ئەمە حاڵەتێكی باوە كە زۆربەی تووشبووان بە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ یان نۆرەی دڵ دوچاری دڵتوندی یان خەمۆكی دەبنەوە بەتایبەتی لە ماوەیەكی كورتی پاش دەستنیشانكردن، هەورەها پاش قەستەرە یان نەشتەرگەری دڵ یان نووستن لە نەخۆشخانە لەبەر نەخۆشی دڵ. هەستكردن بە دڵتوندییەكی كاتی پاش دەستنیشانكردنی نەخۆشی دڵ شتێكی ئاساییە كە لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا لەخۆیەوە نامێنێت، بەڵام كە قووڵتر بێت و بۆ ماوەیەكی زیاتر بەردەوام بێت و ژیانی ئاسایی بشێوێنێت، ئەوا نیشانەی تری لێدەكەوێتەوە و مانای تووشبوون بە خەمۆكی دەگەیەنێت. كە دڵتوندی قووڵ رۆژانە رووبدات و هاوكات بێت لەگەڵ نیشانەی تر و بۆ ماوەی 2 هەفتە یان زیاتر بەردەوام بێت، ئەوا چارەسەركردنی خێرا زۆر پێویستە بۆ پاراستنی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. نزیكەی 15% ی تووشبووان بە نەخۆشی دڵ و نزیكەی 20%ی ئەوانەی كە نەشتەرگەری بایپاسی خوێنبەری دڵیان Bypass surgery بۆ دەكرێت دوچاری خەمۆكی گەورە دەبنەوە. بە پێچەوانەشەوە بە پێی چەندین لێكۆڵینەوە، سترێسی توند و بەردەوام هۆكارە بۆ: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، تێكدانی خوێنبەرەكان، ناڕێكی لێدانەكانی دڵ، لەگەڵ لاوازبوونی سستمی بەرگری لەش. هەروەها خەمۆكی هۆكارە بۆ زیادبوونی چاڵاكیی خەپڵەكانی خوێن، ناڕێكیی ریتمی گرژ و خاوبوونەوەی دڵ، زیادبوونی ئاستی هەوكردن كە بە پشكنینی پرۆتینی كارلێكەر C-reactive protein دەردەكەوێت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی كۆئەندامی دڵ و سووڕان زیاد دەكات. لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی دڵدا، خەمۆكی ئەگەری نۆرەی دڵ و ئاڵۆزی تر زیاد دەكات. لە كەسانی لەشساغیشدا، خەمۆكی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ و نۆرەی دڵ زیاد دەكات. خەمۆكیی بەردەوام پاش جێگیربوونی نۆرەی دڵ ئەگەری مردن تا رێژەی 17% لە ماوەی 6 مانگدا زیاد دەكات، كەچی ئەم رێژەیە دەگاتە تەنیا 3% لە تووشبووان بە نۆرەی دڵ كە دوچاری خەمۆكی نەبوون.