وایت بۆردی دیجیتالی شوێنی وایت بۆردی ئاسایی دەگرێتەوە

وایت بۆردی دیجیتالی شوێنی وایت بۆردی ئاسایی دەگرێتەوە
هەتا سەرەتای ساڵانی دوو هەزار تەختەڕەشە وەك كەرەسەیەكی گرنگی فێركاری بوو لە قوتابخانەكاندا، رەنگە ئێستاش لە هەندێك وڵاتدا تەختەڕەشە باوی مابێ، بەڵام لە دوای ساڵانی دوو هەزارەوە وایت بۆرد واتە “تەختە سپی” شوێنی “بلاك بۆرد”ی گرتەوە. كە جیهان بەرەو تەكنۆلۆژیای دیجیتالی دەچێت، بێگومان سیستەمی پەروەردەش گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت، وەك نەمانی كتێبی قوتابخانەكان، رەنگە لەداهاتوودا نەمانی مامۆستای فێركار و شوێنی ئەو مامۆستای دیجیتالی بگرێتەوە، لەم دواییانەدا وایت بۆردی دیجیتالی لەمسی كە لەلایەن كۆمپانیای شارپەوە بەرهەم هاتووە و بە ناوی PN-L702B ناسراوە شوێنی دەگرێتەوە. وایت بۆردەكە شاشەیەكی تەواو لەمسی هۆشمەندە. كە پێنووسێكی لەمسی لەگەڵدایە باشترین ئامرازە بۆ شوێنەكانی وەك قوتابخانە و ژوورەكانی كۆنفرانس و سیمینارەكان.
ئەو وایت بۆردە دیجیتالییە پرۆگرامێكی تایبەتی لەگەڵدایە كە بتوانرێ بە گوێرەی ویستی بەكارهێنەر سوود لە شاشە لەمسییەكە وەربگیرێت. هەروەها بەبێ گرفت تەنە ئەندازییەكانی وەك چوارگۆشە و سێ گۆشە...تاد بكێشرێتەوە. لەو شاشەیەدا دەكرێت وێنە سكانكراوەكان لەسەر شاشەكە نیشان بدرێت و گەورە و بچووك بكرێنەوە. جگە لەوە دەكرێت بابەتەكان بە پەنجە یان پێنووس بنووسرێن و بە تەنیا كلیكێك بابەتەكە بۆ پرێنتەر بنێردرێ، یان بە شێوەی فایلێكی دەق یان فایلێكی وێنەیی لە كۆمپیوتەردا خەزن بكرێت.
Top