قژهەڵوەرینی پاش منداڵبوون كاتییە

قژهەڵوەرینی پاش منداڵبوون كاتییە
هەموو ئەو ئافرەتانەی كە بۆ یەكەم جار دەبنە خاوەن منداڵ دوچاری هەڵوەرین یان تەنكبوونی قژ دەبن، بەڵام پێویستە درك بەمە بكەن كە مەسەلەكە كاتییە و هەرگیز پێویست بە نیگەرانی ناكات. زیاد هەڵوەرینی قژ پاش تەواوبوونی دووگیانی حاڵەتێكی زۆر باوە لە زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتاندا، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen. بەگشتی ئەم تەنكبوونەی قژ 3-4 مانگ پاش منداڵبوون ئینجا دەستپێدەكات و پاش چەند هەفتەیەك دەگاتە لووتكە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە كە حاڵەتەكە پێویست بە هیچ جۆرە چارەسەرێك ناكات و بەگشتی كە تەمەنی منداڵ دەبێتە ساڵێك ئەوا قژ بۆ حاڵەتی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە و پڕدەبێتەوە. رێنماییەكان بۆ چارەسەركردنی تەنكبوونی قژ بەتایبەتی بۆ ئەو ئافرەتانەی كە لە رادەبەدەر بە حاڵەتەكەوە نیگەران دەبن ئەمانەن: شووشتنی قژ بە شامپۆی چڕ، دووركەوتنەوە لە كۆندیشنەری قژ، دووركەوتنەوە لە زیاد ستایلكردنی قژ، هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی هەموو ماددەیەكی كیمیایی تایبەت بە قژ و پێستی سەر كە لەوانەیە رێژەی قژهەڵوەرینەكە زیاتر بكەن. ئەگەر پاش ساڵێك لە منداڵبوون قژ وەكو پێشان نەگەڕایەوە، ئەوا پێویست بە سەردانی دكتۆری پێست دەكات، چونكە لەوانەیە كە هۆكاری تری لەپاڵەوە بێت و پێویست بە چارەسەری تایبەت بكات.
Top