پێست Skin گەورەترین ئەندامی لەشە، بە هێڵی یەكەمی بەرگری دادەنرێت، رووبەرەكەی لە پێگەیشتوواندا دەگاتە 22 پێ دووجا( 2 مەتر دووجا) و كێشەكەی دەگاتە 3.6 كیلۆگرام. پێست لە نزیكەی 300 ملیۆن خانە پێكهاتووە. ئەستووری پێست بە قەد چەند شیت كاغەزێكە، بەڵام پێستی لەپی دەست و بنی پێیەكان ئەستوورترن، ناسكترین و تەنكترین پێستیش لەسەر لێوەكان و دەوری چاوەكاندایە. بە گشتی پێست لە دوو چین پێكهاتووە، چینی سەرەوە كە بەردەوام لە نوێبوونەوە دایە، چینی ژێرەوەش كە شانە گرنگەكانی پێست لەخۆدەگرێ وەكو دەمار و لوولە خوێنیەكان، گلاندی ئارەقە، گلاندی چەوری، خانەكانی رەنگی پێست. پێست دوو دوژمنی گەورەی هەیە، تیشكی خۆر و ئاوێتەكانی جوانكاری، بۆیە پێویستە كە گرنگی زۆر بە پاراستنی پێست بدرێت، بۆ نموونە خۆپاراستن لە تیشكی خۆر بەتایبەتی لە نێوان كاتژمێر 10 ی بەیانی تا 4 ی پاش نیوەڕۆ، بەكارهێنانی ئاوێتەكانی دژە هەتاو بەرێنمایی دكتۆر، زیاد خواردنی سەوزە و میوە، زیاد خواردنەوەی ئاو، دووركەوتنەوە لە زیاد بەكارهێنانی ئاوێتەكانی جوانكاری پێست.