توێكڵی میوە سوودبەخشە

توێكڵی میوە سوودبەخشە
گەلێك كەس میوە تەنیا بە سپیكراوی دەخۆن لەو كاتەی كە لە گەلێك لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە توێكڵی میوە و سەوزەكان چەندین ئاوێتەی كیمایی سوودبەخش لەخۆدەگرن كە بە ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants ناسراون كە گرنگی زۆریان هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی لە چەندین حاڵەت و نەخۆشی بەتایبەتی شێرپەنجە. توێكڵی میوە مزرەكانی وەكو پرتەقال و لیمۆ و لالەنگی و گرێپ فروت Grape fruit ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ كەم دەكەنەوە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە تا رێژەی 30% كەم دەكەنەوە بەوەی كە ماددە فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids لەخۆدەگرن كە دژەئۆكسانی بەهێزن. توێكڵی كاڵەك رۆڵی هەیە لە كۆنترۆلكردنی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندا، لەگەڵ كەمكردنەوەی هەوكردنی گورچیلەكان و كەمكردنەوەی كۆبوونەوەی شلەی زیاد لە لەشدا لەگەل رێگرتن لەَ قەبزی درێژخایەن چونكە لایكۆپێن Lycopene و بیتاكارۆتین Beta carotene لەخۆدەگرێت. واباشترە كە پەتاتە بە توێكڵەوە بخورێت چونكە توێكڵی پەتاتە چەندین كانزای گرنگ لەخۆدەگرێت بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش. توێكڵی باینجان ئاوێتەكانی ناسیونین Nasunin و ترشی كلۆرۆجێنیك Chlorogenic acid لەخۆدەگرێت كە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە. توێكڵی سێو بەتایبەتی سێوی سوور چەندین ماددەی گرنگی تێدایە كە رێگرن لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەكان لە لەشدا. توێكڵی مۆز جگە لە پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم، ماددەی تریپتۆفان Tryptophan لەخۆدەگرێت كە یارمەتی دروستبوونی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین Serotonin دەدات كە یەكێكە لە پێكهاتە گرنگەكانی مێشك و رۆڵی بەرچاوی هەیە لە هێربوونەوەی دەمارەكان و هەستكردن بە ئارامی و خەوێكی دروست. توێكڵی ترێ رۆڵی هەیە لە كۆنترۆلكردنی شێرپەنجەی پرۆستات.
Top