مامەڵەی دروست لەگەڵ هەڵامەتدا بكە

مامەڵەی دروست لەگەڵ هەڵامەتدا بكە
هەڵامەت Common cold هەوكردنێكی ڤایرۆسیی رێڕەوی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەیە، گوازراوەیە و لەخۆیەوە لە ماوەی 3-7 یان ئەوپەڕی 10 رۆژدا چاك دەبێتەوە. ئەگەرچی هەڵامەت حاڵەتێكی سادەیە، بەڵام تووشبوو ناڕەحەت دەكات، بۆیە گەلێك كەس زیاد لە پێویست دەرمانی جۆراوجۆر بەكاردێنن كە لەوانەیە پێویست نەكات و هیچ سوودیشیان نەبێت، چونكە تەنیا بە بەرگریی لەش لە ڤایرۆسەكانی هەڵامەت رزگارمان دەبێت. هەنگاوە دروستەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵامەتدا: خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو و شلەی دیكەی وەكو شیرەی سرووشتیی میوە بەتایبەتی میوە مزرەكان هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە قاوە، سۆدا، ئەلكهول، حەسانەوە، غەرغەرە بە گیراوەی خوێ و ئاو لە ماڵەوە بە تێكەڵكردنی چارەگێك، یان نیو كەوچكی كوپ خوێ لەگەڵ 230 میللیلیتر ئاوی كەمێك گەرم بە مەبەستی سووككردنی كڕانەوەی قوڕگ، یان بەكارهێنانی لۆزێنجی وەكو ستریپسیلز Strepsils، بەكارهێنانی دڵۆپی لووت بەتایبەتی دڵۆپی سەلاین كە گیراوەیەكی خوێیە، دەتوانرێت دەرمانی پاراسیتۆل، یان بروفین بۆ سووككردنی ئازار بەكار بهێنرێت، هەروەها دژەهیستامین (دژەهەستەوەری) هەرگیز پێویست بە بەكارهێنانی دەرمانی ئەنتی بایۆتیك (دژەبەكتریا) ناكات، چونكە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ڤایرۆسی هەڵامەت نییە، دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی دەرمانی دژەكۆكە بەتایبەتی لە منداڵدا، خواردنی سوپی گەرمی مریشك، چای، شیرەی گەرمی سێو كە سوودبەخشن بۆ سووككردنی گیرانی لووت، هەڵمژینی هەڵم، یان بەكارهێنانی ئامێری كارەبایی شێداركردنی هەوای ژوور Humidifier.
Top