چۆن رێژەی هیمۆگلۆبینت بەرزدەبێتەوە؟

چۆن رێژەی هیمۆگلۆبینت بەرزدەبێتەوە؟
هیمۆگلۆبین Hemoglobin پڕۆتینی ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێنە كە گازی ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ لەش دەگوازێتەوە. لەبەرئەوەی كە كانزای ئاسن بەشێكی گرنگە لە پێكهاتەی هیمۆگلۆبیندا، بۆیە خۆراكی دەوڵەمەند بە ئاسن رۆڵی هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هیمۆگلۆبین. كەمی ئاستی هیمۆگلۆبین واتە كەمخوێنی لەبەر كەمی ئاسن كە دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، هەستكردن بە ماندووبوون، كزبوونی سستمی بەرگری لەش، هەناسەتەنگی، رەنگ زەردبوون. ئاسن لە خۆراكە ئاژەڵییەكاندا بە شێوەیەكی ئاسانتر لە سەرچاوە رووەكییەكانی ئاسن لە كۆئەندامی هەرسدا هەڵدەمژرێت، بۆ نموونە گۆشتی سوور، پەڵەوڕ، هێلكە، ماسی سالمۆن و ساردین، مەحار Oyster كە سەرچاوەی باشن بۆ ئاسن و پرۆتین. ئەو كەسانەی كە رووەكین یان بەرهەمی ئاژەڵی كەم دەخۆن، پێویستە ئەو خۆراكە رووەكییانە هەڵبژێرن كە دەوڵەمەندن بە ئاسن وەكو نۆك، فاسولیای سپی و سوور، نیسك، پاقلەی سۆیا، لۆبیا، هەروەها ئەو بەرهەمە رووەكییانەی كە ڤیتامین C لەخۆدەگرن چونكە ئەم ڤیتامینە یارمەتی هەڵمژینی ئاسن دەدات، بۆ نموونە كیوی، برۆكۆلی، میوە مزرەكان، پەتاتەی برژاو، تەماتە، قەیسی، ئاڵو. فۆلێت یان ڤیتامین B9 و ڤیتامین B12 گرنگییان هەیە لە دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، سەرچاوە خۆراكییەكانیان بریتین لەمانە: گەڵای شێلم، بامیە، سپێناغ، هلیۆن Asparagus،سڵق، پەنیر، شیر، ماست.
Top