ئەو سیناریۆیەی بۆ هەموو ڕاهێنەرەکانی چێڵسی دووبارە دەبێتەوە

ئەو سیناریۆیەی بۆ هەموو ڕاهێنەرەکانی چێڵسی دووبارە دەبێتەوە
ئەو سیناریۆیەی بۆ هەموو ڕاهێنەرەکانی چێڵسی دووبارە دەبێتەوە
مۆتەکەی یانەی چێڵسی ئەگەر سەیرێکی یانەی چێڵسی بکەین لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دەبینین ڕاهێنەرەکانی چێڵسی هەموویان بە سەرەتایەکی زۆر باش دەست پێ دەکەن، زۆربەیان نازناو بۆ یانەکە دەبەنەوە، بەڵام لە وەرزەکانی دواتر دا تووشی کێشەو قەیرانی گەورە دەبن، بە جۆرێک خودی ڕاهێنەرەکانیش نازانن هۆکاری ئەو کێشەو گرفتانە چی یە، کە ئەو یانەیە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بە خێرایی دەکەوێتە ناوی و یانەکە لە ماوەیەکی کەم دا لوتکەوە دادەبەزێتە خراپترین ئاست.
لێرەدا ئەوەی جێگای سەرنجە هەڵوێستی سەرۆکی یانەکەیە، کە لە جیات ئەوەی بیر لە چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە بکاتەوە، بەڵام زۆر بێ باکانە هەموو ڕاهێنەرەکان بە هەمان شێوە دوور دەخاتەوە. بۆ نموونە وەرزی ڕابردوو لامپارد لە خراپترین بارودۆخدا ئەرکی ڕاهێنەرایەتی چێڵسی وەرگرت، بەڵام دوور لە چاوەڕوانی توانی ئەنجامی زۆر باش بۆ چێڵسی بەدەستبهێنێت، بەڵام لە وەرزی نوێدا چێڵسی سەرەڕای ئەوەی چەند گرێبەستێکی گرانبەهای ئەنجام دا، بەڵام ئەنجامەکانی زۆر بەرەو خراپی ڕۆیشتن و ناچار لامپارد لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە، کە ئەم نموونەیە بۆ مۆرینهۆ و کۆنتی و هەموو ڕاهێنەرەکانی تریش هەمان شتە.
هەروەها لە ئێستاشدا کە سەیرێکی بارودۆخی چێڵسی بکەین کە تۆخێل ئەرکی ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەیەی وەرگرتووە، تا ئێستا هەمان سیناریۆ دەبینین، تۆخێل ئاستی یانەکەی زۆر بەرەو پێش بردووەو ئەنجامەکانی زۆر باشن، ڕاگەیاندنەکان بەردەوام خەریکی ستایش کردن و سەرقاڵی دانانی ئاماری ئەم ڕاهێنەرەن، کە تا ئێستا تووشی شکست نەهاتووە و گۆڕانکاری گەورەی تاکتیکی لە یانەکەدا کردووە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەمان سیناریۆ بۆ تۆخێل دووبارە دەبێتەوە؟ یان تۆخێل دەتوانێت کۆتایی بەو مۆتەکەیە بهێنێت کە بەرۆکی ڕاهێنەرانی چێڵسی گرتووە؟ خۆی ڕاستە هیچ ڕاهێنەرێک و یانەیەک هەتا کۆتایی هەر سەرکەوتوو نابێت، بەڵام ئەوەی بەسەر ڕاهێنەرەکانی چێڵسی دێت جێگای سەرنجە، بۆچی لە ماوەیەکی کەم دا دەتوانن یانەکەی بگەیننە لوتکە، بەڵام لە ماوەیەکی کورتیشدا بەخێرایی دەکەونەوە خوارەوە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پلانی سەرۆک یانەیە کە دەیەوێت زوو زوو گۆڕانکاری بکات، یان یانەکە خۆی لەسەر ئەوە ڕاهاتووە و تا ئێستا ڕێگە چارەی نەدۆزیوەتەوە؟
دەمەوێ ئەوەش بڵێم چێڵسی بەم ڕێگایە توانیویەتی کۆمەڵێک نازناو بباتەوە بەڵام قسەکەی من لەسەر ئەوەیە بۆچی یانەکە ناتوانێ لەگەڵ هیچ ڕاهێنەرێک بەردەوام بێت.
ئەحمەد هێرۆیی
Top