ئاسكەكانی كوردستان بە خێرایی كیسەڵ دەڕۆن

ئاسكەكانی كوردستان بە خێرایی كیسەڵ دەڕۆن
ئینتەرنێت لەم سەردەمەی تەكنۆلۆژیای زانیاریدا، وەك گرنگترین و سەرەكیترین ئامرازی گواستنەوەی داتاكان و سەرچاوەی گرنگی هەواڵ و زانیارییەكان دێتە ژمار. ئەگەر دوێنێ ئەو پەندە باو بوو، دەكرێ بەبێ نان بژین، بەڵام بەبێ رۆژنامە نا. بەڵام ئەمڕۆ دەكرێ دەستەواژەكە بەم جۆرەی لێبكرێت، دەكرێ بەبێ رۆژنامەو راگەیاندنیش بژین، بەڵام بەبێ ئینتەرنێت نا. لە هەرێمی كوردستاندا بەرەبەری ساڵی 2000 بوو كە ئینتەرنێت جێگەی خۆی لە راگەیاندندا دەكردەوە و دامودەزگاكان سوودیان لە ئینتەرنێت وەرگرت. پاشان تاكی هەرێمیش توانی سوود لە ئینتەرنێت وەربگرێت. هاتنی ئینتەرنێت بۆ كوردستان تا ئێستا چەندین قۆناغی بڕیوە. لە هێڵی تەلەفۆنی ماڵانەوە بگرە تا دەگاتە سیستەمی وایمەكس و وای فای و وایەرلەیس، بەڵام هیچ كام لەو سیستەمانە وەڵامدەرەوەی پێویستی هاووڵاتییان و ئەم خەڵكە نین و ئەو خاو و سسستیەی لە هێڵی ئینتەرنێتی هەرێمدا هەیە، لەگەڵ سیستەمی وڵاتانی جیهاندا بەراورد ناكرێت. عێراق لەریزبەندی وڵاتانی جیهان بۆ خێرایی ئینتەرنێت لە كۆتاییەكانی دایە، واتە لە پلەی 140 بۆ سەرەوە.
كۆریای باشوور چەندین ساڵە لەڕیزی یەكەمی ئینتەرنێتی خێرایی جیهاندایە بە ئاستی 32 میگابایت لە چركەیەكدا، لەدوای ئەویش وڵاتی ژاپۆن دێت بە پلەی 30 میگابایت لە چركەیەكدا.. لە هەرێمی كوردستاندا هەر كام لە سیستەمەكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت كە باوترینیان سیستەمی وایەرلەیسی رێبەركویك و تارین نێتن هەرچەندە چەندین كۆمپانیای دیكەش هەن وەكو “ڤیگۆ” و “ناوەند” و “ئاریافۆن”..تاد، بەڵام ئەوەی كە زۆربەی خەڵك بەكاری دێنێت هەر ئەو خزمەتگوزاری ئەو دوو كۆمپانیایەی كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، هەڵبەتە لە سنووری هەولێر هەمیشە خێرایی هێڵی ئینتەرنێت هی ئەو دوو كۆمپانیایە لە هەڵبەزین و دابەزین دایە، لە نێوان 7 كیلۆبایت هەتا 144 سەرتر و خوارتر دایە. بەڵام لەو حاڵەش را خەرجی مانگانەی ئینتەرنێت بە بەراورد بە ئاستی بژێوی هاووڵاتییانی كۆریای باشوور و ژاپۆن زۆر لە سەرێیە، چونكە لە كۆریای باشوور بۆ خێراترین خەرجی مانگانەی ئینتەرنێت 50 دۆلارە و لە ژاپۆن بۆ سیستەمی وایەری ئینتەرنێت كە خێراییەكەی 100 میگابایتە 67 دۆلارە، لەكاتێكدا داهاتی مانگانەی تاكێك لەو دوو وڵاتەی ئاماژەمان پێدان لە سەرووی 3 هەزار دۆلارە و لە كوردستانیش ناگاتە پێنج سەد دۆلار.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی هیچ كام لە كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ئامادە نین سەبارەت بە وەزعی ئینتەرنێت لە كوردستان روونكردنەوە بدەن و هۆكاری سستی و خاوی هێڵەكەیان باس بكەن، كێ لەم وەزعە بەرپرسه؟ بۆچی عێراق لە ریزبەندی دوا وڵاتەكانی هێڵی ئینتەرنێت لە جیهاندا دێت، هەرچەندە لە ریكلامەكانیاندا گوێبیستی دەستەواژەی زۆر سەرنج راكێش دەبیت كە لەگەڵ جیهانی واقیعیەتدا، جیاوازیان ئاسمان و رێسمانە. وەك “خێراتر لەوەی بیری لێدەكەیەوە. خێراتر لە هەموو ناوچەكە...تاد. بەڵام كە بە كردەوە دەبینین دەزانین كە ئاسكەكانی كوردستان خێراییان بەقەد خێرایی كیسەڵێكە!
Top