لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە زیاد خواردنی شەكری فركتۆز Fructose كە بە شەكری میوە ناسراوە بە شێوەیەك كە بگاتە نزیكەی 25%ی كۆی وزەی پێویستی رۆژانە، ئەوا دەبێتە ئەگەری زیادبوونی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن. كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ وا رێنمایی دەكات كە تەنیا تا رێژەی 5%ی كۆی پێویستی كالۆری رۆژانە لە شەكرەوە سەرچاوە بگرێت. هەندێك سەرچاوەی پزیشكی تر پێیان باشە كە هەرگیز و لە هیچ بارودۆخێكدا ئەم رێژەیە نەگاتە 25%ی كۆی پێویستی رۆژانەی وزە كە بە 2000-2500 كالۆری خەمڵێنراوە بۆ پیاو و ئافرەت. بەڵگەی پزیشكی لەبەردەستدایە كە زیاد خواردنی فركتۆز یان شیرەی گەنمەشامی Corn syrup یان هەر جۆرێكی تری شەكر بەتایبەتی سوكرۆز، هۆكارە بۆ ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ CHD و نەخۆشی شەكرە. بێگومان بوونی فاكتەری هاندەری تری تووشبوون بەم نەخۆشییانە ئەم ئەگەرە زیاتر دەكەن وەكو: كێشی زیاد و قەڵەوی، جگەرەكێشان، زیاد دانیشتن و كەمیی جوولە و مەشقی وەرزشی، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل لە خوێندا.