كەڵەشاخ Cupping رێگایەكی زۆر كۆنی پزیشكیی جێگرەوەیە Alternative medicine، وەكو جۆرێك لە مەساجی قووڵی شانەكان وایە، بەكاردێت بۆ كەمكردنەوەی ئازار و هەوكردن لە ماسوولكە و جومگەدا، سووككردنی شەقەسەر، باشتركردنی سووڕی خوێن، سووكردنی پەستی و خەمۆكی. كەڵەشاخ دوو جۆری هەیە، كەڵەشاخی وشك Dry cupping و كەڵەشاخی تەڕ Wet cupping. كەڵەشاخ پێچەوانەی مەساج یان شێلانە، لەكاتی مەساجدا فشار دەخرێتە سەر شانە نەرمەكان و ماوسوڵكە و ئێسكدا بۆ كەمكردنەوەی ئازار، بەڵام لە كەڵەشاخدا شانە نەرمەكان بە كرداری فشاری نێگەتیڤ بۆ سەرەوەی رووی پێست رادەكێشرێن. تا ئێستا میكانیزمی زانستیی كەڵەشاخ روون نییە، سەبارەت بە چۆنیەتی كاركردنی كەڵەشاخ، چەند تیۆرییەك لەبەردەستدان: تیۆری یەكەم، بە هۆی پەستانی نێگەتیڤەوە ماسوولكە و فایبەرە دەمارەكان دەكشێن، بەمەشەوە سووڕی خوێن باشتر دەبێت. تیۆری دووەم، ماددە سروشتییەكانی كۆنترۆڵی ئازار چڕدەكاتەوە. تیۆری سێیەم، كەڵەشاخ لەسەر هەمان خاڵەكانی دەرزی ژەنین Acupuncture و بە هەمان میكانیزم كاردەكات. ئەمەش روونكراوەتەوە كە تا ئێستا هیچ یەكێك لەم بیردۆزانە لە لایەنی زانستییەوە نەسەلمێنراون. زیانە لابەلاكانی كەڵەشاخ بریتین لە: هەستكردن بە ناڕەحەتی یان ئازار لە شوێنی كوپەكانی كەڵەشاخدا، سووتانی پێست، سووربوونەوەی پێست، هەوكردنی پێست. بەكارهێنانی دەستكێش لەگەڵ دڵنیابوون لە پاكوخاوێنی كوپەكانی كەڵەشاخ هەنگاوی پێویستن، هەروەها پاش كەڵەشاخ واباشترە كە مەرهەمی دژەبەكتریا و باندج بەكاربێت بۆ رێگرتن لە هەوكردن.