جۆ ئەشقەر بۆ گوڵان: ئەوەی حەز لە كلیپــــــــەكانی من ناكات با كەناڵەكە بگۆڕێت
جۆ لە وەڵامی ئەم تۆمەتانەدا دەڵێ: من هیچ كارێكم نەكردووە كە بەم شێوەیە كە وای بۆ دەچن، یاخود دوور بێت لە واقیع و كلیپەكانی خۆی بە بەشێك لە ژیانی رۆژانەی كۆمەڵگاكەی ناوزەد دەكات. لە رێگای پاتریك زینۆ ك بەڕێوەبەری كارەكانی گۆرانیبێژ جۆ ئەشقەرەوە، دوای هەوڵێكی زۆر توانیمان ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز بكەین، بۆ ئەوەی باس لە كارەكانی خۆی و ئەو رەخنانەی ئاراستەی دەكرێن بكات. ئەویش بە سوپاسەوە بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* سەرەتا هەندێك باس لە ژیانی خۆتمان بۆ بكە و چۆن هاتییە نێو بواری هونەرییەوە؟
- من هەر لە منداڵییەوە حەزم لە گۆرانی گوتن بووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا كیبۆردێكم هەبووە، بەو كیبۆردە مۆسیقام بۆ منداڵانی هاوڕێی خۆم دەژەنی، هەروەها لە هەندێك ئاهەنگ و بۆنەی قوتابخانەدا گۆرانیم دەگوت، دواتر لە یەكێك لە یانەكانی بەیروت دەستم بە گۆرانی گوتن كرد، ئینجا لە لوبنان ناسرام. لە ساڵی 2001 گازینۆیەكم لە ئەشرەفییە كردەوە بە فەرمی دەستم بە گۆرانی گوتن كرد، تا ئێستا 4 ئەلبوومم هەیە لەگەڵ 10 گۆرانی دیكەی سنگڵ و تا تواناشم هەبێت لە گۆرانی گوتن بەردەوام دەبم.
* رات چییە بەرامبەر ئەو بەرنامانەی كە هونەرمەندی نوێ دەناسێنن و پێشكەشی خەڵكی دەكەن وەك بەرنامەكانی ستار ئەكادیمی و سوپە ر ستار ؟
- ئەمانە بەرنامەی زۆر سەركەوتوون و هۆكارێكن بۆ درووستكردنی ئەستێرەی نوێ نەك دەرخستنیان، دەتوانم بڵێم دەركەوتنی ئەستێرەیەكی وەك "ملحم زێن" باشترین نموونەیە. بۆ ئەوەی لە دروستكردنی ئەستێرە و هونەرمەندی بە توانا كە ئێمە دان بە گرنگی و رۆڵی ئەم بەرنامانە دابنێین.
* ئەو هونەرمەندانە كێن لەسەرەتای دەستپێكردنی ژیانی هونەریتدا، كاریگەرییان بەسەر تۆوە هەبووە ؟
- وەك گوتم هەر لە منداڵییەوە من گوێم لە گۆرانی گرتووە، بەڵام من بە شێوازی تایبەتی خۆم گۆرانی دەڵێم، زۆر جار گۆرانی هونەرمەندە گەورەكانیش دەڵێمەوە، بەڵام پێویستە یەك شت بڵێم ئەویش ئەوەیە، كە هیچ كەسێك نەبووەتە هۆی دەركەوتنی من یاخود رۆڵی هەبێت لە دەرخستن و درووستكردنی مندا، من خۆم، خۆمم دروستكردووە و زۆر سوپاسی ئەو كەسانەش دەكەم كە یارمەتیم دەدەن و لەگەڵم ماندوو بوونە، مەبەستم ئەو تیمەیە كە لەگەڵمدا كار دەكەن.
* پێگە و شوێنی خۆت لەنێو ئەو هونەرمەندە لوبنانییانەی كە ئێستا هەن چۆن دەبینی ؟
- من بۆ خۆم ژیانێكی هونەری و ستایلێكی هونەری تایبەتم هەیە، هیچ كاتێك بیرم لەوە نەكردۆتەوە دژایەتی كەسێك یان ركابەرێتی هونەرمەندێكی دیاریكراو بكەم، لەگەڵ خۆم راستگۆم و لە شتی دروستكراو دوور دەكەومەوە، زۆریش دڵخۆشم بەو كارانەی پێشكەشیان دەكەم، گوێ بە هیچ كەسێك نادەم كە مەبەستی شكاندنەوە یان نزم كردنی ئاستی هونەری و ناوزڕاندنی من بێت.
* لە هونەرمەندەكان نزیكترین هاوڕێكانت كێن ؟
- پەیوەندییەكی زۆر باش و ئاساییم لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان و كەسایەتییە هونەرییەكاندا هەیە، لە هەر شوێنێك یان بۆنەیەكی تایبەتدا بیانبینم هەوڵ دەدەم كاتێكی خۆش بەیەكەوە بەسەر بەرین، رەنگە جاری وا هەبێت بۆ ماوەیەكی زۆر بە یەكەوە بین بێ ئەوەی باسێك لە هونەر بكەین، جاری واش هەیە لە كۆبوونەوە و دانیشتنەكانماندا تەنیا باس لە كارەكانی رابردوومان دەكەین، من زۆر گوێ لەو هونەرمەندانە دەگرم كە كارەكانمان هەڵدەسەنگێنن و رەخنەی هونەرمەندانیش تا رادەیەكی زۆر بە هەند وەردەگرم.
*بەم دواییە خەڵاتی" MTV Video Music Awards " ت بەهۆی گۆرانی ( دخل الغنوج) بۆ ساڵی 2009 بەدەستهێنا. پێتوایە بتوانی شتی لەوە جوانتر و خۆشتر پێشكەش بكەی؟
- ئەو خەڵاتەی بەدەستمهێنا خەڵاتی مۆسیقای ئەوروپی بوو بۆ باشترین كلیپ. (دخل الغنوج) یەكێكە لە بەناوبانگترین خەڵاتەكانی مۆسیقا لە ئەوروپا و، تەنیا پێشكەشی ئەو ڤیدیۆ كلیپانە دەكرێ كە جۆرێك لە پیشەییان پێوە دیارە. دەبێ هونەرمەند زۆر هەوڵ بدات تا بە دەستی بێنێت، ئەوەی جێگای سەرنجە لەكاتی بڵاوبوونەوەی ئەم كلیپە لە نیشتیمانی عەرەبی هێرشێكی زۆری كرایە سەر و، چەندین كەس بە دەرچوو لە رەوشتیان دادەنا، تەنانەت خەریك بوو بگاتە ئەو ئاستەی كە ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی من، بەڵام بەدەستهێنانی خەڵاتێكی لەم جۆرە و بەم گۆرانییە وەڵامێكی دەم كوتكەرانە بوو، بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە هێرشیان كردە سەری، چونكە ئەگەر كلیپیەكە، جۆرێك لە جورئەتیشی تێدا بێت ئەوا من پێموایە تا رادەیەكی زۆر كارێكی ئاساییە و هەست ناكەم كە شتێكی بەو شێوە ترسناك و دوور لە رەوشتم ئەنجامدا بێت كە ئەوا بكەوێتە بەر هەڕەشە.
* پێشتر پێشبینی ئەوەت دەكرد ئەم خەڵاتە بە دەست بهێنی؟
- بەڵێ بێگومان ئەو پێشبینییەم دەكرد كلیپەكە خەلات بەدەست بهێنێت، بەڵام نەك ئەو خەڵاتە، بەڵكو هەر خەڵاتێكی دیكە، چونكە لە ئاستێكی هونەری بەرزدایە.
* لە هەڵبژاردنەكانتدا ئەو پێوەرانە چین كە پشتیان پێ دەبەستی؟
- حەز دەكەم ئەو شتەی پێشكەشی دەكەم تا رادەیەكی زۆر جیاوازی هەبێت و مۆرك و تایبەتمەندی منی پێوە بێت، حەز دەكەم لە شتی دروستكراو دوور بكەومەوە، رازیش نابم هیچ كارێكی هونەری پێشكەش بكەم كە لە هەموو روویەكەوە قەناعەتی تەواوم پێی نەبێت و پێشتر خۆم بۆ ئامادە نەكردبێت، ئەمەش بۆ رێز گرتن لە هونەر و جەماوەری لایەنگری خۆمە. هەروەها زۆر گرنگی بە پێشكەش كردنی كاری نوێ دەدەم، كە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێت بە جۆرێك كە جەماوەر لێی رازی بێت و نەبێتە هۆی بریندار كردنی هەستی كەس.
* چۆن خۆت لەو شتانە دوور دەخەیتەوە كە پێشكەشت دەكرێن و قەناعەتت پێیان نییە؟
- من بۆ خۆم سنوورێكم داناوە كە نایبەزێنم ئەویش ئەوەیە تەنیا ئەو كارانە پێشكەش دەكەم كە لەگەڵ ئەو كۆمەڵگا و ژینگەیەدا بگونجێت كە من تێیدا دەژیم، نەك شتێك پێشكەش بكەم كە زۆر دوور بێت لە واقیع و بە رەسەنایەتی یان كاری نوێ ناوی ببەم، كە لە راستیدا وا نەبێ، چونكە بەڕای من هونەرمەند دەبێ واقیعی بێت و لەگەڵ ئەو سەردەمە بڕوات كە تێیدا دەژیت، نەك بچێ باس لە پاشەڕۆژ بكات كە نازانی چۆن دەبێ یان بۆ دواوە بگەڕێتەوە.
* پێتوایە هونەرمەندە لوبنانییەكان مافی گۆرانی و هونەری فۆلكلۆری خۆیان داوە؟
- بەڵێ زۆر لە هونەرمەندە لوبنانییەكان كە گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگری بە ئاشكرا هەست بەوە دەكەی كە فۆلكلۆر زاڵە بەسەریدا و تا رادەیەكی زۆریش تێیدا سەركەوتوو بوون.
* تۆ تا چەند حەز لە گوتنەوەی گۆرانی فۆلكلۆری دەكەی؟
- من لە گۆرانی گوتن شێواز و ستایلی تایبەتی خۆم هەیە و ریتمێكی رەسەن و نوێی هونەری، لوبنانی دەبەخشم بەجۆرێك كە لەگەڵ ئەو شێوازەی مندا بگونجێت بەشێوەیەكی تایبەت بە خۆم فۆلكلۆر و هونەری نوێ تێكەڵ دەكەم كە مافی هەردووكیان بدەم و هیچیان لەسەر حیسابی ئەویتر نەبێت.
* ئەو پێوەرانە چین كە پێویستە هونەرمەند بۆ خۆی دایبنێت تا ببێت بە ئەستێرە؟
- بێگومان هۆكاری زۆر هەیە كە وا دەكەن هونەرمەند ببێت بە ئەستێرە وەك دەنگ، كارێزما و چۆنییەتی دەركەوتن و داهێنانی نوێ. لە بواری هونەری نابێ رۆڵی توانای ماددیش لە بیر بكەین، كە پێموایە ئەویش كاریگەرییەكی زۆری هەیە لە دروستكردنی ئەستێرە.
*رات چییە بەرامبەر ئەو كچانەی ئێستا گۆرانی دەڵێن و مەبەستی سەرەكیان دەرخستن و نیشاندانی لەش و جوانی خۆیانە نەوەك پێشكەش كردنی كارێكی هونەری؟
- ناتوانم باس لە كەسیان بكەم یان ناویان بهێنم، بە گشتی دەڵێم نەك تەنیا لە لوبنان بەڵكو لە هەموو نیشتمانی عەرەبی زۆر كچ هەن بەناو گۆرانی دەڵێن، بەڵام هیچیان بەسەر هونەرەوە نییە، دەتوانم بڵێم ئەمانە هونەرمەند نین، بەڵام تەنیا دەیانەوێ گۆرانی بڵێن و دەربكەون.
* بیر لە نواندن ناكەیتەوە؟
- بێگومان تا ئێستا زۆر شتی لەو بابەتەم پێشكەش كراوە، بەڵام من ئێستا ناتوانم بەشێوەیەكی جدی بیری لێ بكەمەوە، چونكە كاری دیكەم زۆرە و كاتی ئەوەم نییە خۆم بۆ نواندن تەرخان بكەم.
* سەبارەت بە كلیپەكانت،رەخنەی زۆرت لێدەگیرێ چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە؟
- بەڵێ راستە لەبارەی كلیپەكانم قسەی زۆر بێ مانا كراوە، بەڵام وەك پێشتر باسم كرد بەدەستهێنانی خەڵاتێكی جیهانی بۆ ئەو كلیپەی كە رەخنەیان لێی دەگرت باشترین وەڵامە. من ئێستا كلیپێكی نوێ ئامادە دەكەم دڵنیام زۆر لە كلیپەكانی پێشووم سەركەوتووتر دەبێت، كلیپێك نییە كە كەسانێك بتوانن بە بێ بنەما و دوور لە رەوشت ناوی ببەن وەك ئەوانی تر. بێگومان ئەوەی بیبینێت بە سەرسوڕمانەوە باس لەو تەكنۆلۆژیایە و ئەو ئاستەی ئێمەی پێی گەیشتووین لە تۆمار كردنی كلیپدا دەكات، كە لە كلیپەكەدا بەكارهاتووە.
* چۆن وەڵامی رەخنەگران دەدەیتەوە؟
- بەو كەسانە دەڵێم كە رەخنە لە كارەكانم دەگرن، هەر كاتێك كلیپەكەی من نمایش كرا ئەوا با كەناڵەكە بگۆڕن و بۆ خۆیان سەیری شتێكی تر بكەن، چونكە هەموو كەسێك ئازادە سەیری چی دەكات و چۆن بیر دەكاتەوە.
* پێویستە رەخنەگر چۆن بێت؟
- هەموو رەخنەگرێك یان رۆژنامەنووسێك مافی خۆیەتی رای خۆی بەرامبەر بە هەر كارێكی هونەری دەرببڕێت كە نمایش دەكرێ و ئەوەی دەیبینێت. ئاشكرایە رەخنەی بنیاتنەر ئەگەر بە لای هونەرمەندەوە ناخۆش و گرانیش بێت، بەڵام دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەر هونەرمەندێك جا لە هەر بوارێكی هونەریدا بێت خۆی لە هەڵەكانی پێشووتری دوور بخاتەوە و دووبارەیان نەكاتەوە. واتە بۆ كاری داهاتووی سوودیان لێ دەبینێت، بەڵام ئەوەی هەندێك كەسی تر بەناوی رەخنەوە دەیكەن و تەنیا مەبەستیان ئەوەیە خەڵك پێیان بڵێ هەڵوێستیان هەبووە، دەربارەی شتێك و لەگەڵ نمایش كردنی كلیپەكە بكەونە هێرش كردنە سەری، پێموایە لە جێی خۆی نییە و پێویستە بەلای كەم ماوەیەك ئارام بگرن و بزانن كاردانەوەی جەماوەر بەرامبەر بەو كارە چییە ئینجا بیروڕاكانی خۆیان بخەنە روو، باشترە بۆ ئەوەی ئێمەش بیر لە كارەكانی خۆمان بكەینەوە
*وەك هونەرمەندێك بڕوات بە بورجەكان هەیە و دەیانخوێنیەوە؟
- بەڵێ بە بەردەوامی دەیانخوێنمەوە، بەرواری لە دایكبوونی من (2/2/1972) جا بزانە چ بورجێك دەكەوێتە ئەم بەروارە ئەوە بورجی منە.
* وەرزش بۆ هونەرمەند تا چەند گرنگە؟
من رۆژانە دەچم بۆ هۆڵی وەرزش و هەفتانە لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانی خۆم بە بەردەوام چوار رۆژ مەلەوانی دەكەم، چونكە وەرزش نەك بۆ هونەرمەند، بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤێك كارێكی زۆر گرنگ و پێویستە.
* زیاتر چ جۆرە مۆبایلێك بە كاردەهێنی؟
- بە شێوەیەكی زۆر نۆكیا بەكار دەهێنم.
* ژمارەی تەلەفۆنی خۆت بە كەس دەدەی؟
- نەخێر ژمارەی تەلەفۆنی من لای بەڕێوەبەری كارەكانمە، (پاتریك زینۆن) هەر لە رێگای ئەویشەوە پرسیارەكانی ئێوەم بەدەست گەیشت، هەر كەسێك كارێكی بە من هەبێت ئەوا لە رێگای ئەوەوە دەتوانێت پەیوەندیم پێوە بكات.
* ئایا لەبارەی میللەتی كورد هیچ زانیاریەكت هەیە ؟
- بەڵێ زۆر شت دەربارەی كورد دەزانم لە رێگای خوێندنەوە و زانیارییەكانی خۆمەوە، هەروەها لە رێگای چەند هاوڕێیەكشم كە زۆر جار باس لە گەلی كورد دەكەن .
* گوێت لە هیچ گۆرانی یان ئاوازی كوردی بووە؟
- بەڵێ گوێم لێبووە و زۆریش سەرنجیان راكێشاوم، گۆرانییە كوردییەكان جۆرێك لە ریتمی هێواشی بەسەرەوە دیارە. كە كار لە هەر هونەرمەندێك دەكات ئەگەر گوێی لێ بووبێت.
* چیت ماوە بیڵێی؟
- زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەو دیمانەیە هیوادارم وەڵامەكانم جێگای رەزامەندی ئێوە بن.