كاتە گونجاوەكان بۆ خواردنی میوە

كاتە گونجاوەكان بۆ خواردنی میوە
میوە سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامینەكان و ریشاڵ و پۆتاسیۆم لەگەڵ ماددەی دژەئۆكسان كە ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی كەم دەكەنەوە. خواردنی میوە لە سەرەتای دەستپێكی رۆژدا پاش خواردنەوەی پەرداخێك ئاو كارێكی زۆر باش و تەندروستە، بەڵام وا باشترە كە میوە مزرەكان لە خورینیدا نەخورێن، چونكە لەوانەیە كە ببنە هۆی زیادبوونی ترشێتی گەدە و هەستكردن بە ناڕەحەتی و دڵەكزێ Heartburn. خواردنی میوە پێش نووستن كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كۆئەندامی هەرس، واباشترە كە هیچ شتێك بەر لەكاتی نووستن نەخورێت. خواردنی میوە لە كاتێكی زووی ئێوارە لە لایەن زۆربەی پسپۆڕانەوە رێنمایی دەكرێت. دەتواندرێت كە میوە بكرێت بە بەشێكی گرنگی ژەمی بەیانییان لەگەڵ هێلكە، پەنیر، یان ماستدا دەبێتە خۆراكێكی هاوسەنگ. خواردنی میوە لەگەڵ ژەمە سەرەكییەكانی نیوەڕۆ، یان ژەمی ئێوارەدا هیچ زیانێكی ئەوتۆی نییە، تەنیا ئەوە نەبێت كە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی كرداری هەرسكردنی خۆراك و درەنگ هەرسبوونی میوە و گرفت لە هەڵمژینی ماددە خۆراكییە گرنگەكاندا، بۆیە خواردنی میوە لەسەر گەدەی بەتاڵ شتێكی باشترە. گەلێك سەرچاوەی دیكە پێیان باشە خواردنی میوە 30 خولەك دووربێت لە ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك، هەروەها بۆ نەخۆشانی شەكرە پێویستە كە خواردنی میوە بەلای كەم یەك كاتژمێر پێش ژەمە سەرەكییەكان، یان دوو كاتژمێر پاش ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك بێت.
Top