لە سەردەمی تەكنەلۆژیای نوێدا، وەك زۆر جاری دیكەش ئاماژەم پێكردووە، هەموو ئامێرێك چ بچووك چ گەورە، تەنیا ئەركێك ئەنجام نادا، بۆ نموونە ملوانكە و بازن و گوستیلە..تاد هەر بۆ جوانی و رازاندنەوە نین، بەڵكو ئەركی دیكەش ئەنجام دەدەن. بۆ نموونە ملوانكەی BellabeatLeaf كە جگە لەوەی سیستەمی GPS تێدایە و دەزاندرێت بەكارهێنەرەكەی لە كوێیە. چاودێری تەندروستی بەكارهێنەرەكەیشی دەكات، وەك چۆنییەتی خەوتن و بوونی دڵەراوكێ لە بەكارهێنەرەكەیدا.
ملوانكەكە لە بەردێكی گرانبایی دروستكراوە، بەردێك كە بە ئەڵماسی چیا ناسراوە. چوارچێوەكەشی لە دار و پۆڵای دژە ژەنگ دروستكراوە. لەناو بەردەكەدا سیتسەمێكی دیجیتالی هەیە كە لەگەڵ موبایلی ئایفۆن پەیوەند دەدرێت، ئەگەر بەكارهێنەرەكەی تووشی دڵەراوكێ و نیگەرانی بوو ئاگاداری دەكاتەوە و راهێنانی باشتر هەناسەدان و ئارامی بەخشینی فێر دەكات.