زۆربەی ئەو دەرمانانەی كە بە مەبەستی دابەزاندنی كێشی لەش Diet pills لە بازاڕەكان و لە دەرمانخانەكاندا هەن، چەوری لە خۆراكەوە رادەكێشن، هەندێكیشیان ئارەزووی خواردن كەم دەكەنەوە. بە پێی رێكلامی كۆمپانیا بازرگانییەكان، ئەم دەرمانانە هانی سووتاندنی چەوریی لەش دەدەن، بەڵام تا ئێستا بەڵگەیەكی زانستیی سەلمێنەری ئەم گوتانە لەبەر دەستدا نییە. بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی ئاژانسی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی FDA، گەلێك لەم دەرمانانە ماددەی BMPEA لەخۆ دەگرن، كە نزیكە لە ئەمفیتامین Amphetamine كە كاریگەریی نێگەیڤ دەكاتە سەر پەستانی خوێن، دڵ، هەروەها خەو. زۆربەی ئەو دەرمانانەی كە چەوری لە خۆراكەوە رادەكێشن ماددەی چیتۆسان Chitosan لەخۆدەگرن، كە رێگا لە هەرسكردنی چەوری دەگرێت، ئەمەش دەبێتە ئەگەری تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان و پەككەوتنی ئەندامەكان، یان تێكچوونی فسیۆلۆژیای ئەندام، یان كۆئەندامەكان. تەنانەت ئەگەر بەكارهێنانی یەكێك، یان پتر لەم دەرمانانە ببێتە هۆی دابەزاندنی كێش، ئەوا بێگومان بە رادەیەكی كەم و ناجێگیر دەبێت. هەندێكیان هۆكارن بۆ كەمبوونەوەی هەڵمژینی ماددە خۆراكییە گرنگەكان، هەندێكی دیكە تێكەڵاوێكی ئەسپرین و ئێفیدرین Ephedrine لەخۆدەگرن كە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، لەوانەشە ببێتە هۆی نۆرەیەكی كوشندەی دڵ، یان جەڵتەی مێشك. تاكە رێگای دروست بۆ دابەزاندنی كێش بریتییە لە ریجیم و مەشقی وەرزشی بە چاودێریی دكتۆر.