كەڕەكیفەی نان زیانبەخشە

كەڕەكیفەی نان زیانبەخشە
كەڕەكیفە Mold بریتییە لە كەڕووی Fungus مایكرۆسكۆپی كە لەسەر رووەك و ئاژەڵدا گەشە دەكات و زیاتر لە 300،000 جۆری هەیە. ئەم كەڕووانە بە رێگای ئاو، هەوا، هەروەها مێرووەكان دەگوازرێنەوە. رەنگی كەڕەكیفە بۆ سپۆرەكانی كەڕوو دەگەڕێتەوە لە نێوان سپی و سەوز و ڕەشدا. هەر خۆراكێك كەڕەكیفەی گرتبێت ئەوا ناتەندروستییانەیە و خواردنیشی دەبێتە ئەگەری گرفت بەتایبەتی لە كۆئەندامی هەرسدا. گەلێك كەس دەپرسن كە ئایا خواردنی نان یان سەموونی بە كەڕەكیفە Moldy bread مەترسی هەیە یان نا؟ بەگشتی كەڕە’كیفە دەبێتە هۆی گرفتی تەندروستی كە جۆر و توندییەكەی پەیوەستە بە جۆری كەڕوو، چونكە هەندێك كەڕوو لە هەندێكی تر زیانبەخشترن. ئازاری گەدە باوترین گرفتە پاش خواردنی نان یان سەموون كە كەڕەكیفەی گرتبێت، هەروەها دەبێتە ئەگەری گرفت لە هەناسەدا كە لەوانەیە هەندێك جار سەخت بێت و پێویست بە سەردانی نەخۆشخانە و چارەسەری كتوپڕ بكات. هەندێك لێكۆڵینەوەش ئاماژە بەوە دەكەن كە لەوانەیە ببێتە هۆی گرفتی سەخت لە كۆئەندامی دەماردا لەگەڵ ئەگەری خەمۆكی. ئەمەش بەدیكراوە كە هەندێك كەس پاش خواردنی نانی كەڕەكیفەگرتوو دوچاری گرفتی تەندروستی گەورە دەبن كە مەترسی دەخاتە سەر ژیانیان. ئەگەرچی هەموو جۆرە كەڕوویەك مەترسیدار نییە، بەڵام پێویستە كە بە هیچ شێوەیەك ئەم جۆرە نان یان سەموونە نەخورێت، هەروەها نابێ هەتا ئەو بەشەی نانەكە بخورێت كە كەڕەكیفەی نەگرتووە چونكە لەوانەیە كە سپۆری كەڕوو لەخۆبگرێت و بە چاو نەبینرێت. نابێ كەڕەكیفەی سەر نان یان هەر خۆراكێكی تر پاكبكرێتەوە ئینجا خۆراكەكە بخورێت، هەروەها نابێ هەرگیز بە فووكردن هەوڵی پاككردنەوەی كەڕەكیفە بدەیت چونكە لەوانەیە كە سپۆری كەڕوو بگاتە كۆئەندامی هەناسەت و دوچاری هەستەوەری یان گرفتی ترت بكات.
Top