مایۆنێز Mayonnaise لە تێكەڵاوێكی ئاو، زەیتی پاقلەی سۆیا، نیشاستە، هێلكەی تەواو یان زەردێنەی هێلكە بە تەنیا، سركە(خەل)، شیرەی لیمۆ، خەردەل،خوێ، بنێشتی زانتان Xanthan gum لەگەڵ هەندێك ماددەی پارێزبەند Conservative دروست دەكرێت. مایۆنێز سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین E بە پێی جۆری ئەو چەورییەی كە تێیدایە. گەلێك كەس هەستەوری خۆراكییان هەیە بەرانبەر بە هێلكە یان بەرانبەر بە ماددە ئۆرگانییەكان، بۆیە پاش خواردنی مایۆنێز لەوانەیە كە نیشانەكان سەرهەڵبدەن. مایۆنێز لەوانەیە كە ماددەی گلوتین gluten لەخۆبگرێت، بۆیە ئەو كەسانەی كە نەخۆشی سیلییاك Celiac disease یان هەستەوەرییان بە خواردنی گەنم هەیە پێوسیتە كە دووركەونەوە لە خواردنی مایۆنێز. لە مایۆنێزدا هێلكەی خاو بەكاردێت كە لەوانەیە ئەگەری ژاراویبوون بە بەكتریای سالمۆنێللا Salmonella زیاد بكات بەتایبەتی لەو كەسانەی كە بەرگری لەشیان نزمە بۆ نموونە ئەوانەی كە نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە بەتایبەتی نەخۆشی شەكرە، ئایدز، هەروەها ئەوانەی كە دەرمانی كیمیایی بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە یان دەرمان لەپاش گواستنەوەی ئەندامەكان بەكاردێنن بۆ رێگرتن لە رەتكردنەوەی ئەندامی گوازراوە. سركەی ناو مایۆنێزیش لەوانەیە كە نیشانەكانی هەستەوەری زیاد بكات لەو كەسانەی كە هەستیارن بەرانبەر بە سركە و ماددە ئۆرگانییەكان. كەوچكێكی گەورە مایۆنێز 10 گرام چەور لەخۆدەگرێت واتە 90 كالۆری وزە، لەگەڵ 90 ملگم خوێ، 5 ملگم كۆلیستیرۆل لەخۆدەگرێت. بۆیە خواردنی مایۆنێز زیانبەخشە بۆ كەسانی قەڵەو و تووشبووان بە نەخۆشی دڵ، نەخۆشی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها بەزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن.