مایا نیعمه : پێویسته هونه‌رمه‌ند خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ره‌كه‌ی بێت
مایا نیعمه یه‌كێك له ئه‌ستێره‌كانی ئه‌م به‌رنامه‌یه. له قۆناغی سێیه‌میدا توانی سه‌رنجی هه‌موو لایه‌ك بۆ خۆی رابكێشێت، له رێگای نه‌دا سه‌عید كه رۆژنامه‌نووسێكی ناوداری لوبنانییه توانیمان چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته بكه‌ین كه به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی داینه‌وه.
* وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك، به‌شداری كردنت له به‌رنامه‌ی ستار ئه‌كادیمی چ گۆرِانكارییه‌كی هه‌بوو له‌سه‌ر ژیانتان؟
- بێگومان گۆرِانكاری زۆری هه‌بوو، جگه له‌وه‌ی بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵك و چه‌ند كه‌سانێكی شاره‌زا و پسپۆر به ده‌نگ و به‌هره‌كانمان ئاشنا بن، هه‌روه‌ها فێره ئه‌وه‌ی كردین كه چۆن ئارام بگرین و پشت به خۆمان ببه‌ستین و گیانی لێبوردن و گیانی وه‌رزشی لای ئێمه چه‌كه‌ره بكات.
* له ستار ئه‌كادیمی فێری چی بووی؟
- فێری ئارام گرتن و پشت به‌خۆ به‌ستن، له هه‌موویشی گرنگتر چه‌ند هاورِێم ناسی و به یه‌كتری ئاشنا بووین.
*به بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆرانیت هه‌ستت به چی كرد ؟
- هه‌ستێكه ره‌نگه نه‌توانم وا به ئاسانی بۆتانی وه‌سف بكه‌م، چونكه من عاشقی هونه‌ر و گۆرانی گوتنم، بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆرانیش بۆ من وه‌ك هه‌ستی دایكێك بوو، كه یه‌كه‌م منداڵی بووبێت، چه‌نده ئه‌و منداڵه‌ی خۆش ده‌وێت، منیش ئاوا بووم.
* ترست نییه كه میدیاكان رۆژێك له رۆژان دژت بن یاخود؟
- رۆژنامه‌كان یاخود باشتر بڵێم میدیا به گشتی هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك، چونكه ئه‌گه‌ر له رێگای میدیاوه نه‌بێت كه‌س نامانناسێت، به‌ڵام ئێستا لێره‌و وله‌وێ هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه میدیا ره‌نگه له هه‌مان كاتد هۆكارێك بێت بۆ رووخاندنی هونه‌رمه‌ند، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی به‌و كاره هه‌ڵده‌ستێت به ویژدانه‌وه كاره‌كه‌ی نه‌كات، هیوادارم خۆیشم نه‌بم به هۆكاری ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسان دژم بن.
* حه‌ز ده‌كه‌ی بگه‌ی به ئاستی كام هونه‌رمه‌ندی ناوداری لوبنانی؟
- لوبنان وڵاتێكه كه پێموایه لانكه‌ی هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كانه، ده‌بێ هه‌موومان شانازییان پێوه بكه‌ین، زۆر به خاتوو فه‌یروز سه‌رسامم و به ره‌مزی هونه‌ری لوبنانی ده‌زانم، چونكه گۆرانییه‌كانی هه‌میشه زیندوون.
* گوێ له كام گۆرانیبێژ ده‌گری؟
- وه‌ك گوتم من زۆر به خاتوو فه‌یروز سه‌رسامم، بۆیه زۆر گوێ له گۆرانییه‌كانی ده‌گرم، هه‌روه‌ها گوێ له گۆرانییه‌كانی ماریا كاری و "ویتنی هیوستن" ده‌گرم.
* شاره‌زاییت له ئامێره مۆسیقییه‌كاندا هه‌یه؟
- به‌ڵێ من یه‌كێكم له‌وانه كه هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه زۆر حه‌ز له ژه‌نینی ئامێره مۆسیقییه‌كان ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تی پیانۆ و كه‌مان و گیتار كه تا راده‌یه‌ك شاره‌زاییم له ژه‌نیانیاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها له سه‌ما كردنیش هه‌ندێك شاره‌زام.
* وه‌ك كچه هونه‌رمه‌ندێك سیفاته تایبه‌تییه‌كانت چین؟
- من زۆر جدیم، هه‌ر كارێك ئه‌نجام بده‌م زۆر به جدی ده‌یكه‌م ئه‌گه‌ر زۆ گرنگیش نه‌بێت، هه‌روه‌ها زۆر برِوام به تواناكانی خۆم هه‌یه و رێزیش له به‌رامبه‌ره‌كه‌م ده‌گرم.
* له‌م برِوایه‌دا نی، زۆر جار شانس ده‌بێته هۆی سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند؟
- بێگومان زۆر جار شانس رۆڵی خۆی ده‌بینێت له ژیانی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكدا، به‌ڵام شانسیش شتێكی كاتییه و ره‌نگه ته‌نیا یه‌ك جار ئه‌و هه‌له برِه‌خسێت و دووباره نه‌بێته‌وه، بۆیه هه‌ر كاتێك ئه‌و ده‌رفه‌ته ره‌خسا ده‌بێ بزانین چۆن بیقۆزینه‌وه به‌ر له‌وه‌ی له ده‌ستی بده‌ین.
* ستار ئه‌كادیمی ئێستا و یه‌كه‌م خول چ جیاوازییه‌كیان هه‌بوو؟
- سه‌ره‌تا كارێكی پێرۆز بوو و هه‌نگاوێكی له‌جێ و پێویست بوو، به‌ڵام ئاساییه كه مرۆڤ هه‌ركارێك بكات بۆ جاری دووه‌م هه‌وڵ ده‌دات له جاری یه‌كه‌م باشتر بیكات وئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی تێدا هه‌بووبێت ئه‌وا دووباره‌ی ناكاته‌وه.
* رات به‌رامبه‌ر ئاستی ئه‌و قوتابیانه‌ی له ساڵانی رابردوو، له ستار ئه‌كادیمیدا به‌شدار بوون چییه.
- هه‌میشه چاودێری ورده‌كارییه‌كانی ستار ئه‌كادیمی ده‌كه‌م، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی به‌شداریشی تێدا بكه‌م، تا ئێستاش به‌رنامه‌یه‌كی زۆر خۆش و سه‌رنجرِاكێشه و پێموایه له ساڵانی داهاتووشدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌مینێته‌وه، بگره زیاتریش پێش ده‌كه‌وێت، چونكه ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن كه‌سانی دڵسۆز و به توانا و شاره‌زان له كاره‌كه‌ی خۆیاندا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی پێشبرِكێ ده‌كه‌ن زۆربه‌یان خاوه‌ن به‌هره‌ی هونه‌ری باشن.
*خۆت به قه‌رزاری به‌رنامه‌ی ستار ئه‌كادیمی ده‌زانی به‌و پێیه‌ی بووه هۆكاری ده‌ركه‌وتن و ناسینت له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره؟
- بێگومان دان به‌وه داده‌نێم كه رۆڵێكی زۆری هه‌بوو به‌تایبه‌تی له‌وه‌ی كه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه بناسرێم و بووه هۆی ئه‌وه‌ی جه‌ماوه بزانێت كه كه‌سێك هه‌یه به‌ناوی مایا نیعمه و ده‌توانێت له بواری هونه‌ریدا وه‌ك گۆرانیبێژیك له مه‌یدانه‌كه‌دا بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، به‌ڵام له بواری هونه‌ری تاكه هه‌وڵی منیش نه‌بوو، چونكه ئه‌گه‌ر خۆم برِوام به تواناكانی خۆم نه‌بوا و به‌هره‌یه‌كی هونه‌ریم نه‌بوایه ئه‌وا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌شداریم له به‌رنامه‌كه‌دا نه‌ده‌كرد.
* حه‌ز ده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چ هونه‌رمه‌ندێك دیۆ تۆمار بكه‌ی؟
- جاری بیرم له‌و بابه‌ته نه‌كردۆته‌وه ، به‌ڵام كه ده‌رفه‌تێكی له‌و جۆره هاته ئاراوه ئه‌و كات بیر له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌ینه‌وه.
* جگه له زمانی عه‌ره‌بی نیازت نییه به زمانی دیكه گۆران بڵێی؟
- باوكم لوبنانییه و دایكیشم روسیه به حوكمی ئه‌مه‌ش ئاساییه، ئه‌گه‌ر به غه‌یره زمانی عه‌ره‌بی گۆرانی بڵێم، ئینگلیزیش باش ده‌زانم.
* په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دیكه‌ی ستار ئه‌كادیمی چۆنه؟
- زۆر ئاسایی و خۆشه و به‌رده‌وام ئاگامان له یه‌كتری هه‌یه.
* خۆشترین یادگاریت چی بوو له ئه‌كادیمی ؟
- هه‌ر رۆژێكی ئه‌كادیمیا بۆ خۆی یادگارییه‌ك بوو و زه‌حمه‌ته هیچ یه‌كێك له قوتابییه‌كانی ئه‌كادیمیا بتوانێت به ئاسانی له بیریان بكات، به‌تایبه‌تی هاتنی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره بۆ ئه‌كادیمیا وه‌ك نه‌جوا كه‌ره‌م و چه‌ندانی دیكه، چونكه هاتنی ئه‌وانه زیاتر هانیان ده‌داین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هه‌وڵ بده‌ین و خۆمان ماندوو بكه‌ین، هه‌روه‌ها من خۆم زۆر سوودم له ئامۆژگارییه به نرخه‌كانیان وه‌رگرتووه بۆ ئێستا و ئه‌و كاتیش.
*خه‌ون و ئاواته‌كانت چین؟
- به‌ر له هه‌موو شتێك حه‌ز ده‌كه‌م له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه زیاتر ناوبانگ په‌یدا بكه‌م و بناسرێم، پێموایه ئه‌مه‌ش ئاواتێكی ئاسایی هه‌موو كه‌سێكه، به‌ڵام ناوبانگ ده‌ركردن پێویستی به‌وه هه‌یه كه تۆ هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوو بیت له كاره‌كه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك تۆی خۆش بوێت، هه‌روه‌ها پێویسته هونه‌رمه‌ندیش خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ره‌كه‌ی هه‌بێت و خۆش بوێت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی و ده‌ستخۆشی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بێنێت..
* له‌كاری هونه‌ریدا راوێژ به دایك و باوكت ده‌كه‌یت؟
-بێگومان راوێژیان پێده‌كه‌م به‌تایبه‌تی باوكم كه به به‌رده‌وام هانم ده‌دات و یه‌كه‌م جاریش له منداڵییه‌وه ئه‌و منی برد بۆ ئه‌وه‌ی فێره ژه‌نینی مۆسیقا بم و په‌ره به توانا هونه‌رییه‌كانی خۆم بده‌م.