كامێرای دیجیتالی بەرەو چ داهاتوویەك هەنگاو دەنێت

كامێرای دیجیتالی بەرەو چ داهاتوویەك هەنگاو دەنێت
كامێرای فیلم و وێنەگرتن وەك ئامرازێكی گرنگ لەمێژ ساڵە لەڕیزی ئامێرە هەرە پێویستییەكانی ژیان سەیر دەكرێت، كامێرا بۆ تۆماركردنی دوكیۆمێنت، بۆ بە نەمری هێشتنەوەی یادگارییەكان، بۆ دەرخستنی راستییەكان...تاد. كامێراش وەك زۆر ئامێری دیكە لە ئەنالۆگەوە بەرەو دیجیتالی رۆیشت، ئێستا كامێرای ئەنالۆگ زیاتر لە ئەرشیفدا ماون.. ئەگینا وەك بەكارهێنان هیچ رۆڵێكی نەماوە..
كۆمپانیای نیكون كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنی كامێرای دیجیتال، لە پێشانگای ساڵانە لە فەرەنسا چەند نموونەیەكی لەو كامێرایانە خستەڕوو كە بڕیار وایە لە داهاتوودا بەرهەم بێن. یەكێك لەو كامێرایانە ئەو كامێرایەیە كە لەبری عەدەسەیەك لە چەندین عەدەسە پێكهاتووە. تاكو لە گشت لایەكەوە وێنە بگرێت و بەتێكەڵكردنی وێنەكان وێنەیەكی زۆر دەگمەن دروست بكات.
كامێرای دووەم، كامێرایەكە كە شاشەكەی 6 ئینجییە، لە راستیدا كامێراكە هەم چوارچێوەیەكی وێنەی دیجیتالییە و هەم كامێرایەكی دیجیتالی. شاشەكە جگە لە نیشاندان خۆی لەگشت لایەنێكەوە وێنە دەگرێت.
كامێرای SLR ئەو كامێرایەیە كە لە سێ بەش پێكهاتووە و هەركام لەبەشەكان دەگۆڕدرێن. هەربۆیە لە كاتی پێویستدا وێنەگر بەپێی پێویست كامێراكەی خۆی هەڵدەبژێرێ. ئەو نموونانەی كە باسمان كردن، هیچیان بەرهەم نەهاتوون و تەنیا بیرۆكەن، بەڵام هیچ دوور نییە لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ئەوانە داهاتووی كامێرای دیجیتالی دیاری بكەن.
Top