هونه‌رمه‌ند كارزان كامیل بۆ گولاَن: به‌م به‌ربلاَوییه‌ى ئیستا هه‌یه‌، دیاری كردنی بنه‌ماى مۆسیقاى كوردى گه‌لێك دژواره‌.

هونه‌رمه‌ند كارزان كامیل بۆ گولاَن: به‌م به‌ربلاَوییه‌ى ئیستا هه‌یه‌، دیاری كردنی بنه‌ماى مۆسیقاى كوردى گه‌لێك دژواره‌.
كارزان كامیل ئه‌و موزیك كاره‌ به‌توانایه‌، كه‌توانیوویه‌تى خزمه‌تێكى به‌رچاو به‌ بوارى هونه‌رى موزیك و گورانى گوردى بگه‌یه‌نێت. هه‌ڵكه‌وته‌ى نێو بنه‌ماڵه‌یه‌كى هونه‌رمه‌نده‌ و براى هه‌ردووى هونه‌رمه‌ندى بوارى موزیك هونه‌رمه‌ندان (گۆران كامیل و ئالان كامیل)ه‌. كارزان له‌ سلێمانى به‌رِێوه‌به‌رى ستۆدیۆیه‌كى خنجیلانه‌یه‌ "پیانۆ"یه‌ و، بۆ زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان كاری مۆسیقی كردووه‌. چ وه‌ك كارى (موزیك )چ وه‌ك كارى ده‌نگ. دواین كاریشى دابه‌شكردن و كارى موزیك و ده‌نگ بوو بۆ هونه‌رمه‌ندان (كه‌مال محمه‌د و بورهان مه‌جید) كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ بوونه‌ جێگاى خۆشحاڵى هه‌وادارانى گۆرانى كوردى. بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌چاكمان زانى له‌ ستۆدیۆ خنجیلانه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ندان له‌شارى سلێمانى ئه‌م دیداره‌ هونه‌رییه‌ى له‌گه‌ڵدا ساز بكه‌ین.
دیمانه‌: سۆران مارف كه‌ریم
[email protected]
له‌ ده‌ستپێكدا هونه‌رمه‌ند (كارزان كامیل ) به‌م شێوه‌یه‌ هاته‌ ئاخاوتن و گووتى، له‌ ساڵى (1976) له‌ شارى سلێمانى له‌ دایك بووم وده‌رچووى په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌كانم. له‌ ساڵى (1987) وه‌ سه‌رقاڵى بوارى هونه‌رى و خزمه‌تكردنى بوارى هونه‌ریم. ده‌ستپێكى كارى هونه‌ریم لاى هونه‌رمه‌ند (ئازاد مه‌عروف) بووه‌. هونه‌رمه‌ند (گۆران كامیل) كه‌ برامه‌ زۆر هاوكارى كردووم. دواتر كه‌ چووم بۆ په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌كان، له‌ كاری هونه‌ریدا به‌رده‌وام بووم. و له‌و ده‌مه‌وه‌ ئیتر من توانیومه‌ له‌ بوارى هونه‌رى مۆسیقادا قاڵ ببمه‌وه‌. دایك و باوكم زۆر هانده‌رم بوون بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ واته‌ (من و گۆران و ئالان ) برام له‌ بوارى هونه‌ردا خۆمان ببینینه‌وه‌. هیچ كاتێك له‌ بوارى هونه‌ری له‌ به‌رده‌م ئێمه‌دا رِێگر نه‌بوونه‌ و وه‌ خێزانه‌كه‌مان زۆر هاوكارو یارمه‌تیده‌رمان بوون. زۆر جاریش پاره‌ى به‌شدارى كردنى خولى مۆسیقاییه‌كانیان بۆ دابین ده‌كردین، بۆیه‌ ده‌كرێت هه‌میشه‌ له‌و رِووه‌ وه‌ رِۆڵى دایك و باوكم له‌ یاد نه‌كه‌ین. من سالاَنێكى زۆر وه‌كو ژه‌نیارێك له‌ تیپى مۆسیقاى "ده‌شتى" كارم كردووه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندان (ده‌شتى خالید و توانا فه‌ره‌ج و دیار مه‌حه‌مه‌د) ستافى ئه‌و تیپه‌ بوون
* له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا تۆ له‌ تیپه‌ میللیه‌كاندا كارت ده‌كرد ئاستى ئه‌و تیپه‌ مللیانه‌ چه‌ند بوو ؟ ئایا بوونى ئه‌و تیپانه‌ له‌و كاته‌دا زه‌روریه‌تێكى هه‌بوو ؟
- ئه‌و كاته‌ بوونى ئه‌و تیپه‌ میللیانه‌ بۆ بوارى هونه‌ری زه‌روریه‌تێكى پێویست بوو. له‌ هه‌موو جیهانیشدا هه‌بوونى تیپى میللى پێویست و گرنگى خۆى هه‌یه‌. سلێمانی یه‌كێك له‌و شارانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ بایه‌خی به‌تیپی هونه‌ری میللی داوه‌. به‌ تایبه‌تى دواى رِاپه‌رِین, له‌ دواى رِاپه‌رِینه‌وه‌ هونه‌رى میللى له‌ شارى سلێمانى به‌ره‌و پێش چوونێكى ئیجابى به‌ خۆوه‌ بینى و كۆمه‌ڵێك گه‌نجى به‌ توانا رِۆڵى خۆیان له‌ بوارى هونه‌ردا گێرِا. (نازو ده‌شتى و شاد) ئه‌مانه‌ سىَ تیپى مۆسیقاى میللى زۆر باش بوون له‌و ده‌مه‌دا. تا ئێستاش به‌رهه‌مه‌كانیان لاى جه‌ماوه‌ر و هونه‌ر دۆستان جىَ بایه‌خ و تێرِوانینه‌. به‌ داخه‌وه‌ ئێستا ده‌توانم بڵێم كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ بوارى هونه‌رى میللى دوور كه‌وتنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى نوێ و زانستیانه‌ تر سه‌رقاڵى باشتر خزمه‌تكردنى بوارى هونه‌رین. بۆیه‌ ده‌ڵێم له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا تیپه‌ میللیه‌كان به‌ره‌و پێش چوونێكى باشی به‌ خۆوه‌ بینى كه‌چى له‌م سالاَنه‌ى دوایدا به‌ ئاراسته‌یه‌كى سلبیدا رۆیشت.
* به‌ر بلاَوی و فره‌یی له‌ بوارى مۆسیقاى كوردى ده‌بینرێت وه‌كو میوزیك ژه‌نێك چۆن له‌و به‌ربلاَوییه‌ ده‌رِوانى ؟
- به‌م فره‌ جۆرییه‌ی مۆسیقاى كوردى ناتوانین بنه‌ماى مۆسیقاى خۆمان دیارى بكه‌ین، با ئێمه‌ نه‌چین هه‌موو مۆسیقاكانمان بكه‌ین به‌ توركى. به‌لاَم سوود له‌ تواناكانیان وه‌ربگرین و مۆسیقاى كوردى پىَ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین. پێویسته‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنى هونه‌رى خۆمان سود له‌تواناى ئه‌وان وه‌ربگرین و له‌و ستایله‌ى ئه‌واندا كاربكه‌ین، به‌لاَم به‌م جۆره‌ نا كه‌ ئێستا هه‌موو لایه‌كی ته‌نیوه‌ته‌وه‌. بۆنمونه‌ هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند گۆرانیان گوتووه‌ ته‌واو هه‌ست پێده‌كه‌ی كه‌ ئاوازی عه‌ره‌بی یان توركییه‌. به‌ داخه‌وه‌ ئێستا كه‌سێك و لایه‌نێك نییه‌ له‌م كێشه‌یه‌دا خۆى به‌ به‌رپرسیار بزانێت. كه‌س خۆى به‌ لێپرسراوى ئه‌م كێشه‌یه‌ نازانێت. سانسۆر نییه‌ رێكخستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كان. ئه‌گه‌ر فلته‌رێك هه‌بوایه‌ بێگومان مۆسیقای كوردی به‌م ئاقاره‌دا هه‌نگاوی نه‌ده‌نا.
* ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ ئاماژه‌یان پێده‌كه‌ی مۆسیقای كوردی به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟
- بێگومان به‌ ئارِاسته‌ى وون بوونى مۆسیقاى كوردى ده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر من به‌رده‌وام گوێ له‌ مۆسیقاى (توركى و عه‌ره‌بى و فارسى )بگرم. هیچ ئیتنمایه‌ك بۆ هونه‌ری خۆمان نابێ. له‌و كاته‌دایه‌ ده‌بینین هونه‌رى كوردى مه‌هامى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات.
- به‌رِێزتان زیاتر كار له‌سه‌ر چ ستایلێكى هونه‌ر ده‌كه‌ن ؟
- من زیاتر كار له‌سه‌ر ستایلى ئه‌ره‌بیسك ده‌كه‌م. به‌ ئارِاسته‌ى خزمه‌تكردنى بوارى هونه‌رى كوردى. واته‌ سوود له‌ ئه‌ره‌بیسك وه‌ر ده‌گرم بۆ خزمه‌تكردنى هونه‌رى كوردى و له‌ ئه‌مساڵدا دوو به‌رهه‌می من بلاَو كرانه‌وه‌. ئه‌وانیش به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان ( كه‌مال محمد و بورهان مه‌جید ). تا چه‌ند توانیومه‌ له‌ خزمه‌تى بوارى هونه‌رى كوردیدا مۆسیقاى ئه‌ره‌بیسك به‌ كاربێنم وه‌ڵامی ئه‌وه‌ ده‌ده‌مه‌ ده‌ست گوێگرانی مۆسیقی و هونه‌رمه‌ندان.
* كارت بۆ زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان وه‌ك (موزیك) چ وه‌ك ستۆدیۆ و ده‌نگ و میكس كردووه‌ ، له‌گه‌ڵ كام له‌ هونه‌رمه‌ندان زیاتر ئاسوده‌یت و هسه‌ت به‌ خۆشحالی ده‌كه‌یت؟
- كارم له‌گه‌لڕ زۆر هونه‌رمه‌ندا كردووه‌، ئه‌وه‌ى من زۆر له‌ تواناى ناو ستۆدیۆى رِازى بووم هونه‌رمه‌ند ( دیارى قه‌ره‌داغى ) به‌پله‌ى یه‌كه‌م و به‌ پله‌ى دووه‌م هونه‌رمه‌ند (كه‌مال محمد ) دێت. كاك (دیارى قه‌ره‌داغى ) ئه‌و كاته‌ى كه‌ دێته‌ ناو ستۆدیۆ ته‌واو هه‌ست ده‌كه‌یت خۆى ئاماده‌ كردووه‌ بۆ كاره‌كه‌ى. هه‌موو تواناو ئه‌داكانى ئاماده‌ كردووه‌. خۆ ماندوو كردنی زۆر ناوێت، به‌ یه‌كجار ده‌توانىَ به‌رهه‌مه‌كه‌ى تۆمار بكات. هونه‌رمه‌ند ( كه‌مال محمد ) یش به‌و شێوه‌یه‌. زۆر حه‌ز به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( كه‌مال محمد ) ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها زۆر حه‌ز به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( دیارى قه‌ره‌داغى ) ده‌كه‌م. ئێستاش دواین كارم كارى هونه‌رى سیدییه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند (به‌رهه‌م حسن) ئه‌نجام ده‌ده‌م. ئێستاش كاره‌كه‌ى له‌ قۆناغى كۆتایی دایه‌.
* ئاستى ستۆدیۆكانى كوردستان چۆن ده‌بینى ؟ ئایا ستۆدیۆكانى كوردستان توانیویانه‌ بگه‌نه‌ ئاستى پێشكه‌وتنى ستۆدیۆكانى ده‌ره‌وه‌ ؟
- به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من ده‌ڵێم نه‌خێر، ستۆدیۆكانى ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ته‌واو پلرِۆڤیشناڵن. ئێمه‌ له‌ كوردستاندا تا ئێستا ئه‌ندازیارێكى ده‌نگمان نییه‌ كه‌ برِوانامه‌ى له‌ بواره‌كه‌دا به‌ ده‌ست هێنا بێت و له‌ بوارى ده‌نگدا ئه‌كادیمى بێت و خاوه‌ن برِوانامه‌ى ئه‌ندازیارى بوارى ده‌نگ بێت. ئه‌م ستۆدیۆیانه‌ى كوردستان هه‌مووى ستۆدیۆى مالاَنن، له‌ ولاَتانى ده‌ره‌وه‌دا هونه‌رمه‌ند خۆى له‌ماڵه‌وه‌ ستۆدیۆیه‌كى له‌و جۆره‌ ى هه‌یه‌و پرۆڤه‌ى تێدا ده‌كات. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ستودیۆیه‌كى پرۆفیشنال دابنێین پێویستمان به‌ زۆر ئامێرى باش هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌بوونى ئامێرى باش و پێداویستییه‌كانیش ستۆدیۆكانى ئێمه‌ كارى زۆر باشیان ئه‌نجام داوه‌. ستۆدیۆشمان هه‌یه‌ ئامێرى باش و پرۆفیشناڵى له‌ به‌رده‌سته‌، به‌لاَم كارى جوانى پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ .
* تاچه‌ند مه‌رجه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ بواره‌كه‌ى خۆیدا ئه‌كادیمى بێت ؟
به‌ دڵیاییه‌وه‌ ئه‌كادیمى بوون مه‌رجى سه‌ره‌كییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنى هونه‌رمه‌ند. ره‌نگه‌ هونه‌رمه‌ندیشمان هه‌بێت، توانایه‌كى باشى هه‌بێ، بۆنمونه‌ هونه‌رمه‌ند هێمن حسین كه‌ ده‌توانم بلێم له‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ باشتره‌، كه‌ خاوه‌نى برِوانامه‌ن و له‌ بوارى هونه‌ریدا ئه‌كادیمین.
* پێت وانییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی هاوكاری هونه‌رمه‌ندانى گۆرانیبێژ ده‌كرێت، هاوكاری هونه‌ر مه‌ندانى بوارى موزیك ناكرێت ؟
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و هاوكارییه‌ى بۆ هونه‌رمه‌ندى گورانبیژ دیارى كراوه‌ بۆ بۆ بواره‌كانی دیكه‌ی هونه‌ری نییه‌ و نه‌كراوه‌، هونه‌رمه‌ندانى بوارى موزیك تائێستا به‌ پێى پێویست هاوكارى نه‌كراون. ده‌توانم بلێم موزیك ژه‌ن له‌ بوارى هونه‌ردا وه‌كو سه‌ربازى ون وایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هاوكارى بۆ هونه‌رمه‌ندانى موزیك ژه‌ن دابین بكه‌ن و له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندان جیاوازى نه‌كه‌ن.
* ئیستا چ به‌رنامه‌ و پرۆژه‌یه‌كی هونه‌ریت له‌به‌رده‌ستدایه‌ ؟
- له‌ به‌رنامه‌مدایه‌ به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى خوێندن له‌بوارى ده‌نگ و موزیك، بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ى ولاَت تا زیاتر گرنگى به‌ توانسته‌ هونه‌رییه‌كانى خۆم بده‌م.
* كه‌ى ده‌توانین بنه‌ماى هونه‌رى كوردى دیارى بكه‌ین ؟
- ببورن من له‌و ئاسته‌دا نیم له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ بكه‌م به‌لاَم پێویسته‌ بگه‌رِیینه‌وه‌ بۆ هونه‌رى فۆلكلۆرى خۆمان و چه‌ندین توێژینه‌وه‌ى زانستیانه‌ له‌باره‌ى هونه‌رى كوردییه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌و كاته‌ ده‌توانین به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ موسیقاى جیهانی، بناغه‌ى هونه‌رى كوردى دیارى بكه‌ین. بۆیه‌ ده‌ڵیم با كارێك نه‌كه‌ین هونه‌رى موسیقاى كوردى ون بێت، چونكه‌ موسیقاى كوردى گه‌نجینه‌یه‌كی گرنگه‌، با كارێك نه‌كه‌ین ئه‌و گه‌نجینه‌ به‌ره‌و نه‌مان بچێت.
* دوا په‌یامت بۆ خوێنه‌رانى گوڤارى گولاَن ؟
- من سوپاسى ئه‌م ده‌رفه‌ته‌تان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و دیداره‌تان ئه‌نجامدا، من پێموایه‌ له‌ بوارى خزمه‌تگه‌یاندن به‌ بوارى هونه‌ری و هونه‌مه‌ندان، گولاَن هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌.
Top