بەگشتی كەسێتی مرۆڤ لە تەمەنی 18 ساڵیدا دەچەسپێت. تێكچوونی كەسێتیdisorder Personality یان ناتەواوی لە كەسێتیدا وەكو نەخۆشییە دەروونیەكانی تر نییە چونكە ڕەفتاری سەیر و سەمەرە لە تووشبوودا بەدی دەكرێت، بۆ نموونە نیشانەی وەكو پەستی، بێزاری، تێكچوونی خەو، گۆشەگیری، هەلوەسە، هەروەها دڵتوندی لە نەخۆشانی تووشبوو بە تێكچوونی كەسێتیدا بەدی ناكرێت. تێكچوونی كەسێتی لە مرۆڤی هاوسەنگ و خاوەن پلە و پایەی بەرزی كۆمەڵایەتیدا زیاتر بەدی دەكرێت كە ڕێژەی زیرەكییان بەرزە، بۆنموونە مایكل ئەنجڵۆ، ئەفلاتون، لیۆناردۆ دافنشی و زۆرانی تریش ئەم گرفتەیان هەبووە. تێكچوونی كەسێتی واتە بوونی بۆشاییەك لە كەسێتیدا كە بە ڕەفتارێك یان حاڵەتێك پڕ دەبێتەوە بۆنموونە لادانی سێكسی، ڕاهاتن لەسەر دەرمان یان ئەلكهول و ماددە سڕكەرەكان، ڕەفتاری دژە كۆمەڵ Antisocial كە هیچیان لەگەڵ داب و نەریتی كۆمەڵدا ناگونجێن. تا ئێسا هۆكاری ڕاستەقینەی تێكچوونی كەسێتی بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام لەوانەیە كە كڕمۆسۆمی xyyو هۆكاری زگماكی تا ڕادەیەك ڕۆڵیان هەبێت لە تووشبوون بەم نەخۆشییە، هەروەها ترس و پەستی و دەوروپشت و خێزان تا ڕادەیەكی كەمتر رۆڵیان هەیە. تێكچوون لە كەسێتیدا زۆر جۆری هەیە، ساكیۆپاتی Psychopathy كە دەكرێ پێی بووترێت (عەقڵی نەخۆش) یان بێ هەست. گوێ نەدان بە ئامۆژگاری و ڕەخنەی خەڵك و كۆمەڵ، وەرنەگرتنی وانە پاش چەندین جار سزادان ئەگەر تاوانێك یان هەڵەیەكی گەورە ئەنجام بدات، نەبوونی شەرم، لاوازی و لاری ڕەوشت و ڕەفتار، ڕاهاتن لەسەر دەرمان و ئەلكهول و ماددە سڕكەرەكان، ڕەفتاری سەیر كە بێ مانان، لاوازی كەسێتی لەناو خەڵكدا، ئەنجامدانی تاوان، خۆبەگەورەزانین، خۆپەرستی یان ئەنانیەت، ڕەفتاری دژەكۆمەڵ، بێ قەول و بێ پەیمانی، شكستهێنان لە پەیوەندییەكانی خۆشەویستی و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێكاندا، جێگیر نەبوونی هەست و سۆز. ئەم كەسانە بەگشتی باوەڕ بە كەس ناكەن و كەسیش باوەڕیان پێناكات، لەگەڵ نەبوونی قەناعەت بە هیچ شێوەیەك بە كەم و زۆر. زۆر جاریش بەم نەخۆشانە دەڵین دژەكۆمەڵ. چارەسەركردنی ساكیۆپات زۆر گرانە و زۆر جاریش مەحاڵە، ئەم نەخۆشانە جگە لە بارگرانی و شێواندنی كۆمەڵ هیچ سوودێكی تریان نییە. چارەسەركردن بریتییە لە چارەسەری دەروونی Psychotherapy و چارەسەری ڕەوشت Behavior therapy كە كاتێكی زۆری دەوێت و پزیشكی پسپۆری دەروونیش پێیانەوە هیلاك دەبێت و لە كۆتایشدا هەر چاك نابنەوە، واتە بەگشتی چارەسەركردنیان بێ هوودەیە.