی به‌ ته‌ندروستی خۆی بدات و هه‌وڵ بدات به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ له‌ نه‌خۆشی و كێشی زیادی له‌ش دوور بكه‌وێته‌وه‌، منیش به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تم هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و كێشی مندا ده‌گونجێت.
* دوای ئه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ت به‌ ده‌ستهێنا زۆر شت له‌باره‌ی تۆ گوترا، هۆكاری ئه‌مه‌ چی بوو؟
- من هیچ ناكۆكیم له‌گه‌ڵ كه‌سدا نه‌بووه‌، جۆرێك لێك نه‌گه‌یشتن هه‌بووه‌ له‌نێوان من و رۆژنامه‌نووسێك كه‌ زۆر په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ ده‌زگاكانی دیكه‌ی راگه‌یاندن بارودۆخه‌كه‌یان قۆزته‌وه‌ و گه‌وره‌یان كرد و هه‌ندێك قسه‌ی ناراستیان له‌سه‌ر زاری من بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مووی دوای ئه‌وه‌ی نازناوكه‌م به‌ده‌ست هێنا.
* له‌ راگه‌یاندن حه‌ز له‌ چ كارێك ده‌كه‌ی؟
- كه‌سی راگه‌یاندنكار ده‌بێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك خۆی و توانا تایبه‌تییه‌كانی خۆی هه‌ڵبسه‌نگێنی، ئینجا برِیار بدات چ كارێك بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتاییدا كارێك نه‌خاته‌ سه‌ر شانی خۆی، كه‌ بزانێت تێیدا سه‌ركه‌وتوو نابێت، بۆیه‌ منیش حه‌ز له‌ كارێك ده‌كه‌م كه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزدا بێت تاكو خۆم هه‌ڵبسه‌نگێنم، حه‌زیش ده‌كه‌م به‌رنامه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌وتووم هه‌بێت به‌جۆرێك كه‌ جه‌ماوه‌رێكی باشی هه‌بێت، چونكه‌ به‌رنامه‌یه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر سه‌رنجم راده‌كێشن.
* سه‌ره‌تا چۆن رووت له‌ پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌كان كرد؟
- یه‌كه‌م جار به‌ به‌رنامه‌ی هه‌مه‌ ره‌نگ ده‌ستم پێكرد دواتریش داوام لێكرا چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی جۆراوجۆر له‌ چه‌ند كه‌ناڵێك پێشكه‌ش بكه‌م و تا ئێستاش به‌رده‌وامم.
* بۆ رزگار بوون له‌و گرفته‌ كێ یارمه‌تی دای ؟
- من نامه‌وێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بكه‌م، چونكه‌ تێپه‌رِیوه‌ و نامه‌وێ لاپه‌رِه‌ی كۆن هه‌ڵده‌مه‌وه‌.
*بیرت له‌ گۆرانی گوتن نه‌كردۆته‌وه‌؟
- به‌ڵێ گۆرانییه‌كیشم تۆمار كرد، به‌ڵام ماڵه‌وه‌ نه‌یانهێشت و پێیان باش نه‌بوو بڵاوی بكه‌مه‌وه‌، بۆیه‌ بڵاومان نه‌كرده‌وه‌.
*بۆ؟ توانای گۆرانی گوتنت نه‌بوو؟
- من هه‌ستم ده‌كرد كه‌ به‌هره‌ی گۆرانی گوتنم هه‌یه‌، دڵنیا بووم له‌وه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بم، به‌ڵام ئیتر وای لێهات كه‌ بڵاوی نه‌كه‌مه‌وه‌.
* بۆچی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وانه‌ی شاجوانن یان نمایشكاری جلوبه‌رگن روو له‌ كاری هونه‌ری ده‌كه‌ن، جا نواندن بێت یان گۆرانی گوتن؟
- بێگومان رێكخه‌رانی بواری هونه‌ری جا ئه‌وانه‌ی له‌ بواری سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆن بن یان شاعیر و موزیكژه‌نه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن سوود له‌ ناوبانگی شاجوانه‌كان وه‌ربگرن به‌تایبه‌تی له‌رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاره‌كانیاندا سه‌ركه‌وتوو بن.
* كه‌واته‌ جوانی مه‌رجه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌ركه‌وتوو بێت؟
- نه‌خێر من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوود له‌ ناوبانگیان وه‌رده‌گرن ، چونكه‌ كاتێك پێشبرِكێی شاجوان ئه‌نجام ده‌درێ، زۆرترین جه‌ماوه‌ر سه‌یری ده‌كه‌ن و له‌و ماوه‌یه‌دا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵك سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ ده‌بن، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ رووی جه‌ماوه‌رییه‌ بناسرێن، ته‌نانه‌ت دوای ته‌واو بوونی پێشبرِكێیه‌كان ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووش نه‌بن یاخود پله‌ یه‌كه‌میان به‌ده‌ست نه‌هێنا، ئه‌وكاتیش خه‌ڵك حه‌ز ده‌كه‌ن ئاگاداری ژیانیان بن. گۆرانی و نواندنیش باشترین هۆكاره‌ بۆ به‌رده‌وام بوون، نابێ ئه‌وه‌ش له‌ بیر بكه‌ین كه‌ زۆریان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ سه‌ركه‌وتنیشدا به‌رده‌وامن.
* له‌ سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌نددا جوانی چ رۆڵێكی هه‌یه‌ ؟
- جوانی تا راده‌یه‌ك رۆڵی هه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام رۆڵی سه‌ره‌كی نییه‌، چونكه‌ زۆر رۆڵ هه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ كه‌سانی وا هه‌یه‌ كه‌ جوان نه‌بن، یان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بن كه‌ خه‌ڵك پێیان وایه‌ جوانه‌.
* چۆن بوو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ماجد ئه‌لموهه‌ندیسدا به‌شداریت له‌ گۆرانی (گوم درجنی) كرد؟
- ماجد ئه‌لموهه‌ندیس یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌، كه‌ هه‌موو كه‌سێك حه‌ز ده‌كات به‌شداری له‌ كلیپه‌كانیدا بكات، كاتێك داوام لێكرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كلیپه‌دا رۆڵی پاڵه‌وان ببینم به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ رازی بووم و پێم وایه‌ زۆریش تێیدا سه‌ركه‌وتوو بم.
* بۆچی زۆر ره‌خنه‌ له‌ جلوبه‌رگه‌كانت ده‌گیرێ؟
- من پێموایه‌ جلوبه‌رگه‌كانی من زۆر ئاسایین وه‌كو هه‌ر كچێكی دیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ باجه‌كانی ناسراوی و ناوبانگ ده‌ركردنه‌، ئه‌گه‌ر من ناسراو نه‌بام ئه‌وا كه‌س باسی نه‌ده‌كردم.
* رۆڵی راگه‌یاندن چییه‌، بۆ یارمه‌تیدانی راگه‌یاندنكار و هونه‌رمه‌ندان؟
- راگه‌یاندن رۆڵێكی دوو لایه‌نه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ رێره‌وی راسته‌قینه‌ی خۆیدا برِوات ئه‌وا كاریگه‌ری ئیجابی ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر كاری هونه‌رمه‌ندان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گرتوویانه‌ته‌ به‌ر، ئه‌ویش زیاتر ناوزرِاندنی هونه‌رمه‌ندان بێت، ئه‌وا بێگومان كاریگه‌رییه‌كی سلبی ده‌بێت. له‌ هه‌مانكاتدا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هونه‌رمه‌ندان و راگه‌یاندن باش نه‌بێت.
* زیاتر گۆرانی چ هونه‌رمه‌ندێك ده‌ڵێیته‌وه‌؟
- هه‌ر گۆرانییه‌ك كه‌ خۆش و سه‌رنجرِاكێش بێت و پێم خۆش بێت ئه‌وا ده‌یڵێمه‌وه‌.
* حه‌ز ده‌كه‌ی به‌شداری له‌ ریكلامی بازرگانیدا بكه‌ی؟
- بێگومان حه‌ز ده‌كه‌م، چونكه‌ به‌شداری كردن له‌ ریكلامی بازرگانیدا مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ یان نمایشكاره‌ ناوبانگێكی زۆری هه‌یه‌، واته‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا له‌رووی ئابووریشه‌وه‌ سوودی هه‌یه‌.
* ئایا به‌شداری كردن له‌ كلیپ و بینینی رۆڵی پاڵه‌وان نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ ده‌توانی له‌ فیلم و زنجیره‌شدا رۆڵ ببینی و سه‌ركه‌وتوو بی؟
- كلیپ بۆ خۆی جۆرێكه‌ له‌ نواندن، به‌لاَم له‌وانه‌یه‌ ته‌نیا ئه‌و جیاوازییه‌ی هه‌بێت كاته‌كه‌ی كورتتره‌ و گفتوگۆی تێدا نییه‌، به‌لاَم زۆر كچی هونه‌رمه‌ند هه‌ن كه‌ له‌ رێگای كلیپه‌وه‌ روویان له‌ ئه‌كته‌ری كردووه‌.
* له‌سه‌ر ئاستی خوێندن به‌چی گه‌یشتووی؟
سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندیم به‌ كۆلێژی مافه‌وه‌ كرد، به‌ڵام دواتر نه‌متوانی ته‌واوی بكه‌م، چونكه‌ حه‌زم ده‌كرد له‌ بواری دیزاینی جلوبه‌رگدا زیاتر شاره‌زا بم، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی نازناوی (ملیحه‌ العرب) به‌ده‌ست بهێنم.
* ئایا مه‌رجه‌ ئافره‌تی هونه‌رمه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت، ته‌نیا پشت به‌ جوانی و سه‌رنجرِاكێشان ببه‌ستێت؟
- نه‌خێر من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌و ئافره‌تانه‌ ناكه‌م، كه‌ هه‌وڵ ده‌دن ته‌نیا به‌ سه‌ما و خۆ رووت كردنه‌وه‌ه‌ سه‌رنجی بینه‌ر بۆ خۆیان رابكێشن، به‌ڵام ده‌بێ ئافره‌تیش شتێكی وا بكات كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانی مێینه‌یی خۆی به‌ دیار بخات، هه‌روه‌ها ده‌بێ جیاوازیش بكه‌ین له‌نێوان جورئه‌تی هونه‌رمه‌ندی ئافره‌ت، چونكه‌ هه‌ندێكیان به‌ جورئه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بتوانێت ره‌خنه‌یان لێبگرێت یان به‌ ده‌رچوون له‌ ره‌وشت تاوانباریان بكات.
* ترسی ئه‌وه‌ت نییه‌ ئه‌و نابانگه‌ی خراپه‌ی هه‌ندێك له‌ نمایشكاره‌كانی جلوبه‌رگی لوبنانی هه‌یانه‌ تۆش بگرێته‌وه‌؟
- من پێموایه‌ هه‌ر بوارێك ناوبانگی باش و خراپی خۆی هه‌یه‌، نه‌ك كه‌سانێكی دیاریكراو وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا وا باوه‌.
.* ئێستا زۆر له‌ كچه‌ راگه‌یاندنكاره‌كان به‌رنامه‌ی سیاسی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، تۆ بیرت له‌مه‌ نه‌كردۆته‌وه‌؟
- نه‌خێر ئێستا بیر له‌ كاری سیاسی و به‌رنامه‌ی سیاسی ناكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام نازانم له‌ دوارِۆژدا كاری له‌و جۆره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌م یان نا؟
* تا چه‌ند گرنگی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی كه‌سێك ده‌ده‌ی، ئه‌گه‌ر بۆ ژیانی هاوبه‌ش داوای لێكردی؟
- نه‌خێر ده‌وڵه‌مه‌ندی یان جوانی به‌لای منه‌وه‌ زۆر گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ به‌لای منه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك بێت بتوانێـت ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، له‌ هه‌مان كاتدا به‌های من بزانێت و وه‌كو پێویست گرنگیم پیبدات.
* له‌كاری راگه‌یاندن تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بی؟
- تا ئه‌و په‌رِی كه‌ توانام هه‌بێت به‌رده‌وام ده‌بم، ئه‌گه‌رچی ئێستا نه‌گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ هیوا و ئاوته‌كانی من بهێنێته‌ دی.
Top