گەلێك سەرچاوەی پزیشكی ئاماژە بەوە دەكەن كە بەكارهێنانی ڤیتامین E راستەوخۆ لەسەر پێستدا رۆڵی هەیە بۆ لابردنی ئاسەوارەكانی زیپكەی گەنجیتی یان بەلای كەم شاردنەوەیان. ئەو كرێم و مەرهەمانەی كە ڤیتامین E لەخۆدەگرن گوایە هەموو جۆرەكانی ئاسەواری پێست لادەبەن، لە زۆربەی بازاڕەكان و هەموو دەرمانخانەكاندا دەست دەكەون و بە بێ راچێتەی دكتۆر دەفرۆشرێن، بەڵام واباشترە كە تەنیا بە رێنمایی دكتۆری پێست بەكاربهێنرێن. بەهەرحاڵ، تا ئێستا بەڵگەی زانستی چەسپاو لەبەردەستدا نییە كە ڤیتامین E ئەم كاریگەرییانەی بەم شێوەیە لەسەر ئاسەوارەكانی پێستدا هەبێت، بەڵام هێشتا تا رادەیەك سوودی لێوەردەگیرێت بۆ چارەسەركردنی چەند حاڵەتێكی پێست. لە لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە بەكارهێنانی ڤیتامین E بە شێوەی مەرهەم سوودی هەیە بۆ چاكبوونەوەی یان نەهێشتنی ئاسەوارەكانی پێست، هەروەها بەكارهێنانی مەرهەمی ڤیتامین E پێش نەشتەرگەری و پاش نەشتەرگەی یارمەتیدەرە بۆ زووتر چاكبوونەوەی برینەكانی نەشتەرگەری لەسەر پێستدا. ئەمەش روونكراوتەوە كە بەكارهێنانی ڤیتامین E بە شێوەی كەپسول بە هەمان شێوەی یارمەتیدەرە بۆ چاكبوونەوەی برین و كەمكردنەوەی ئەگەری پەیدابوونی ئاسەوار لەسەر پێستدا. سەوزە گەڵا تاریكەكان، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو، لەگەڵ تۆوەكان، سەرچاوەی خۆراكیی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین E. نابێ ئەمەش لەبیربكرێت كە بەكارهێنانی ژەمی زیادی ڤیتامین E بە شێوەی دەنك یان كەپسول بەتایبەتی ئەگەر لە 670 ملگم لە رۆژێكدا زیاتر بێت ئەوا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت بە شێوەی شلبوونەوەی خوێن و ئەگەری خوێنبەربوون.