كام كوتان بۆ گەورەكان پێویستە؟

كام كوتان بۆ گەورەكان پێویستە؟
بەرگری لەش بەرانبەر بە هەندێك نەخۆشی بە تێپەڕبوونی كات كزدەبێت یان نامێنێت. ئەو كەسانەی كە لە تەمەنی منداڵییەوە هەرگیز ماكوتە یان ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، ئەوا لەوانەیە كە دوچاری ئاڵۆزی گەورەبن ئەگەر تووشی هەندێك نەخۆشی بن وەكو ئەنفلوەنزا، كۆكەڕەشە، هەوكردنی شانەی سییەكان. بۆ ئەو كەسانەش كە لە منداڵییەوە هەموو كوتانەكانیان وەرگرتووە، ئەوا پێویستییان بە ژەمی بەهێزكەرەوەی ڤاكسین Booster بۆ هەندێك نەخۆشی دەبێت لە تەمەنی 19-65 ساڵیدا. ڤاكسینی هەوكردنی شانەی سییەكان Pneumococcal vaccine بۆ تەمەنی 65 و بەسەرەوەتر پێویستە، بۆ تەمەنی بچووكتر پێویستە ئەگەر نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت وەكو شەكرە، نەخۆشی دڵ، مۆمبوونی جگەر، نەخۆشی شیبوونەوەی خوێن، هەروەها بۆ جگەرەكێشەكان و تووشبووان بە كزبوونی بەرگری لەش وەكو نەخۆشانی پەككەوتنی گورچیلە، نەخۆشی ئایدز و هەندێك جۆری شێرپەنجە. ڤاكسینی ئەنفلوەنزا Flu shot ساڵانە لە سەرەتای وەرزی پاییزدا پێویستە. ڤاكسینی تێكەڵاو دژی سوورێژە و گوێڕەپە و سوورێژەی ئەلمانی MMR زیاتر بۆ ئافرەت پێویستە بەپێی چەند مەرجێكی دیاریكراو. دەرزی ڤاكسینی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر Hepatitis B كە 3 جار لێدەدرێت، پێویستە پاش تەمەنی 19 ساڵی بۆ هەموو ئەوانەی كە لە تەمەنی منداڵی لەبەر هەر هۆكارێك ئەم ڤاكسینەیان وەرنەگرتووە. ڤاكسینی تێكەڵاوی گزاز و وەناق و كۆكەڕەشە Tdap، لە تەمەنی هەرزەكاری پێویستە، پاشان هەر 10 ساڵ جارێك. ڤاكسینی مێكوتە Chickenpox كە 2 جار لێدەدرێت، گونجاوە بۆ بەهێزكردنی بەرگری بەرانبەر بە ڤایرۆسی مێكوتە. ڤاكسینی هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningococcal Vaccine پێویستە بۆ ئەو كەسانەی كە لە شوێنی قەرەباڵغدا كۆدەبنەوە.
Top