كیسی زراو Gall bladder ئەندامێكی شێوە هەرمێییە، كەوتۆتە بەشی سەرەوەی لای راستی سك، راستەوخۆ لە ژێرەوەی جگەردا. كیسی زراو شلەی زەرداو Bile خەزن دەكات كە جگەر دروستی دەكات بۆ هەرسكردنی چەوری. كە گەدە خۆراك هەرسدەكات، كیسی زراویش دەكەوێتە كار بە رژاندنی شلەی زەرداو بۆ ناو ریخۆڵە باریكە. بەردی زراو Gall stones باوترین گرفتی كیسی زراوە كە لەوانەیە ئازاری توند پەیدابكات، لەوانەیە كە قەبارەی زۆر بچووك بێت، هەندێك جاریش بگاتە قەبارەی تۆپی گۆلف. گەلێك جاریش كە قەبارەی بچووكە ئەوا نابێتە هۆی سەردانی هیچ نیشانەیەك و نابێتە هۆی گیرانی رێڕەوی شلەی زەرداو. ئافرەت زیاتر لە پیاو دوچاری بەردی زراو دەبێتەوە بەتایبەتی لەبەر كێشی زیاد، دووگیانی، بەكارهێنانی دەنكی رێگری لە دووگیانی كە هۆكاری هاندەرن. ئەگەرچی شێرپەنجەی كیسی زراو دەگمەنە، بەڵام حاڵەتێكی سەختە و مەترسی بۆ ژیان هەیە. ئایا دەتوانیت كە بەبێ كیسی زراو ژیانێكی ئاسایی بەریتە سەر؟ بەڵێ، دەتوانیت كە بەبێ كیسی زراو ئاسایی بژیت لەوكاتەی كە جگەر سەرچاوەی دروستكردنی شلەی زەرداوە نەك كیسی زراو، بۆیە لابردنی كیسی زراو هیچ كاریگەری لەسەر كرداری هەرسكردنی چەوریدا نابێت، لێرەدا شلەی زەرداو لە جگەر راستەوخۆ دەچێتە ناو ریخۆڵە باریكە. نابێ ئەمەش لەیاد بكرێت كە تا ئێستا لابردنی كیسی زراو بە نەشتەرگەری تاكە چارەسەرە بۆ گرفتەكانی كیسی زراو بەتایبەتی بەردی زراو.