قەڵەمێك ریمۆت كۆنترۆڵی وێنەگرتن

قەڵەمێك ریمۆت كۆنترۆڵی وێنەگرتن
بەبێ ئەوەی هیچ ریكلامێك بێت بۆ سامسۆنگ، دەكرێت بڵێین مۆبایلی جۆری گەلەكسی نۆت 9ی سامسۆنگ لەریزی باشترین ئەو مۆبایلانە دێت كە كوالیتی وێنەگرتنیان لەسەرێیە. هێشتاش نازاندرێت مۆبایلی ناوبراو، كامێرایەكی بەهێزە لە بەرگی مۆبایلدا، یان مۆبایلێكی بەهێزە لە بەرگی كامێرای زیرەكدا، چونكە هەردوو لایەنەكەی زۆر بەهێزن..
مۆبایلی (Samsung Galaxy Note 9) قەڵەمێكی تایبەتی لەگەڵدایە كە بە جۆری S Pen ناسراوە. قەڵەمێك كە بەهۆی بلوتوسەوە لەگەڵ مۆبایلەكەی پەیوەند دەدرێت و زۆر ئەرك ئەنجام دەدات كە پێنووسە زیرەكەكانی دیكە ئەنجامیان نەداوە. پێنووسەكە ئەگەرچی بە وزە كار دەكات، بەڵام وەك ئەوە وایە هیچ وزەیەكی نەوێت چونكە لە ماوەی كەمتر لە خولەكێكدا تەواو شەحن دەبێتەوە و هەتا نیو كاتژمێر شەحنەكەی دانابەزێت، شەحن بوونەكەشی تەنیا بە مۆبایلەكەی خۆیەتی.
قەڵەمەكە هەموو ئەو ئەركانەی ئەنجام دەدات كە قەڵەمە زیرەكەكان ئەنجامی دەدەن، بەڵام هەندێك ئەركی دیكە كە هیچ پینووسێكی ژیرۆك ئەنجامی نادات، وەك ئەوەی كە ئەگەر شاشەی مۆبایلەكە بكوژێتەوە دەتواندرێت بە قەڵەمەكە یادداشت بنووسیەوە، ئەوانەی شارەزای وێنەكێشانن دەتوانن بە ویستی خۆیان وێنەی پێ بكێشنەوە. دەكرێت وەك ریمۆت كۆنترۆڵی وێنەگرتن سوودی لێوەربگیردرێت و لەمەودای دە مەتر دوور لە كامێراكە وەك دوگمەی وێنەگرتنی كامێرا بەكار بهێندرێت، یان دەكرێت كۆنترۆڵی مۆسیقای پێبكرێت و فایلە دەنگییەكانی پێ بگۆڕی. دەتوانی لەكاتی كردنەوەی ماڵپەڕێكدا، ئەو شوێنانە دەست نیشان بكەی كە سەرنجت رادەكێشن، یان دەق دیاری بكەی بۆ وەرگێڕان بە زمانی مەبەست. ئەگەر گەلەكسی نۆت 9 ئەو پێنووسە زیرەكەشی لەگەڵ نەبا هەر گرنگی خۆی هەبوو، بەڵام پێنووسەكە هێندەی دیكە گرنگی بە مۆبایلەكە بەخشی..
Top