زۆربەی پیاوان دوچاری ئاوسانی پرۆستات دەبن

زۆربەی پیاوان دوچاری ئاوسانی پرۆستات دەبن
پرۆستات Prostate گلاندی زاوزێی پیاوە، قەبارەكەی بە قەد گوێزێكی بچووكە، كێشەكەی تەنیا 20 گرامە، كەوتۆتە پێشەوە و بنەوەی میزڵدانەوە، دەوری ملی میزڵدان و بۆڕی میزی داوە، بەشێكی ماسوڵكەییە و بەشێكی گلاندە، چەندین جۆگەی هەیە دەچنە ناو بۆڕی میزەوە (ئەو بەشەی بۆڕی میز كە كەوتۆتە ناو پرۆستاتەوە). پرۆستات لە 3 بەش پێكهاتووە، یەكێك لە ناوەڕاست و یەكێك لە لای راست و یەكێك لە لای چەپ. گلاندی پرۆستات شلەیەكی ئەلكالی (تفت) دەردەدات كە بەشێكی تۆواو پێكدێنێت و سپێرمەكان هەڵدەگرێ. فرمانی سەرەكی پرۆستات بریتییە لە دروستكردنی شلەی تۆواو، پەمپكردن یان پاڵنانی تۆواو بە هێزێكی تایبەت بە مەبەستی پیتاندنی هێلكۆكەی ئافرەت. پرۆستات وەكو گلاند كاردەكات و ریشاڵەی ماسوڵكەشی تێدایە كە گرژ و خاودەبنەوە. نەخۆشییە سەرەكییەكانی پرۆستات بریتین لە: ئاوسانی پرۆستات، هەوكردن، شێرپەنجە. هەوكردنی پرۆستات زۆر باوە لە تەمەنی گەنجێتی و ناوەڕاستدا، بەڵام ئاوسانی پرۆستات لەگەڵ بەتەمەنداچووندا بەدی دەكرێت. ئاوسانی سادەی پرۆستات BPH بریتییە لە ئاوسانێكی پاك یان نا شێرپەنجەیی كە لەگەڵ كرداری ئاسایی بەتەمەنداچووندا سەرهەڵدەدات. نزیكەی نیوەی پیاوان لە تەمەنی 60 ساڵیدا دوچاری دەبن، هەروەها نزیكەی 90%ی پیاوان لە تەمەنی 85 ساڵی بەسەرەوەدا دوچاری ئاوسانی پرۆستات دەبن. گرنگترین نیشانەكانی ئاوسانی پرۆستات ئەمانەن: تەنگاوی زۆر بۆ میزكردن Urgency، چەندین جار پێویستی بە لەخەو هەڵسان بۆ میزكردن Nocturia، لاوازبوونی لێشاوی میز، پێویستی بە فشار بۆ میزكردن و بەتاڵبوونی تەواوی میزڵدان، هەندێك جار بوونی خوێن لەگەڵ میزدا.
Top