ئەمە راستییەكی پزیشكییە كە ئێسكی پتەوتر واتە تەندروستیی باشتر. لەگەڵ بەتەمەنداچووندا بارستایی ئێسك كەم دەبێتەوە بەتایبەتی لە ئافرەتدا، بۆیە ئێسك پێویستی بە چەند هەنگاوێكە بۆ پاراستنی پتەوی و بارستایی یان خۆپاراستن لە پوكانەوەی ئێسك Osteoporosis كە بریتین لە: بەكارهێنانی یارمەتیدەری خۆراكیی Supplement كە كانزاكانی كالسیۆم و مەگنسیۆم لەخۆبگرێت لەگەڵ ڤیتامینەكانی A، D، K، B6، B9، B12، خۆراكی هاوسەنگ كە دانەوێڵەی تەواو، سەوزە گەڵا تاریكەكان، میوە، شیرەمەنی لەخۆبگرێت. هەروەها سنوورداركردنی پرۆتین، دووركەوتنەوە لە كاربۆهیدراتی سافكراو و شەكر و سۆدا، سنوورداركردنی خواردنەوەی كافائینییەكان كە هاندەرن بۆ لاوازبوونی ئێسك. سەردانی دكتۆر پێویستە بە مەبەستی هاوسەنگكردنەوەی هۆرمۆنەكان لە تەمەنی نزیك قۆناغی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە، بۆ نموونە بەكارهێنانی كرێمی پرۆجێستیرۆن كە هاندەرە بۆ بینای یان دروستبوونی ئێسك بە درێژایی ئەم قۆناغە. مەشقی وەرزشی رۆژانە گرنگە هاوكات لەگەڵ رێگرتن لە زیادبوونی كێشی لەش كە لەم قۆناغەدا باوە، واباشە كە رێژەی چەوری لە لەشدا لە 20-25% تێپەڕنەكات. خۆدانە بەر تیشكی خۆر بەلای كەم بۆ ماوەی15خولەك لەكاتی بەیانی زوو یان ئێوارە سوودبەخشە بۆ دابینكردنی رێژەیەكی باشی ڤیتامین D. پاش تەمەنی 50 ساڵی پێویستە كە هەر 2 ساڵ جارێك ئێسكەكانت لەلایەن دكتۆر بەسەر بكەیتەوە.