نەجمەی غولامی: هونەری ئێستا بۆخۆشەویستی هونەرنییە

نەجمەی غولامی: هونەری ئێستا بۆخۆشەویستی هونەرنییە
رەنگە كەسێك لە ئێمەمانان نەبێت كە گوێی لە دەنگی هونەرمەندی گەورە نەجمەی غولامی نەبووبێت، مێژووی هونەری ئەو هونەرمەندە ناتوانرێ لێرە باس بكرێ، یاخود روونتر بڵێین نەجمەی غولامی هونەرمەندێك نییە كە ئێستا پێویستی بە وەسف و پیاهەڵدا گوتن بێت، چونكە هەر كە ناوی دەهێنرێ ئیتر هەموو كوردێك لە هەر پارچەیەك بێت، دەبێت كەم تا زۆر ئاشنایی پێی هەبێت.
هونەرمەند نەجمەی غولامی ئاهەنگی سەری ساڵ لە كوردستان لە زێدی باب و باپیرانی و لە نێو خۆشەویستانی خۆی بەسەر برد، بەڵام لەبەر كەمی ماوەی مانەوەی نەمانتوانی لێرە راستەوخۆ چاومان پێی بكەوێت، بۆیە دوای گەڕانەوەی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجامدا. * دەمانەوێت لەنوێترین كارەكانتەوە دەست پێ بكەین، ئێستا جەنابت خەریكی چیت، لەو ئاهەنگانەی كوردستان چی نوێت پێشكەشی جەماوەر كرد؟
_ من سەری ساڵ لەكوردستان بووم حەزم دەكرد بچمە هەموو شارەكان بەتایبەتی هەولێر، بەڵام بەداخەوە كاتەكە كەم بوو، تەنها لەسلێمانی ئاهەنگم سازكرد، جەماوەر بەگەرمی پێشوازیان لەئاهەنگەكە كرد ئاهەنگێكی زۆر گەرموگوڕ بوو، منیش چەند گۆرانییەكی تازە و گۆرانی رۆمانسی و هەڵپەڕكێم پێشكەشی جەماوەر كرد، بە گشتی زۆر پێیان خۆش بوو منیش خۆشحاڵ بووم كە ساڵی نوێ لەكوردستان بووم. هیوادارم ئەو هاتووچۆیانە زیاتر بن ئێمە بێینە كوردستان و هونەرمەندانی كوردستان بێنە ئەوروپا، بۆ ئەوەی خەڵك و جەماوەر خۆشحاڵ بكەن.
هەروەها سروودی شۆڕشگێڕانە پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی خەڵك هەستی نەتەوایەتیان لەبیر نەچێتەوە و بەردەوام دڵسۆزی گەل و نیشتمانەكەیان لەدڵدا بێت.
* دەربارەی ئەلبوومی نوێت، نوێترین هەواڵی ئەلبوومە نوێیەكەت بۆ جەماوەرەكەت چییە ؟
- لەڕاستیدا من سەرقاڵی كۆمەڵێك بەرهەمم، لەوانە چەند گۆرانییەكی شۆڕشگێڕانە سەبارەت بە وەزعی ئێستای رۆژهەڵات وەك خۆتان ئەزانن رۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر زەختێكی زۆردایە، ئەو هونەرمەندانەی كە دڵسۆزن دەبێت بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە میللەتی كورد دەكرێت لەهەر شوێنێك بێت، پێویستە رەنگدانەوەی هەبێت لەناو بەرهەمەكانیاندا، منیش سەرقاڵی چەند بەرهەمێكی تازەم هیوادارم بە زووترین كات بتوانم ئامادەیان بكەم و پێشكەشی ئەویندارانی دەنگی من و هونەری كوردی بكەم.
* باسی شتێكی زۆر گرنگت كرد كە دەبێت گشت هونەرمەندان رەچاوی بكەن، ئەویش هونەری شۆڕشگێڕی یان گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕییە، بەداخەوە زۆر كەس پێیان وایە سەردەمی ئەو هونەرە بەسەرچووە، جەنابت وەك هونەرمەندێك كە قۆناغی پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێرشیت بینیوە، ئێستا چۆن وەڵامی ئەو كەسانە دەدەیتەوە كە دەڵێن ئەو هونەرە بەسەرچووە و باوی نەماوە؟
_ لەگەڵ رێزم بۆ ئەو كەسانە، ئەوان زۆر بەهەڵەداچوون ئێستا ئەو پارچەی ئازادیش كراوە لەهەموو كاتێك دوژمنمان زۆرترە. ئێستاش سێ بەشی لەژێر دەستی داگیركەردایە، ئێمە كە ئازادین نابێت بڵێین ئەوە بەسەر چوو، دەبێت خەمی بەشەكانی تری كوردستانیشمان هەبێت. ئێمە یەك نەتەوەین، دەبێت هەموو كاتێك هەستی نەتەوایەتیمان هەبێت. لەبواری هونەردا كە زۆر گرنگە دەبێت جێگەی هونەری شۆڕشگێڕی بەتاڵ نەبێت، هیوادارم شاعیرە دڵسۆزەكان و هونەرمەندانی دڵسۆز لای من ئەو هونەرمەندانە دڵسۆزن كە ئاوڕێك لەمیللەتی خۆیان دەدەنەوە و هەمیشە ئەو زوڵمەی داگیركەران بەرامبەر هەر تاكێكی كورد دەكرێت هەست بە بەرپرسیارەتی بكات، لای من ئەوانە هونەرمەندی دڵسۆزن.
* قۆناغی ئێستای هونەری كوردی لە گشت پارچەكانی كوردستان هەر كەسێك بەجۆرێك باسی دەكات، جەنابت هونەرمەندێكی خاوەن ئەزموون و پسپۆری تێڕوانین و بیروبۆچوونت بۆ ئەو هونەرەی ئێستا هەیە، چییە؟
_ لەم چەند ساڵەی دواییدا هونەری كوردی تووشی چەواشەكاری بووە، من بەشێوەیەكی گشتی باسی دەكەم، لەم چەند ساڵەی باشووری كوردستان ئازاد بووە دەبوایە چەندین كۆنگرە سازدرابا و هونەرمەندانی گشت پارچەكانی كوردستان بەشداریان تێدا كردبا، بۆ گفتۆگۆكردن دەربارەی هونەری رەسەنی كوردی. لەزۆربەی پارچەكانی كوردستان ناوی مەقامەكان جیایە ئەگەر هونەرمەندێكی رۆژهەڵات لەباشوور نەژیابێت لەیەكتری تێناگەن، زمانێكی هاوبەشی هونەری لەنێوان هونەرمەندان دا نییە. هیوادارم لەداهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆنگرەیەك بۆ ئەم پرسە رێكبخەن، بۆ ئەوەی ئەو هونەرمەندانە باشتر لەیەكتر تێبگەن و هەوڵێك بدەن بۆ دیسان گەڕاندنەوەی هونەری كوردی بۆ مەسەلەی راستەقینەی خۆی. هونەری راستەقینە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پەروەردەكردنی نەوەی نوێ، لەڕاستیدا ئەو كەسانەی لەبواری هونەردا كاردەكەن دەبێت هەوڵ بدەن رەسەنایەتی بەهونەرەكەیانەوە دیاربێت. بۆ نموونە لەهەرشوێنێكی ئەم دنیایە گوێ لە موزیكی یۆنانی بگریت هەر لەیەكەم نۆتەوە دەزانیت ئەمە موزیكی یۆنانییە. لەگەڵ ئەوەشدا هونەری كوردی هەندێ پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام چەواشەكاری و لاسایی كردنەوە، پێی ناوترێت هونەری رەسەن. بۆ نموونە ئێستا هەندێك كەس كە گوێ لە گۆرانی حەسەن زیرەك دەگرن، وا دەزانن ئێستا ئەو گۆرانییە گوتراوە ئەوەندە مۆركی رەسەنایەتی پێوە دیارە، مرۆڤ چێژی لێدەبینێت، هۆی مانەوەی ئەو گۆرانییانە تاكو ئێستا رەسەنایەتیەكەیە، بەسەدان گۆرانی لەم رۆژانەدا دەگوترێت لەگەڵ رێزم بۆ ئەو گەنجانە، بەڵام گۆرانییەكانیان تەمەنیان كورتە و ناتوانن ماوەیەكی زۆر بمێننەو، لەبەر ئەوەی لەڕەسەنایەتی دوورن.
* بەڕای تۆ چۆن دەتوانین هونەری كوردی بەرەو پێش ببەین بەمەرجێك كاریگەری لەسەر رەسەنایەتی هونەری كوردی نەبێت ؟
- ئەو كەسانەی لەبواری هونەری كوردیدا كاردەكەن دەبێت جیهانبینی هونەریان فراوان بێت، دەبێت گوێ لەهەموو شتێكی دنیا بگرن، گوێ لەهەموو موزیكێك بگرن كە ئەمڕۆ لەدنیا كاری لەسەر دەكرێت، ئەوانەی گۆرانی دابەش دەكەن دەبێت جیهانبینییان زۆر فراوان بێت. ئەو گۆرانییانەی بەسوود وەرگرتن لەهونەری توركی یان عەرەبی بەرهەم دەهێنرێن، ئەوەندە لۆكاڵن لەچوارچێوەی شارەكە ناچێتە دەرەوە. دەبێت بیر لەوە بكەنەوە هونەری كوردی بكەنە هونەرێكی جیهانی، بۆچی تائێستا لەزۆربەی شوێنەكان زۆر بە كەمی گۆرانی كوردی لێدەدرێت، هۆیەكەی ئەوەیە ئەوانەی لەو بوارەدا كاردەكەن هەوڵیان نەداوە موزیكی كوردی بەرەو پێشەوە ببەن تائاستی هونەری جیهانی، ئەمەش بە زانابوون و پسپۆڕی لەبواری هونەر و دڵسۆزی دەكرێت، چونكە دەتوانرێت گۆرانی كوردی زۆر بەجوانی كاری دابەشكردنی موزیكی بۆ بكرێت و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت بە مەرجی پاراستنی رەسەنایەتی تێدا بێت.
* ئەگەر وەك رەخنەگرێكی هونەری سەیری هونەری كوردی بكەی پێتوایە ئەو هۆكارانە چین كە كاریگەری سلبیان كردۆتە سەر هونەری كوردی؟
- لەڕاستیدا دەتوانم بڵێم ئەو هونەرەی ئێستا دەكرێت هونەرێكی كاتییە، هونەرێكی بازاڕییە، هونەرێك نییە بۆ خۆشەویستی هونەر بێت، وەك باسم كرد چەند چركەیەك دوای بیستنی لەبیرت دەچێتەوە، لەڕاستیدا ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن شارەزاییان نییە لەبواری هونەریدا، ئێمە كەسی دڵسۆزمان زۆرە، بەڵام ئایا ئەو كەسانە چەندە كاریان دراوەتە دەست، چەندە داوایان لێكراوە بۆ بەرپرسیاریەتی گرتنە ئەستۆ، بۆ پێشخستنی هونەری كوردی. ئایا لێپرسینەوە هەیە بەرامبەر ئەوانەی ئەو هونەرە پێشكەش دەكەن. ئەمڕۆ لەكوردستان كارەكان دابەش دەكرێن، بەڵام بەداخەوە لێپرسینەوە نییە، دوای ئەوەی كەسێك كاری هونەری دەكات لێی ناپرسن ئەو كارانەی تۆ چ كاریگەرییەكی لەسەر هونەری كوردی درووست كردووە، چ كاریگەرییەكی لەسەر هەستی نەتەوایەتی نەوەی نوێ كردووە، هونەر دەبێت ئامانجی هەبێت. تۆ ئەگەر كارێك دەكەی دەبێت بەرهەمێكت هەبێت، دەبێت پێشتر ئامانجی خۆت لەو هونەرەی پێشكەشی بكەی دەستنیشان كردبێ، ئایا ئەو ئامانجەت پێكاوە یان نا، بەڕای من لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێ ئیشی باش كراوە، بەڵام ئیشی خراپ ئەوەندە زۆرە، سێبەری خستۆتە سەر ئیشە باشەكانیشەوە.
* پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی هونەرمەندانی ئێستا ئاشنایەتیان زیاتر بێت بە هونەرمەندە رەسەنەكان و لەبیریان نەكەن؟
_ ئەوە كاری راگەیاندنی كوردییە، راگەیاندنی كوردی دەبێت تیشك بخەنە سەر هونەرمەندە رەسەنەكان بۆ نموونە گۆرانی عەلی مەردان و تاهیر تۆفیق و هونەرمەندە رەسەنەكانی تر زۆر بە كەمی پەخش دەكرێن. دەبێت زۆربایەخیان پێ بدرێت و تیشك بخرێتە سەر ژیانیان، ئەوە كاری راگەیاندنە ئەو هونەرمەندانە بەسەر بكاتەوە كە ئەزموونێكی زۆریان هەیە و ئێستا لەژیاندا ماون، تەنها دیدارێك نەبێت بۆ پڕكردنەوەی بەرنامە، بەڵكو بۆ ئەوە بێت خەڵك زیاتر ئەو هونەرمەندە بناسێت، بۆئەوەی نەوەی ئێستا بزانێت میللەتی ئێمە خاوەنی مێژوویەكی زۆر رەنگینە و هونەرمەندی وای هەبووە رەسەنایەتی هونەری كوردیان پاراستووە. بەڵام بەداخەوە ئێستا كەسانێك چەواشەكاری ئەكەن و سێبەر دەخەنە سەر ئەو رەسەنایەتییە . پێم وایە ئەوە ئەركی میدیای كوردییە كە ئەو راستییانە بە نەوەی نوێ بناسێنێت.
* ڕات چییە بەرامبەر ئەو ئافرەتانەی گۆرانی دەڵێن و لەبواری هونەردا كاردەكەن؟
- من زۆر خۆشحاڵم كاتێك دەبینم خانمێك دێتە ناو بواری هونەری و گۆرانی دەڵێت، بەڵام كەسانێك زیاتر كار بۆ خانمەكان دەكەن و نیشانیان داوە بۆ ئەوەی ناوبانگی هونەرەكەیان بەدەست بێنن.بەڵام خانمێك كە دەنگێكی رەسەنی هەبێت و بە توانا بێت من زۆر خۆشحاڵ دەبم و هیوادارم رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەیان زیاتر بێت، بەڵام ئاگایان لەخۆیان بێت كە بەشێوەیەكی زۆرجوان هونەرەكەیان پێشكەش بكەن و خۆیان نەكەنە دارودەستی كەسانێك كە هونەری كوردی چەواشە دەكەن.
* تۆ باست لەوەكرد كە هەندێك كەس ئافرەت بەكاردێنن، ئەی پێت وانییە دەبێت ئەو ئافرەتانە زیاتر وریابن؟
_ بەڵێ خەتاكە لەوانیشە ئەو كەسە نایەت بە زۆر گۆرانی بەو ئافرەتانە بڵێت، دیارە ئەوە نەبوونی وریاییە هیوادارم ئەوانە زیاتر وریابن، ئەگەر بەهرەیان هەیە دەتوانن بە رێگای تر خزمەتی نەتەوەكەیان بكەن نەك بە جلوبەرگ و نمایشكردن.
* لەو ئافرەتانەی گۆرانی دەڵێن كامەیان زیاتر سەرنجی تۆی راكێشاوە، لەڕووی دەنگ و ستایلی هونەرییەوە و تۆ پێت وایە هونەرمەندێكی راستەقینەیە؟
_لەگەڵ رێزم بۆ هەموویان، من دەنگی كیژان ئیبراهیم خەیاتم زۆر پێ خۆشە، بەڵام ماوەیەكە بێ دەنگە، هیوادارم بەردەوام بێت. كیژان هونەرێكی رەسەن پێشكەش دەكات و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.
* ئەركی دەسەڵاتی كوردی چییە بۆ بە زیندووهێشتنەوەی هونەری كوردی و بەرەوپێشبردنی؟
- ئەركی دەسەڵات ئەوەیە هونەری رەسەنی كوردی بپارێزێت، ئەمە ئەركی ئەوانە بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری. كە هونەرمەندانی رەسەن بەسەر بكاتەوە و بەرهەمیان بۆ تۆمار بكات، دیارە زۆر كەس دەچێت بۆ لایان، بەڵام من پێم باشە وەزارەتی رۆشنبیری خۆی ئەو كەسانە هەڵبژێرێت كە توانایان هەیە، ئەمە ئیشی وەزارەتی رۆشنبیری و راگەیاندنە كوردییەكانە، بۆ نموونە زۆر فیستیڤاڵ كراون بەناوی هونەری رەسەنی كوردی لەگەڵ رێزم بۆیان، زۆربەیان بۆ بەرژەوەندی بووە. هیوادارم وەزارەتی رۆشنبیری ئاوڕێك لەو بابەتە بداتەوە و بە دڵسۆزانە كارەكانی بەڕێوە ببات. كەسانی دڵسۆز زۆرن پێویستە كار بدرێتە دەست كەسانی شارەزا بۆ ئەوەی خزمەتی هونەری كوردی بكەن. هونەری هەر میللەتێك ناسنامەكەیەتی هیوادارم لێپرسینەوە بكرێت بەرامبەر هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێن بەمەبەستی شێواندنی هونەری كوردی. ئێستا من و ئەو كەسانەی كە بەشداری شۆڕشمان كردووە دەتوانین زیاتر خزمەتی هونەری كوردی بكەین، ئێمە تاڵی و سوێریمان چەشتووە، دەزانین كام هونەر رەسەنە و كامەیان خزمەت بە نەوەی نوێ دەكات. بەشداری خۆشی و ناخۆشیەكانی میللەتەكەمان كردووە.
* ئەگەر شتێكتان مابێت؟
- هیوادارم ئێوەش زیاتر ئەو بابەتە بوروژێنن زۆر دەمێكە لەتەلەفزیۆن هاوار دەكەین و رەخنەمان گرتووە. كاتی خۆی بۆ سەرۆك بارزانی نامەیەكم نارد، بەڵام دیارە بەدەستی نەگەیشتووە. ئەوانەی كاتی خۆی خەباتیان كردووە ئێستا هیچیان بەدەست نییە و ئەوانەش كە هیچیان نەكردووە ئێستا دەسەڵاتیان هەیە.
Top