تۆ كە گەنجیت بۆچی زوو ماندوو دەبیت؟

تۆ كە گەنجیت بۆچی زوو ماندوو دەبیت؟
گەلێك جار دەبینین كە گەنجێك لەو كاتەی كە بە پێپیلكەكان بۆ نهۆمی دووەم یان نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەك سەر دەكەوێت، لە پڕێكەوە بۆ ماوەیەكی كورت دەوەستێت چونكە دوچاری هەناسەتەنگی یان ماندووبوون دەبێت، ئینجا ساڵ لە دوای ساڵ هەمان ئەو گەنجە كە بە پێپیلكەكان سەردەكەویت زیاتر سەخڵەت دەبێت و هەناسەی خێرا و كەمێكیش تەنگ دەبێت و ناچار دەبێت كە لە نیوەی ڕێگادا پشووێك بدات، ئینجا تا دێت لای ئەم گەنجە سەركەوتن بۆ نهۆمی دووەم و سێیەم بە رَێگای پێپیلكەكان قوڕستر دەبێت كە ساڵانی پێشوو بێ ئەوەی ماندوو بێت یان هەناسەی سوار بێت بە ئاسانی سەردەكەوت، بۆیە وا بیردەكاتەوە كە هۆی ئەمە بۆ تەمەن یان بەساڵاچوون بگەڕێتەوە. بە كورتی، لەوانەیە كە تەمەن هۆكاربێت، بەڵام بە تەنیا هەموو هۆیەكانی زوو ماندوو بوون و كێشەی هەناسە ناگریێتەوە، بۆیە مرۆڤ لەم تەمەنەدا كە زوو ماندوو ببێت ئەوا پێویستە كە جگە لە تەمەن بیر لە هۆیەكانی تری ئەم كێشەیە بكاتەوە. لەوانەیە هۆكای زوو ماندووبوون و تەگەرەیەكی كاتی لە هەناسەدا یان بۆ شڵەژان و تێكچوونی فرمانی دڵ و سییەكان بگەڕێتەوە، بۆیە لە گەنجیشدا زوو ماندووبوون و كێشە لە هەناسەدا لەوانەیە گرفتێكی تەندروستی لەپاڵەوە بێت و مەسەلەكە لە بەساڵاچوون زیاتر ببێت. لەگەڵ جوولەدا، لێدانەكانی دڵ و هەناسە خیرا دەبن، ئەگەر دڵ نادروست یان نەخۆش بوو ئەوا لەكاتی جوولەدا چاڵاك نابێت و ناتوانێت كە بڕێكی باشی خوێن بۆ ناو خوێنبەرەكانی لەش پاڵ بنێت، واتە بڕێكی كەمتر لە پێویست خوێن پاڵ دەنێت بۆ لەش و سییەكان، بەمەوە لێدانەكانی دڵ زیاتر دەبن و هەناسە خێراتر دەبێت و ئەز كەسە هەست بە ماندووبوون دەكات هەرچەندە كە جوولەیەكی ئاواشی ئەنجام نەدابێت كە ماندوو و هیلاكی بكات. ئەگەر دڵ پەكی بكەوێت ئەوا خوێن لە شانەكاندا كۆ دەبێتەوە و دەبێتە هۆی گرفت كێشەیەكی گەورەتر لە سییەكاندا، بۆیە لەوانەیە كە ئەو كەسە لەكاتی پشوودانیشدا هەر هەناسەی تەنگ بێت و هەست بە ماندووبوون بكات. كەواتە دڵ بە پلەی یەكەم تاوانبارە لەم كێشەیەدا ئینجا نەخۆشییەكانی سی و بۆڕییەكانی هەناسە وەكو نەخۆشی هەناسە تەنگی (رەبو)، شڵەژانی باری دەروونیش زۆرجار بە شێوەیەكی كاتی دەبێتە هۆی زوو ماندووبوون و هەناسە تەنگی وەكو ئەوەی كە لە قوتابییەكاندا بەر لە دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان بەدی دەكرێت، دەبێ ئەوەش لەبیر نەكەین كە جگەرەكێشان و قەڵەوی دوو هۆی گرنگی ترن بۆ زوو ماندووبوون و كێشەی هەناسە لە گەنجەكاندا.
Top