وەزارەتی تەندروستیی ئێران: دوو حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون

وەزارەتی تەندروستیی ئێران: دوو حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون
به گوتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، پاش تاقیکاری و توێکاریی سەرەتایی دەرکەوتووە کە دوو حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قوم تۆمار کراون.

لەمبارەوە د. کیانووش جەهانپوور بە ماڵپەڕی نیوەفەرمیی (ئیسنا)ی گوتووە: "لەسەر دوو کەس کە گومانیان لێ کراوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن، تاقیکاری کراوە و لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەتووە ئەو دوو کەسە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و بۆ سەلماندن و یەکلاکردنەوەی پشکنین و تاقیکاریی دیکە ئەنجام دەدرێت و بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕاشی گەیاندووە: "لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند حاڵەتی جێی گومانی کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆرنا لە شاری "قوم" بێندراوە کە دەستبەجێ تیمەکانی ناساندن و کۆنترۆڵ و پێشگیریی نەخۆشییە درمییەکان لە شاری قوم جێگیر کراون و بەپێی پلان، کەسە جێی گومانەکان، خراونەتە ژێر چاودێری و لە نێوان ئەو حاڵەتانەدا دوو حاڵەت هەبوون کە ئەنجامی تاقیکاری و پشکنینەکانیان ئەرێنی بووە و هەندێ حاڵەتی دیکەش ئەنلفوەنزای جۆری B ڕاگەیەندراوە."

ئاماژەی بەوەش داوە: "قۆناغەکانی دیکەی تاقیکاری و پشکنین بەردەوامن و ئەنجامی کۆتایی ئەو دوو حاڵەتە، پاش روونبوونەوە و دەرکەوتن ڕادەگەیەنرێن".

بەپێی هەمان سەرچاوە چەندانین تیمی پزیشکی و کۆنترۆڵ و پێشگیریی نەخۆشییە درمییەکان لە قوم جێگیر کراون و هەمو کەلوپەلی پیسیتیان پێیە.

پێشتریش لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەندین هەواڵ و ڕاپۆرت لەبارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنە و لە چەند شاری دیکەی ئێران بڵاو بووە، کە دواتر ئێران ئەو زانیارییانەی ڕەت کردەوە..Basnews
Top