شامپۆ، ئاوێتەكانی لابردنی بۆن Deodorants، ئاوێتە شێدارەكەرەوەكان Moisturizers، ئارایشت، كۆڵۆنیا، هەروەها ئاوێتەی جوانكاری تر هۆكارن بۆ تووشبوون بە سووتانەوە یان هەستەوەری پێست. پێكهاتەی كیمیایی ئاوێتەكانی جوانكاری وەكو بۆن و بۆیە و ماددەكانی پارێزبەندی ئاوێتەكان Conservatives هۆكاری سەرەكین بۆ پەیداكردنی هەستەوەری. بە پێی ئامارە جیهانییەكان، ئافرەتێكی پێگەیشتوو رۆژانە بە تێكڕایی و بەلای كەم 7 جۆر ئاوێتەی جوانكاری بەكاردێنێت. نیشانەكانی هەستەوەری بە ئاوێتەكانی جوانكاری پێست بریتیتن لە: خورشت، هەستەوەری یان هەوكردنی بەركەوتن Contact dermatitis، سووربوونەوە و ئاوسانی پێست، هەورەها لە حاڵەتە سەختەكاندا سەرهەڵدانی بڵۆق. هەستەوەری بە ئاوێتەكانی جوانكاری چارەسەردەكرێت بە بەكارهێنانی ئەو كرێمانەی كە كۆرتیزۆن Cortisone لەخۆدەگرن وەكو هایدرۆكۆرتیزۆن Hydrocortisone بۆ كەمكردنەوەی سووبوونەوە و ئاوسان و خورشتی پێست، هەندێك جاریش بەكارهێنانی دەرمانی بەهێز بۆ كۆنترۆلكردنی هەستەوەری بە شێوەی ئاوێتەی خۆجێیی بۆ پێست و لە رێگای دەم یان هەتا دەرزی، لەكاتی سەرهەڵدانی بڵۆق پێویست بە بەكارهێنانی دەرمانی دژەبەكتریا دەكات. بۆ خۆپاراستن، پەیڕەوی چەند هەنگاوێكی سادە بكە وەكو: كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاوێتەكانی جوانكاری، هەڵبژاردنی ئەو جۆرانەی كە ماددەی سادە لەخۆدەگرن، لەكاتی بەكارهێنانی بۆن هەوڵ بدە كە تەنیا بەر جلەكان بكەوێت نەك بەر پێست بكەوێت، شووشتنی پێست بە ئاو و سابوون پاش بەكارهێنانی هەر ئاوێتەیەكی جوانكاری.